زووم، فراس پرێس
پۆلیسی فەرەنسا بە ئاژانسی فرانس پریێسى راگەیاند، پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە بۆماوی 12 ساڵ هاوسەرەکەى لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەرکردووە.
هەردوو هاوسەرەکە بە بەچەڵەک ئەڵمانین و لە فەرەنسا دەژین، ئەوان تەمەنیان 53 و 55 ساڵە. دوێنێ پیاوەکە بەتۆمەتی رفاندن و تاوانی دیکە دەستگیرکرا.
پۆلیس رایگەیاند، ژنەکە توانیویەتی لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە پۆلیسی ئەڵمانیاوە بکات، پۆلیسی ئەڵمانیاش پۆلیسی فەرەنسای لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە.
ژنەکە بە پۆلیسی فەرەنسای گوتووە، ماوەی 12 ساڵە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەرکراوە و دەستدرێژی کراوەتەسەر و ئەشکەنجە دراوە. پۆلیسیش دەڵێت، هیچ ئاسەوارێکی توندوتیژیمان لە ماڵەکەدا نەدۆزیوەتەوە.
ئەوکاتەی پۆلیس چوونە سەر ماڵەکە ژنەکە لە ژوری نوستندا بووە و کەمێک جلی لەبەردابووە و قژی بەتەواوی تاشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژوورەکە بە تەلی کانزایی داخراوە، ماڵەکەى لە شارۆچکەی فۆرباچ لەسەر سنوری ئەڵمانیایە.
دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە تەندروستی ژنەکە باش نییە و لە هەمان ئەو شوقەیەدا نۆ پشیلە ژیاون و دەرگاکانی ئەو ژورە وەک دەرگای زیندان لە شیش دروستکراون، بۆئەوەی پشیلەکانیش نەتوانن رابکەن.
پیاوەکە لەم دواییانەدا هیچ کارێکی نەبووە، پێشتر لە کەرتی پیشەسازی ئەڵمانیادا کاریکردووە. دراوسێکانی گوتویانە پیاوەکە پێی گوتووین هاوسەرەکەى نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و بەهۆی ئازارەوە دەناڵێنێت و هاوار دەکات. دراوسێیەکیان دەڵێت، ئەو دوو هاوسەرە هەرگیز ماڵەوەیان جێنەهێشتووە و “پیاوەکە زۆر کەسێکی باش و بەڕێز دیاربووە”.
ژنێکی دیکەى دراوسێیان دەڵێت، وای بۆ دەچێت بۆ دوایین جار ئەو ژنەى 10 ساڵ پێش ئێستا بینیبێت و پێی وابووە رەنگە مردبێت.
میدیا فەرەنسییەکان ئاماژەیان بەوەداوە لە ماڵەکەدا پۆلیس دەفتەرێکی یادگاریی دۆزیوەتەوە، کە چەندین کاری ئەو پیاوەی تێدا نوسراوە، یەکێک لەوانە ئەو کاتانەیە کە خواردنی بە هاوسەرەکەى داوە.
هەرچەندە ژنەکە دەڵێت، پیاوەکە بە سندوقێکی کەلوپەلەوە ئەشکەنجەی داوە، داواکاری گشتی دەڵێت هیچ ئاسەوارێکی لێدان و توندو تیژیی لەسەر جەستەی ژنەکە نەدۆزراوەتەوە. لە ئێستادا پیاوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەى پۆلیسدایە.