كۆمكاری عه‌ره‌بی به یه‌كێك له دیارترین رێكخراوه هه‌رێمیه‌كان داده‌نرێت، كه له‌ساڵی 1945 به‌چه‌ند مانگێك پێش دامه‌زراندنی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دامه‌زراوه.
ئامانج له دامه‌زراندنی ئه‌م رێكخراوه یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی بووه بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی دۆخه نه‌خوازراوه‌كان، هه‌روه‌ها دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو بۆ وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی داگیركه‌ری رۆژئاوا له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا.
له‌ماوه‌ی 77 ساڵی رابردوودا كۆمكاری عه‌ره‌بی، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی توندی جه‌ماوه‌ری، رۆشنبیران و شه‌قامی عه‌ره‌بی بووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و لوتكانهی كۆمكاری عه‌ره‌بی، کە ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئەوتۆى نه‌بووه له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگا و تاك، به‌رده‌وام كێشه و قه‌یرانه‌كان زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بن، به‌تایبه‌تی له‌په‌یوه‌ست به دۆزی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان، كه كۆمكاری عه‌ره‌بی به دایكی دۆزه‌كان ناساندوویه‌تی.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه كۆمكاری عه‌ره‌بی، تاوەکو ئێستا 30 لوتكه‌ی ئاسایی ئه‌نجامدراوه هه‌روه‌ك 11 لوتكه‌ی نائاسایی، سێ لوتكه‌ی به‌په‌له و سێ لوتكه‌ی ئابوریش له چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا به‌ڕێوه‌چووه.
له‌پاش هه‌ر لوتكهیهک چه‌ندین بڕیار و راسپارده ده‌رده‌كات، بەڵام کەمنین ئەوانەى لەوبڕوایەدان بڕیار و راسپارده‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نیه، ته‌نها دەبنە هەواڵێکى میدیاکان.
رۆژى سێشه‌ممه، 1/11/2022 واتە سبەى، 31 هەمین لوتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی له جه‌زائیر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
بەگوێرەى كارنامه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بڕیاره له لوتكه‌ی جه‌زائیر چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ و سه‌ره‌كی گفتوگۆی چڕوپڕی له‌باره‌وه بكرێت، له‌وانه په‌یوه‌ندی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌توركیا و ئێران، هه‌روه‌ك دۆسێیی لیبیا یه‌كێكی دیکە ده‌بێت له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كی و گه‌رمه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی، بۆ چارسه‌ركردنی دۆخی قه‌یراناوی لیبیا، كه له ساڵی 2011ه‌وه روبه‌ڕوی ئاڵنگاری گه‌وره و شه‌ڕی ناوخۆیی بووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها قه‌یرانی به‌نداوی نه‌هزه “سد النهضة” ده‌بێته ته‌وه‌رێكی دیکەى بابه‌ته گرنگه‌كان.
هه‌روه‌ك دۆزی فه‌ڵه‌ستین یه‌كێكی تره له‌ته‌وه‌ره سه‌ره‌كی و پڕبایهخهكان له لوتكه‌ی عه‌ره‌بیدا، له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانى گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
هه‌روه‌ها پرسی یه‌كێتی گومركانی عه‌ره‌بی و پرسی چاكسازییه‌كانی نێو كۆمكاری عه‌ره‌بی ته‌وه‌رێكی دیکەى كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی ده‌بێت.
وێستگه گرنگه‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی
ساڵی 1946 دا یه‌كه‌م لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له كۆشكی ئه‌نشاس له ئه‌سكه‌نده‌رییه له‌سه‌ر داوای شا فاروقی میسر به‌ڕێوه‌چوو، كه راسپارده‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و لوتكه‌یه داوای ڕاگرتنی كۆچی به‌لێشاوی جوله‌كه‌ی ده‌كرد به‌ره‌و فه‌ڵه‌ستین.
ساڵی 1956 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له به‌یروت له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی لوبنان به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا پشتیوانی له گه‌لی جه‌زائیر بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی له داگیركاری فه‌ڕه‌نسا كرا.
ساڵی 1964 له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی میسر جه‌مال عه‌بدولناسر، كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له باره‌گای سه‌ره‌كی كۆمكاری عه‌ره‌بی له قاهیره به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش به یه‌كه‌م لوتكه‌ی كاریگه‌ر و پراكتیكی كۆمكاری عه‌ره‌بی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، راسپارده‌ی لوتكهكهش داوای پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی یه‌كگرتووی كرد له‌نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ راگرتنی جموجوڵه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا.
ساڵی 1967 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له خه‌رتوم به‌سترا، ئه‌وه‌ش دوای شكستی 67 ی میسر له‌به‌رامبه‌ر هێرش و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئیسرائیل، له‌و لوتكه‌یه‌دا وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌موو جۆره دانپێدانان و رێكه‌وتن و دانوستانێكیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تكرده‌وه، هه‌روه‌ك راسپارده‌ی لوتكه‌ی خه‌رتوم داوای به‌رده‌وامی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كرد.
ساڵی 1973 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی به به‌شداری 16 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له جه‌زائیر به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا چه‌ند مه‌رجێك بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان و رێكه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل تاوتوێكرا گرنگترینیان كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئیسرائیل و داننان بوو به مافه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین.
ساڵی 1978 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له‌شاری به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش دوای رێكه‌وتنامه‌ی كامپدهیڤید له‌نێوان میسر و ئیسرائیل، لوتكه‌ی به‌غداد ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی ره‌تكرده‌وه و داوای كشانه‌وه‌ی میسریشی كرد له‌و رێكه‌وتنه‌و هه‌روه‌ك له راسپارده‌ی لوتكه‌ی به‌غداد بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتی میسر درا له‌كۆمكاری عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باره‌گای كۆمكاری عه‌ره‌بی درا له قاهیره.
