دوای ئەوەی هەریەک لە مارک زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا و ئیلۆن مەسکی خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تویتەر ئامادەیی خۆیان بۆ زۆرانبازیی و روبەڕوبوونەی یەکتریی نیشاندا، مەسک لە تویتێکدا رایگەیاند، شەڕەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەشێوەی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە. ئێکس ناوە تازەکەى تویتەرە.
لە دوو تویتدا مەسک رایگەیاند، خەریکی بەرزکردنەوەی قورساییە بۆ ئەوەی خۆی بۆ شەڕە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ زوکەربێرگدا ئامادە بکات، کە چاوەڕان دەکرێت لەنێو قەفەسی داخراودا روبەڕووی یەکتری ببنەوە.
ئەو دەڵێت، سەرجەم ئەو پارەیەی لە شەڕەکەدا دەستیان دەکەوێت وەک پرۆژەیەکی خێرخوازیی بۆ سەربازە دێرینەکانی ئەمریکا خەرج دەکرێت.
مانگی حوزەیران هەدروو ملیاردێرە ئەمریکییەکە رەزامەندییان نیشاندا لە قەفەسێکی داخراودا روبەڕووی یەکتری ببنەوە. بابەتەکە ئەوکاتە جددیتر دەرکەوت کە مارک زوکەربێرگ، سەرەڕای خاوەندارێتی فەیسبوک، ئینستاگرام و واتسئاپ، بەرنامەی سرێدسی راگەیاند، کە هاوشێوەی تویتەرە و لە سەرەتادا وا باس دەکرا کە بۆ لێدان و نەهێشتنی تویتەر دروستکراوە.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا کات و چۆنییەتی شەڕەکە رانەگەیەندراوە، مارک لە دوای تویتەکەی مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سرێدس رایگەیاند، “ناکرێت پلاتفۆرمێکی دیکە بەکاربهێنین بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ کاری خێرخوازیی؟”
گوتیشی، “ئەمڕۆ ئامادەم بۆ شەڕەکە”. پێشتر ئەوکاتەی مەسک تەحەدای کردبوو، پێشنیازی 26ی ئەم مانگەی کرد، بەڵام مەسک هێشتا وەڵامى نەداوەتەوە، لەبارەى دیاریکردنى رۆژەکە.
لەوکاتەوەی مەسک تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کڕیوە، بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی و گۆرانکاریی لە رێنماییەکاندا و پەیدابوونی هەندێک گێچەڵ و قسەی زبر چەندین بەکارهێنەر لە تۆڕەکە دورکەوتنەوە.
ئەوکاتەی تۆڕی کۆمەڵایەتی رکابەری تویتەر راگەیەندرا هەندێک کەس پێایان وابوو، تۆڕەکە رکابەریی سەرەکی تویتەرە، چونکە هەر لە سەرەتای راگەیاندنەکەیدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. هەربۆیە پارێزەرێکی تویتەر هەڕەشەی ئەوەی کرد، سکاڵا لەسەر سرێدس تۆمار دەکەن.