ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لەگەڵ لایەنەکان، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، حزبەکەی نیگەرانە لەوەی لایەنە شیعییەکان پاشگەزبوونەتەوە لە بەڵێنەکانیان.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە زوومى رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندەکە بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری دەستەی کارگێڕیی پارتی دەگاتە بەغداد و سبەینێ یەکشەممە دەست بە کۆبوونەوەکان دەکرێت، بە تایبەت لایەنە شیعییەکانی نێو هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتەکەی سودانین.
شێروان دووبەردانی گوتیشی، هەموو ئەو بەڵێنانەی درابوون بە پارتی لەبارەى مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی هێشتا جێبەجێنەکراون، شاندەکە جارێکی دیکە جەختدەکاتەوە کە پێویستە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێن.
ئەو گوتیشی، وادەی جێبەجێکردنی خاڵ و بەڵێنی نێو رێککەوتنەکان زۆری بەسەرداچووە و جەختدەکاتەوە کە “موئامەرەیەک هەیە بۆ شکاندنی هەرێمی کوردستان و کردنی بە پارێزگایەکی عێراقی و بە بەهێزی نەمێنێتەوە.”
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان، بەپێی قسەی شێروان دووبەردانی، گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی یاسای نەوت و غازی فیداڵی کە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم سەریهەڵداوەتەوە.