ساڵی 1979 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له تونس به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا وڵاتانی به‌شدار جارێكی دیکە په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان میسر و ئیسرائیل و رێكه‌وتنی كامپ ده‌یڤیدیان ره‌تكرده‌وه.
ساڵی 1980 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له ئوردن به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ندامانی كۆمكاری عه‌ره‌بی پێداگریان له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی كامپ ده‌یڤید كرده‌وه.
ساڵی 1985 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له دارولبه‌یزای مه‌غریب به‌ڕێوه‌چوو، راسپارده‌ی لوتكه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر چارسه‌ری ناكۆكی و كێشه ناوخۆییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ده‌كرده‌وه.
ساڵی 1990 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ك له‌و ساڵه‌دا كۆنگره‌یه‌كی نائاسایی له قاهیره به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه سه‌ر رژێمی عێراقی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌كوێت به‌ڕێوه‌چوو.
ساڵی 1991 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له قاهیره به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا قه‌یرانی نێوان عێراق و كوێت خرایه به‌رنامه‌ی كاری كۆمكاری عه‌ره‌بی و زنجیره‌یه‌ك بڕیاریش له دژی رژێمی عێراقی بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی كوێت په‌سه‌ندكرا.
ساڵی 1996 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له قاهیره به‌ستراو له‌به‌یاننامه‌ی كۆتاییدا وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای چه‌سپاندنی ئاشتی ته‌واویان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرد به‌و مه‌رجه‌ی هێزه‌كانی له ناوچه‌كانی جۆلان و باشوری لوبنان بكێشێته‌وه، هه‌روه‌ك جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر راگرتنی دروستكردنی ئۆردوگا جولهكهنیشینهكان له فه‌ڵه‌ستین.
ساڵی 2000 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی بۆ دروستكردنی سندوقی هاریكاری فه‌ڵه‌ستین و داننان به راپه‌رینی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان به‌ڕێوه‌چوو.
ساڵی 2002 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی به ده‌ستپێشخه‌ری پاشای سعودیه له به‌یروت به‌ڕێوه‌چوو، راسپارده‌كانی لوتكه بریتی بوو له چه‌سپاندنی ئاشتی و داننان به ئیسرائیل له به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له وڵاتانی ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها پێكهێنان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌ڵه‌ستین، كه قودس پایته‌ختی بێت.
له ساڵی 2003 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له شه‌رم شێخ به‌ڕێوه‌چوو، كه تایبه‌ت بوو به دۆخی عێراق له‌دوای داگیركردنی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمانه‌وه، راسپارده‌ی لوتكه‌كه داوای رێزگرتنی له مافی عێراقیه‌كان كرد.
ساڵی 2005 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له جه‌زائیر به‌ڕێوه‌چوو، وڵاتانی به‌شدار داوای كشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی هێزه‌كانی سوپای سوریایان كرد له لوبنان، هه‌روه‌ك بڕیاری پێكهێنانی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی درا له‌و لوتكه‌یه‌دا .
ساڵی 2008 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له دیمه‌شق به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا كێشه‌كانی نێوان ئیماراتی عه‌ره‌بی و ئێران تاوتوێكرا و له كۆتایی لوتكه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ناوچهكێشهلهسهرهكان به‌تایبه‌تیش دورگه‌كانی نێوان ئێران و ئیمارات كرایه‌وه به دیالۆگ و دانیشتن.
ساڵی 2012 له به‌غداد كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا بارودۆخی وڵاتانی ناوچه‌كه له پاش راپه‌رینه‌كانی تونس، لیبیا، میسر، یه‌مه‌ن، سودان و سوریا خرایه به‌رباس و ئه‌ندامێتی سوریاش له كۆمكاری عه‌ره‌بی سڕكرا.
ساڵی 2015 له شه‌رم شێخ كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی به‌ستراو تێیدا قه‌یرانه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له دۆخی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌كه تاوتوێكرا، له كۆتایی لوتكهكهشدا بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی عه‌ره‌بی درا.
ساڵی 2016 كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی بۆ یه‌كه‌مجار له نواكشۆتی پایته‌ختی مۆریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا وڵاتانی به‌شدار شه‌ڕی ناوخۆیی له لیبیا، سوریا و یه‌مه‌نیان تاوتوێكرد و جارێكی دیکەش ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له دۆخی ناوخۆیی یه‌مه‌ن، عێراق، سوریا و لوبنان ره‌تكرایه‌وه.
ساڵی 2017 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له ئوردن به‌سترا و تێیدا داوا له وڵاتانی جیهان كرا باڵوێزخانه‌كانیان نه‌گوێزنه‌وه بۆ شاری قودس، وه‌ك دانپێدانێك به‌و شاره به پایته‌ختی ئیسرائیل.
ساڵی 2018 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له سعودیه به‌ناوی لوتكه‌ی “قودس “به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا سه‌ركۆنه‌ی هه‌نگاوه تاكلایه‌نه‌كانی حكومه‌تی ئیسرائیل كرا بۆ داننان به قودس به پایته‌ختی ئیسرائیل له سه‌رئاستی وڵاتانی جیهان، هه‌روه‌ك بڕیاری ناساندنی قودس به پایته‌ختی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به كۆده‌نگی وڵاتانی عه‌ره‌بی ره‌تكرایه‌وه.
ساڵی 2019 لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له تونس به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا داوای راگرتنی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌كه كرا، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناساندنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل له جۆلان ره‌تكرده‌وه.