زووم، ئاژانسەکان
رۆژی دووشەممە حکومەتی بەریتانیا یەکەم وەجبەی کۆچبەرانی رەوانەی کەشتی کرد، بۆ ئەوەی وەک هۆتێل تێیدا نیشتەجێ ببن، ئەمەش یەکەم هەنگاوی ئەو پلانەیە کە وڵاتەکە بۆ کەمکردنەوەی باری سەرشانی حکومەت دەستیپێکردوە، کە بەهۆی زۆری ژمارەی کۆچبەرانی تازەوە خەرجی نیشتەجێکردنیان لە هۆتێلەکاندا زیادیکردبوو.
بەریتانیا بۆ رێگری لە کۆچبەرانی کەناڵی ئینگلیزی هاوسنووری فەرەنسا، پەنای بردووەتە بەر نیشتەجێکردنی کۆچبەران لەناو ئەو کەشتییە کۆنانەی، کە چیتر لەبواری سەربازی وڵاتەکەدا بەکار نایەن و وەکو هۆتێل بۆ کۆچبەران بەکاری دەهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکەی لەنگەر دەگرن.
یەکەم کاروانی کۆچبەران پێکهاتبوو لە 15 کۆچبەر، کە بۆسەر کەشتی سێ نهۆمی بیبی ستۆکهۆڵم لە ناوچەی پۆرتلاند لە باشوری وڵاتەکە رەوانەکران. کەشتییەکە 200 ژوری نوستنی هەیە و توانای لەخۆگرتنی 500 کەسی هەیە.
نیشتەجێکردنی ئەو کۆچبەرانە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەگەنە وڵاتەکە و داوای مافی پەنابەریی دەکەن، بەڵام تاوەکو دۆسیەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە دەبێت لەسەر ئەو کەشتییەدا نیشتەجێ ببن.
ئێستا ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێکارەکانی دژی کۆچبەرانی توندتر کردوەتەوە و وەک کارێکی لەپێشینەیی سەیری بابەتەکە دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنی نیشتیمانی هەنگاو دەنێت و هەوڵەکانی دژی کۆچی نایاسایی زیاتر دەبن.
سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا ماوەی دوو ساڵە هەوڵدەدات ئەو کۆچبەرانە بۆ رواندا رەوانە بکات، تاوەکو ئێستا پلانەکەی سەری نەگرتووە و چەندینجار بەهۆی کێشەی یاسایی و نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤەوە بڕیارەکە تانەی لێدراوە و تاوەکو ئێستا هیچ کۆچبەرێکی بەریتانیا رەوانەی رواندا نەکراوە.