تۆمارنەکردنی هیچ هاوپەیمانێتییەک، بێئومێدی و نیگەرانی لای ئەندامان و لایەنەگرانی رەوتەکەی دروستکردووە، بە تایبەت کە وادەی تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمسیۆن کۆتایی هاتووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی، شیکەرەوان و چاودێران سێ خوێندنەوەیان هەیە بۆ دابڕانی و بەشدارینەکردنی سەدر لە هەڵبژاردنەکەدا کە بڕیارە 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
دوێنێ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانێتییەکانی راگەیاند و گوتی، 281 حزب و هاوپەیمانێتی تۆمارکراون کە 87 دانەیان تازەن.
خوێندنەوەی یەکەم، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، پێی وایە سەدر بڕیاری کۆتایی داوە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان بە هۆکاری سیاسی و ترسی لە دەستێوەردانی بیانی هەیە لە پشک و دەنگەکاندا، کە مەبەست لێی ئێرانە.
خوێندنەوەی دووەم ئەوەیە سەدر کە هەژموون و لایەنگرێکی زۆری هەیە رێگە نادات حکومەتە خۆجێیەکان بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، جا بە هەر نرخێک بێت.
لە بەرامبەردا، خوێندنەوەی سێیەم بڕوای وایە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نادرێن و دەخرێنە ساڵی داهاتووەوە، بۆیە پێویست بە پەلەکردن ناکات لەبارەى بەشداری یاخود بایکۆتکردنەوە.
ئەم خوێندنەوەیە پشت بە ناکۆکییە ناخۆییەکانی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەبەستێت، چونکە لە ئێستادا بوون بە دوو بەرەوە، هەندێکیان سوورن لەسەر ئەنجامدانی لە کاتی خۆیدا وەک نوری مالیکی کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا دەکات، بەشێکی تر کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی دەکات، پێیان وایە پێوستە بخرێتە ساڵی داهاتووەوە و لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
بەڵام تاوەکو ئێستا سەدر خۆی یاخود کەسانی نزیک لێی هیچ هەڵوێست و روونکردنەوەیەکیان نییە لەبارەى بەشداربوون یاخود نەبوون لە هەڵبژاردنەکان.
هەرچەندە وادەکەی کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا یەک پەنجەرە ماوە بۆئەوەی سەدر خۆی بخزێنێتەوە ناو کێبرکێی هەڵبژاردنەکان، ئەویش لیستی کاندیدەکانە کە هێشتا یەک هەفتە وادە لە بەردەستدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کاندیدەکانی دیاری بکات و لایەنگرانیشی دەنگی پێ بدەن.
چالاکانی سیاسی دڵنیا بوون لەوەی سەدر هیچ هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ هێزەکانی بەرهەڵستکاری چوارچێوەی هەماهەنگی ناکات چونکە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک پەیوەندی پێانەوە نەکردووە لەوبارەیەوە.
جگە لەوەش، هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ سەدرییەکان ئەزمونێکی خۆشی نییە و هەندێک لە لایەنەکان دەستیان لێ شۆردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2021دا، سەدرییەکان و شیوعییەکان یەک هاوپەیمانێتییان پێکهێنا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە سەدر راوێژ بە کەس ناکات لە بڕیارەکانی و گوێ بە رای خەڵکی دیکە نادات، تەنانەت ئەوانەشی کە پشتگیریشی دەکەن.
رۆژی 29ی ئابی ساڵی رابردوو، سەدر و رەوتەکەی کشانەوەی تەواوەتیان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق راگەیاند و پەرلەمانتارەکانیشی بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەوەش رێگەی بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆشکرد کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بکەن.