وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێی وایە لەئێستادا سوپای پاسدارانی ئێران “گەورەترین هەڕەشەیە” بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە دوای ئەوەی چەند بەڵگە و زانیارییەکیان لەبارەى چەند پلانێک بۆسەر کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە بەریتانیا دەستکەوتووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەندەی تایمز.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار ئاشکرایکردووە، سوێلا برەیڤمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ترسی تەواوی لە سوپای پاسداران هەیە دوای بەدەستهێنانی چەند زانیارییەکی هەواڵگری بەوەی سیخوڕە ئێرانییەکان ئەندامانی گروپە تاوانکارییەکان بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنەسەر کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزیری ناوخۆ بە رۆژنامەکەی گوتووە، “هەڕەشەی ئێران زۆر نیگەرانمان دەکات، چونکە هەڕەشەکانیان توندوتیژتر و دوژمنکارانەتر بووە، ئەوان هەوڵی لەناوبردنی هەرکەسێک دەدەن کە دژی ڕژێمەکەیان بێت و دەیانەوێت لەناوی ببەن.”
مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بەریتانیا ئێرانی تۆمەتبارکرد بە هەڕەشەکردنی لە دوو رۆژنامەنوسی ئێرانی دانیشتووی بەریتانیا، بە تایبەت لە سەروبەندی کپکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، هەر دوای ئەوەش، جەیمس کلیڤرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەریتانیا بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتی بەریتانیای پێگەیاند.
پێشتریش، کین ماکالوم، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا گوتی، دەزگای هەواڵگریی ئێران زیاتر لە 10 جار هەوڵی رفاندن و تەنانەت کوشتنی چەند هاوڵاتییەکی بەریتانی داوە کە ئێرانی بە هەڕەشە بۆسەر ڕژێمەکەی دەزانێت، بەپێی داتای پۆلیسیش کە رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، حاڵەتەکانیش لە بەرزبوونەوەدان و گەیشتوونەتە 15 حاڵەت.
دوای ئاشکراکردنی پیلانەکانی سوپای پاسداران، مشتومڕ و گفتوگۆیەکی ناوخۆیی گەرم لە بەریتانیا دروست بووە لەبارەى دانانی سوپای پاسداران لەناو لیستی تیرۆردا، چونکە سەرباری ئەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا سوپای پاسدارانیان خستووتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام هەندێک وڵات لە ترسی پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران، ئەو هەنگاوەیان نەناوە.
شوباتی رابردوو، سەندەی تایمز ئاشکرایکرد کە حکومەتی بەریتانیا بە شێوەیەکی کاتی پڕۆژەیاسای بەتیرۆرناساندنی سوپای پاسدارانی راگرتووە دوای ئەوەی وەزیری دەرەوە دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەیاساکە راگەیاندووە.