زووم
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی عێراق، راگەیەندراوێکى هاوبەشیان لەبارەى کۆبوونەوەیان بڵاوکردەوە و هەردوولا پشتیوانی و پابەندبوونی خۆیان بۆ کاری هەماهەنگی لەبواری ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە.
دوێنێ شاندێکى وەزارەتى بەرگرى عێراق، کە پێشمەرگەش تێیدا بەشدارە بە سەرۆکایەتى سابت عەباسی، وەزیرى بەرگرى عێراق گەیشتە واشنتن و لەگەڵ شاندى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بەسەرۆکایەتى لۆید ئۆستین، وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا لەبارەى کۆبوونەوەکە رایگەیاند، هەردولا پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ئەمنیی عێراق و توانا بەرگرییەکانی عێراق لەنێویاندا پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە. ئامادەیی ئەوەشمان نیشانداوە پەیوەندییە هەماهەنگیی ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەینەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردولا لە رێگەی ئاسایش، سەروەریی و سەقامگیری خاکی عێراقەوە.
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا جەختدەکاتەوە هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراقدا نییە و ئەوەی هەیە کارمەندی سەربازی ئەمریکین، کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ راهێنان، راوێژکردن، هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هێزە عێراقییەکان ماونەتەوە، کە مەبەست لێی پشتیوانی عێراقە لە روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش.
هەروەها شاندەکان لەبارەی پێویستی بەپەلەی ئاوارەکان و دەستبەسەرکراوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) گفتوگۆیانکرد و رایانگەیاند، دەبێت بەپەلە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانیان ببنەوە.