زووم، بی بی سی
ئەفرا یەکەم هەناسەى ژیانى لەنێو تەپوتۆزى خانووە روخاوەکەیاندا بوو، کاتێک لەدایکبوو، دایک و باوکى و خوشک و براکانى و زیاتر لە 50 هەزار کەسی دیکە لەژێر داروپەردوى بومەلەرزەکانى 6ـى شوباتدا بۆ هەتاهەتایە چاویان لێکنا.
ئەفراى بچوک لە شارۆچکەی جندرێسى سەر بە ئیدلیب لەدایکبوو. لە کاتی رزگارکردنیدا هێشتا ناوکی وابەستەبوو بە تەرمی ئەفرای دایکییەوە.
دواى لەدایکبوونى 10 کاتژمێر لەژێر داروپەردوی ماڵە روخاوەکەیاندا مابووەوە، رزگاربوونیشی بە موعجیزە وەسف دەکرێت. ئێستا بە تەندروستییەکى باشەوە لە تەمەنى شەش مانگیدایە.
چیرۆکەکەى هێندە کارەساتبار بوو، هەزاران کەس لە جیهاندا داوای بەخێوکردنیان دەکرد، سەرئەنجام دواى دوو هەفتە لە بومەلەرزەکە ئالاى پورى و خەلیل سەوادى هاوسەری لە ئیدلیب لە ئامێزیان گرت.
خەلیل سەوادی دەڵێت، ئەفرا منداڵێکى زۆر بێدەنگە و تەندروستى زۆرباشە، کاتێک پێدەکەنێت چیرۆکى دایک و باوکى و خوشک و براکانیمان بیردەکەوێتەوە.
ئالا و هاوسەرەکەى یەکەم شت، کە لەدواى وەرگرتنى ئەفرا کردیان گۆڕینى ناوی بوو، چونکە پێشتر ناوى ئایە بوو، بەڵام ئالا بڕیاریدا ناوى بنێت ئەفرا بەناوى دایکییەوە.
خەلیل سەوادی دەڵێت، ئەفرا هاوشێوەى منداڵەکانى دیکەمە، ناتوانم بۆ ماوەیەک لێی دوربم.
ئەو باڵەخانەیەی خانەوادەکەى ئەفرای تێدابوو، یەکێک بووە لەو 50 باڵەخانەیەی لە جندرێس بەهۆی بومەلەرزەکەوە داڕمان.
تەرمى دایک و باوک و خوشک و براکانى ئەفرا لە گۆڕاستانێکى جندرێسدایە، کە ئەوانەى تێدا بەخاکسپێردراون، کە لە بومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستدا.
خەلیل سەوادی دەڵێت، کاتێک ئەفرا گەورە دەبێت، چی روویداوە بۆی دەگێڕمەوە.
خانەوادە تازەکەى ئەفرا لە دواى بومەلەرزەکە، دوو مانگ لەنێو کەمپدا ژیان، ئێستاش لەنێو خانوویەکى کرێدان، کە کرێکەى بۆ خەلیل سەوادى زۆرە.
خەلیل و خێزانەکەى پێشنیازیان بۆ کراوە بچنە ئیمارات یان بەریتانیا، بەڵام ئامادەنییە کۆچ بکات، دەڵێت، ترسم هەیە لەوێ ئەفرامان لێوەربگیرێت.