زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ سعودیە میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە راوێژکارانی ئەنجومەنی ئاسایش و نوێنەرە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتانی جیهان دەکات بۆ بەڕێوەچوونى لوتکەیەک لە شاری جەددە. لوتکەکە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ قەیرانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاژانسی رۆژنامەوانی سعودیە، بانگهێشتنامە بۆ 30 وڵاتی جیاواز لەسەرانسەری جیهاندا نێردراوە، بەڵام بەگوێرەی دیبلۆماتکارانی نزیکی ئامادەکاریی لوتکەکە، روسیا بانگهێشتی رێککەوتننامەکە نەکراوە.
لەبارەی لوتکەکەوە، ماڵپەڕی عەرەب نیوزی سعودی رایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بەردەوامیدانە بە هەوڵەکانی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە و گفتوگۆکانی لەگەڵ روسیا و ئۆکرایندا کە هەر لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی جەنگەکە بەردەوامبووە. هەوڵەکانیش بۆ ئەوە بوون کە ئاشتی هەمیشەیی بەرقەرار بێت و کاریگەرییەکانی جەنگ و دەرهاویشتەکانی کەمبکرێتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لەبارەی لوتکەکەوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، “زۆر خۆشحاڵم کە سعودیە ئەم سەکۆیەی بۆ گفتوگۆکردن رێکخستووە. زۆر گرنگە جیهان ببینێت کە کۆتاییهێنانێکی دادپەروەر و راستەقینە بە دەستدرێژییەکانی روسیا سود بە هەموو کەسێکی جیهان دەگەیەنێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەهێشتنی هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە روسیا بۆ سەر ئاسایشی ئۆکراین و جیهان دروستیکردووە، واتە گەڕانەوەی ئاشتی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری بۆ ژیانی جیهانیی.
بەڕێوەچوونی ئەم لوتکەیە لەکاتێکدایە کە لە مانگی حوزەیراند لوتکەیەکی هاوشێوە لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بەڕێوەچوو بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەرهەمداری نەبوو.
لە مانگی ئایاردا سعودیە بە فەرمی بانگهێشتی زێلێنسکی کرد بۆ سعودیە کە لەوێدا هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە لە ئاست مەترسیی و داگیرکارییەکانی روسیادا چاویان داخستووە.
لوتکەی ئەمجارە گفتوگۆکردنە بە بەشداری وڵاتانی ئەندام لە بلۆکی بریکس، کە هەریەک لە وڵاتانی بەرازیل، هیندستان، چین و ئەفریقای باشور تیایدا هاوشانی روسیا ئەندامن و رۆڵی بێلایەنیان گێراوە لە ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بووە کە هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە لەدژی روسیا، پشتیوانی ماددی و سەربازی ئۆکراینیان کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کوشتنی جەمال خشقچی، رۆژنامەنوسی واشنتن پۆست، لەلایەن چەند بریکارێکی سعودیەوە لە تورکیا کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و پێگەی سعودیەی لەسەر ئاستی جیهاندا لاوازکرد، بەڵام قەیرانی وزە کە بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە سەریهەڵدا، تا ڕاددەیەک گرنگی سعودیەی لەسەر ئاستی جیهاندا زیاتر دەرخست بەوپێەی سعودیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سوککردنی قەیرانە جیهانییەکەی سوتەمەنی هەبوو.
هەرچی چینیشە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بێلایەنی خۆی لە شەڕەکەی نێوان سعودیە و ئۆکراین راگەیاندووە، چەندین جار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی لێگیراوە بەوەی کە ناتوانێت ئیدانەی لەشکرکێشییەکانی روسیا بکات. هەربۆیە چین دوێنی رایگەیاند کە لە لوتکەکەی ئەمڕۆدا بەشداریی دەکات.
ئەگەرچی سعودیە پێشتر پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربڕیبوو لەبارەی ئیدانەکردنی داگیرکارییەکانی روسیا، بەڵام ساڵی رابردوو واشنتن رەخنەی لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت گرت لەلایەن سعودیەوە بەبیانوی ئەوەی هەنگاوەکەی سعودیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی روسیا دەکات لە سەروبەندی قەیرانی سوتەمنیدا.