رۆژنامەی سەباحی فەرمی لە زاری شارەزایان و چاودێرانەوە دەڵێت، چەکوشەکانی دادگای فیدڕاڵی خەوبینانی بەئاگاهێنایەوە و ئێستا ئیتر حکومەتی هەرێم هەست بە قەبارەی ئیرادەی خۆی دەکات لەبەرامبەر ئیرادەی حکومەتی فیدڕاڵیدا.
سەباح لە راپۆرتی لاپەڕەی سەرەتای ژمارەی ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئابی 2023 نوسیویەتی، شارەزایانی یاسایی و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە بڕیارەکەی 15ی شوباتی ساڵی 2022ی دادگای فیدڕاڵ لەبارەى نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم توانی نەخشەرێگایەک بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم بدۆزێتەوە لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی سامانە سروشتییەکاندا، دەشڵێت، ئەو بڕیارە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی دەرکردنی یاسای گشتیی نەوت و غازی فیدڕاڵی کە 16 ساڵە دواخراوە بەهۆی نەبوونی رێککەوتن و هەماهەنگی لەسەر بڕگەکانی.
محەمەد مەجید ساعیدی، شارەزای یاسایی بە رۆژنامەکەی گوتووە، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەى نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی بەهۆی دژیەکی لەگەڵ شەش ماددەی دەستوری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد تەواوی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوت و ناچار بوو تەواوی دەسەڵاتە دەستورییەکانی لەبارەى دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردن نەوت رادەستی بەغداد بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە “بڕیارەکە روونە بەوەی وەزارەتی نەوت مافی تەواوی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گرێبەستە نەوتییەکان کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان، بە وڵات و کۆمپانیاکانیشەوە، ئەنجامیداون لەبارەى دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت، هەروەها پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێری فیدراڵی پێداچوونەوە بکات بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی وردبینی و دیاریکردنی مافە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێم.
جەختیکردەوە کە “دەرفەتی راستەقینە هەیە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن لە نێوان ناوەند و هەرێم، بەتایبەتی کە ئەم خولەی پەرلەمان خاڵییە لە موزایەدەی گەورە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی لە بەرامبەر دەنگدان لەسەر یاسا گرنگە نیشتمانییەکان، وەک لە دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەماندا بینراوە”.
ساعیدی گوتشی کە “ئێستا حکومەتی هەرێم هەست بە قەبارەی راستەقینەی ئیرادەی خۆی دەکات لە بەرامبەر ئیرادەی حکومەتی فیدراڵی و دەڵێت، ناکۆکی هەرێم لەگەڵ حکومەتە ناوەندییە یەک لە دوای یەکەکان ناکۆکییەکە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم و نەتەوەیی، بۆیە شکستی پڕۆژەی سیاسی نیشتمانی بووەتە هۆی شکستی ئیدارەی حکومەتی هەرێم لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، جەختدەکاتەوە کە پێی کە ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەیە حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆتایی بەم مەلەفە بهێنێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە “شانازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەکوشەکەی دادگای فیدڕاڵی کە خەونبینانی بەئاگا هێنایەوە و وای لێکردن ملکەچی ئیرادەی عەقڵ و لۆژیک بن”.
هاوکات عەلی مەهدی ئەعرەجی، سەرۆکی ناوەندی “رۆژهەڵات” بۆ توێژینەوە و زانیاری بە رۆژنامەکەی گوتووە کە “حکومەتی فیدراڵی هەوڵ دەدات چارەسەرێکی بنجبڕ و واقیعی بدۆزێتەوە بە شێوەیەک خزمەت بە هەموو لایەنەکان لە هەرێم و بەغدادش بکات کە لە ساڵی 2005ـەوە تائێستا نەیانتوانیوە رێکبکەون لەسەری.
بەڵام عەلی مەهدی ئەعرەجی رەشبینە لەبارەى دەرکردنی یاسایەکی نەوت و غازی گشتگیر کە خزمەتی واقیع و شەقامی عێراقی بکات و دەڵێت، “لایەنگری تاریکی و رەشبینی نیم، بەڵام بەپێی ئاماژەکان، ئەم قۆناغەش وەک ئەوانی تر دەبێت و سەرکردەکان دەست بە لێدوانی جۆراوجۆر دەکەن و هەرکەسێک دەیەوێت زۆرترین بەرژەوەندی خۆی بەدەستبهێنێت.”
باسی لەوەشکرد کە “حکومەتی فیدڕاڵی دەتوانێت جەخت لەسەر دەقی یاسایی باش و چاک بکاتەوە کە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بهێنێت ئەگەر ئەوەش جێبەجێ بکرێت کە لەسەر کاغەزەکان دەنوسرێتەوە.