زووم، ئاژانسەکان:
وەزارەتى دادى دانیمارک رایگەیاند، پۆلیس چاودێریی سنوورەکانى وڵاتەکەى توندتر کردووە ئەوەش پاش رووداوەکانى سوتاندنى قورئان کە “کاریگەریی کردووەتە سەر بارودۆخى ئەمنى وڵاتەکە”.
ئەم بڕیارەى دانیمارک پاشئەوە دێت کە سویدیش بڕیارێکى هاوشێوەى داوە کە لەوێش لە ماوەى رابردوودا سوتاندن و پیسکردنى قورئان روویدا.
لە ماوەى چەند مانگى رابردوودا کاربەدەستانى هەردوو وڵات مۆڵەتیان بە هەندێک کەس دا کە چەند کۆپییەکى قورئان بسووتێنن و بدڕێنن، ئەمەش توڕەیی لە سەرانسەرى جیهانى ئیسلامی بەدواى خۆیداهێنا.
وەزارەتى دادى دانیمارک لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت “ئەمڕۆ پێنجشەممە دەسەڵاتەکان بەو ئەنجامە گەیشتن کە پێویستە لە ئێستادا چاودێریی زیاترى ئەو کەسانە بکرێت کە دێنە نێو دانیمارکەوە، وەکو بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ هەر هەڕەشەیەکى دیاریکراو لەم کاتەدا”.
دەشڵێت، توندکردنى رێوشوێنە سنوورییەکان تاوەکو 10ـى ئاب بەردەوام دەبێت.
پیتر هوملگارد وەزیرى داد لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت “سوتاندنى قورئان لەم ماوانەى رابردوودا کاریگەریی کردووەتەوە سەر بارودۆخى ئەمنى، هەر وەکو پۆلیس دەڵێت”.
بڕیارى توندکردنى چاودێریی سنوورەکان و پشکنینى ئەو گەشتیارانەى کە دەگەنە دانیمارک، دوابەدوای هەنگاوێکی هاوشێوەی سوید دێت.
هەردوو حکومەت رووداوەکانى سوتاندنى قورئانیان سەرکۆنەکرد و رایانگەیاند، تاوتوێى دەرچوواندنى یاساى تازە دەکەن کە رێگریی لە دووبارەبوونەوەى ئەم رووداوانە بکات، بەڵام رەخنەگرانى ناوخۆیی دەڵێن، ئەم بڕیارانە زیان بە ئازادى رادەربڕین دەگەیەنن کە دەستوورى هەردوو وڵات دەستەبەریان کردووە.