بی بی سی:
بی بی سی بەریتانى لێکۆڵینەوەیەکى لەبارەى چارەسەری رۆحانى بڵاوکردەوە و دەڵێت، زۆرجار چارەسەرکارەکان دەستدرێژى سێکسى دەکەنە سەر ئەو ژنانەى بۆ چارەسەر روویان لێدەکەن.
چارەسەری رۆحانی یان وەک هەندێک دەڵێن “چارەسەر بە قورئان” دیاردەیەکی بەربڵاوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی، لەو کەسانەی بەدوای ئەم چارەسەرانە دەگەڕێن پشکی شێر بەر ژنان دەکەوێت، بەو پێیەی وادەزانن ئەو چارەسەرکارانە کێشەکانیان و نەخۆشیەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن لە رێگەی دەرکردنی رۆحە خراپەکان و جن لە جەستەیان.
زۆر جار دەبیسترێت ئەم چارەسەرکارە رۆحیانە ژنان لە رووی سێکسیەوە هەڵدەخەڵەتێنن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر.
بی بی سی دەڵێت شایەتی 85 ژنمان لە مەغریب و سودان کۆکردووەتەوە کە ئەو دیاردەیە زۆر بەربڵاوە لەو دوو وڵاتە، ژنەکان 65 چارەسەرکاری دەروونیان تۆمەتبارکردووە بە تەحەروش و دەستدرێژی سێکسی.
هەندێک لە چارەسەرکارانی دەروونی شوێنی تایبەتی و تەنهاییان هەیە کە ژنان سەردانیان دەکەن و هەر ئەمەشە ژنان روبەڕووی مەترسی دەستدرێژی دەکاتەوە.
سەوسەن یەکێکە لەو ژنە سودانیانەی کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە، چووەتە لای یەکێک لەو چارەسەرکارانە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات.
ئەو دەڵێت، چارەسەرکارەکە پێی گوتم دەبێت سێکسم لەگەڵ ئەنجام بدەیت و دواتر سپێرمەکە لە خواردنی هاوسەرەکەت بەکاربهێنین، بۆیە منیش یەکسەر بەجێمهێشت و نەگەڕامەوە ئەو شوێنە.
شێخ فاتیمە، ژنێکی سودانیە ناوەندێکی هەیە بۆ چارەسەری رۆحی کە تەنها تایبەتە بە ژنان، دەڵێت ژنان پێمان دەڵێن شێخە پیاوەکان دەستدەدەن لە بەشێک لە جەستەمان وەک بەشێک لە دەرکردنی جن لە جەستەمان.
شێخ فاتیمە دەڵێت، بێ شک و گومان، لەهەر 100 ژنێک کە چوونەتە لای ئەو چارەسەرکارانە 25 دانەیان تەحەروشی پێکراوە.
لە لێکۆڵینەوەکەی بی بی سی، لە کۆی 85 ژن 50 ژنیان گوتویانە لەلایەن چارەسەرکارانی رۆحی روبەڕووی تەحەروشی سێکسی بووینەتەوە.
عەفاف یەکێکی دیکە لەو ژنانەی لەلایەن شێخێکەوە بە ناوی “شێخ ئیبراهیم” لە سودان تەحەروشی پێکراوە.
ئەو دەڵێت، شێخەکە گرتمی و بە زۆر لە خۆمم دورخستەوە و گوتم بەرمنەدەیت هاوار دەکەم و منداڵەکانیشت بانگ دەکەم.
بی بی سی عەرەبی یەکێک لە رۆژنامەنووسە نهێنیەکانی خۆی دەنێرێت بۆ لای شێخ ئیبراهیم و بە نهێنی ڤیدیۆ تۆماردەکات، کاتێک شێخەکە دەست دەبات بۆ جەستەی و ران و سکی رۆژنامەنووسەکە.
بی بی سی دواتر دەچێتە لای شێخ ئیبراهیم بۆ چاوپێکەوتن و روبەرڕوکردنەوەی بە بەڵگەکە، شێخەکە قسەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، خوا راستیەکان دەردەخات، دواتر لەپڕ هەڵدەستێت و کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە دەهێنێت.
د. عەلائەدین ئەبو زەید، راوێژکاری وەزارەتی کاروباری ئاینی لە سودانی دەڵێت، ئەم پیشەیە بووە بە پیشەی بێ کارەکان.
راوێژکارەکە دەڵێت، ئێمە لەگەڵ چارەسەری بە قورئان و هەر خوا خۆی شافیە، بەڵام ئەم کارە بەم جۆرەی ئێستا بێ سەرەو بەرەییە.