زووم:
بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچە بە “نیوەناچڵی” فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی توڕە کردووە، لەوبارەیەوە کاردانەوەکان سۆشیالمیدیایان پڕکردووە.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی هەشتدان و چاوەڕێی مووچەی مانگی شەش دەکەن، بەڵام تەماشادەکەن وەزارەتی دارایی خشتەیەکی مووچەی راگەیاندووە و نزیکەی 10 وەزارەت و دەستەی تێدا نییە.
ئەو خشتە نیوەناچڵەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەی بیر فەرمانبەران هێناوەتەوە، ئەوکات مووچەخۆران رەخنەیان لە حکومەت دەگرت کە “نیوە مووچە” دابەشدەکات، بەڵام ئێستا “لەتە خشتە”ی داهێناوە.
حکومەتی هەرێم لە دوێنێوە رایگەیاندووە کە 598 ملیار دیناری لە بەغدادەوە بەدەست گەیشتووە، سەرۆکوەزیرانیش وەزارەتی دارایی راسپاردبوو بەخێرایی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نیوەناچڵی بڵاوکردەوە کە نزیکەی 10 وەزارەت و دەستەی تێدانییە.
بە گوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، ئەو وەزارەت و دەستانە تاوەکو 14ی ئەم مانگە مووچە وەردەگرن، بەڵام وەزارەت و دەستەکانی دیکە هێشتا چارەنووسیان دیار نییە و نازانرێت کەی مووچە وەردەگرن.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە بەشی مووچە ناکات، بەڵام سەرۆکوەزیران وەزارەتی دارایی راسپاردووە کە کورتهێنانەکە پڕبکەنەوە.
پاش راگەیاندنی خشتە نیوەناچڵەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بە زوومی گوت، پاش پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە خشتەی وەزارەت و دەستەکانی دیکەش بڵاودەکەنەوە.