زووم، بی بی سی
دوای ئەوەی دەنگۆی بەزاندنی سنورەکانی لەلایەن دوو هێلیکۆپتەرێکی بێلاروسیا بڵاوبووەوە، پۆڵەندا دەستیکرد بە رەوانەکردنی هەزاران سەرباز بۆ سەر سنورەکانی، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لەهەر هێرشێک، کە رەنگە گروپی ڤاگنەری روسی ئەنجامی بدات.
نیگەرانییەکانی پۆڵەندا لەسەرەتای ئەم مانگەوە سەریانهەڵداوە دوای ئەوەی دوو هێلیکۆپتەری جەنگیی بێلاروسیا لە بەرزییەکی کەمدا بە قوڵایی دوو کیلۆمەتر سنوری ناوچەی بایەلۆویزای پۆڵەندای بڕی. ئەمەش رێک لەوکاتەدابووە کە هێزەکانی بێلارووس لە هەمان ناوچەدا خەریکی مەشقی سەربازیی بوون.
لەبەرامبەر ئەوەدا حکومەتی بێلاروس دەنگۆکەی رەتکردەوە تۆمەتەکەی وەک “قسەی ژنانی بەتەمەن” وەسفکرد. لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە وێنەی هێلیکۆپتەرەکانیان بڵاوکردەوە کە لۆگۆ و نیشانەی بێلاروسی پێوەدیاربووە.
ئەم ناکۆکییانە لەکاتێکدایە هەزاران کۆچبەری بێلاروسیا بەشێوەیەکی نایاسایی سنورەکانی بێلاروسیایان بڕیوە. پۆڵەندا دەڵێت، لەساڵی 2021ـەوە بێلاروس خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای هانداوە سەردانی وڵاتەکەی بکەن و لەوێشەوە بەنایاسایی سنورەکانی پۆڵەندا ببڕن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
سەرڕای ئەوەی لە ئێستادا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی سنورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە نایاسایی دەبڕن کەمترە بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، پاسەوانانی سنوری پۆڵەندا دەڵێن لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 19 هەزار کۆچبەر هەوڵی بەزاندنی سنوریان داوە و 16 هەزاریش ساڵی رابردوو هەوڵیانداوە.
ئایا گروپی ڤاگنەری روسی خۆیان ئامادە دەکەن بچنە نێو خاکی پۆڵەندا؟
دوای شکستەکەی گروپی ڤاگنەر کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە روسیا یاخیبوو، ژمارەیەک لە سەربازانی ئەو گرووپە روویانکردە بێلاروس.
ئەوکات ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ وەک گاڵتەیەک لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند سەربازانی ڤاگنەر دەیانەوێت بڕۆن بۆ ئەوروپا و گەشتێک بۆ وارساوی پایتەختی پۆڵەندا بکەن. گوتیشی ئەو رێگرییان لێدەکات و لە سەنتەری بێلارودا دەیانهێڵێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ماتیۆز مۆراویکی رایگەیاند گروپێکی ڤاگنەر بەرەو شاری گرۆدنۆ هاتوون، کە دەکەوێتە سەر سنوری وڵاتەکەی و دۆخەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد.
مۆراویکی هۆشداریشیدا لەوەی سەربازانی ڤاگنەر دەتوانن لەشێوەی کۆچبەردا خۆیان بگەیەننە نێو سنورەکانی وڵاتەکە یان دەتوانن لەسەر سنورەکاندا بـمێننەوە و ئاسانکاریی بۆ کۆچبەرانی نایاسایی بکەن بۆ ئەوەی سنوری وڵاتەکەی ببەزێنن.
لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی بەرگریی بێلاروس رایگەیاند کە سەربازانی ڤاگنەر لە ناوچەیەکی باشوری وڵاتەکە بە دووریی 10 کیلۆمەتر جێگیرکراون کە ئامانجیان راهێنان و مەشقکردنە بە هێزەکانی بێلاروس.
بەهۆی نیگەرانییەکانییەوە وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند، کە 10 هەزار سەرباز دەنێرێتە سەر سنور بۆ پاڵپشتی لە هێزەکانی پاسەوانی سنور، کە چوار هەزاریان راستەوخۆ لە ئەرکدا دەبن و شەش هەزاری دیکەشیان وەک یەدەگ جێگیردەکرێن.
لە هەنگاوی یەکەمیشدا لە مانگی رابردوو پۆڵەندا هەزار سەربازی رەوانەی سنوری بێلاروس کرد بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ڤاگنەر. لەبەرامبەردا هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن پۆڵەندا زیادەڕەوی دەکات لەم بابەتەدا بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و دەیانەوێت وا نیشانی بدەن کە حکومەت زۆر توند و جدییە لەبارەی پرسی ئەمنی وڵاتەکە.