نەبوونى مێژوو, ڕێخۆشکەرى یەکەم بۆ تارمایی. تارمایی, لە ئاستە سەرەتاییەکەى خۆیدا هیچ ڕووگەیەکى نیە. ئەوەى بەرهەمیدێنێت ڕیزێک پارادۆکسى خێرا یان درێژخایەنە کە تیژ و ببڕ خۆى دەبڕێت و هیچى تر. جەستەى ئەو کۆمەڵگایە دەبڕێت کە ئەندامەکانى لە جێى خۆیاندا کارناکەن و پەیکەرەکەشى گۆڕاوە بۆ تارماییەک.
کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس, لە سەرەتاکانى “مانیفێستى کۆمۆنیست”دا و لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەدا دەنوسن «تارماییەک بە ئەورووپادا دێت و دەچێت- تارمایی کۆمۆنیزم». ئەم ڕستەیە خۆى وەک قاڵب و فۆرمێکى لێ هاتووە و هەرجارەى ناوەڕۆکێکى دەدرێتێ. دەکرێت لە زۆر کات و شوێنى تریشدا مرۆڤ قاڵبەکە بەکاربێنێت. بۆ نمونە, «تارماییەک بە کۆمەڵگاى کوردى دا دێت و دەچێت- بەڵام تارمایی هیچ شتێک». گەر دیقەتێکى ئەو وزە بەگەڕکەوتووەى ئێستاى کۆمەڵگاى کوردى بدەین ڕوون نیە گوزارشت لە چى دەکات و چیی دەوێت. هەر وەڵامێکى خێرا, زۆر نابات تووشى هەڤدژى دەبێت لەگەڵ خۆیدا و ناکۆکى دەخاتەوە. هەر وەڵامێک, بەئاسانى دژێکى بۆ قوتدەبێتەوە. وەک بڵێى کۆمەڵێک خەڵکین کە پتر ناوەڕۆکى ڕووتین و بەئاسانى لەژێر فۆرمێکى ڕوون و جێگیردا جێ ناگرین. بەڵام ئەمەش دیسان زۆر ناخایەنێت و تێدەگەین بڕێک یاساى دێرین هەر کاردەکات, ئێمە لە بۆشایی ڕووتدا نین, ناوێکمان هەیە و لەم جیهانەداین. بەڵام دیسان ئەمانەش بەس نین بۆ ئەوەى بزانین کتومت کێین و چۆن لەم پێستە دەرچین. جا بۆیە پرسیارێکى بنەڕەتى دێتەئاراوە: چى دەبێت گەر ئەم تارماییە, تارمایی نەبوونى مێژوو خۆى بێت؟
«نەبوونى مێژوو», دەستەواژەیەکى مۆدێرنە و بەرەنجامى بیرکردنەوەى مۆدێرنانەیە لە مێژوو. «نەبوونى مێژوو», کۆمەڵێکى زۆر دەلالەت دەگرێتەوە کە هەریەکە و لە ڕەهەندێکەوە ئەویتریان دەبڕێت. بۆ نمونە, بەسادەیی, دەشێت گوزارشت لە “کاریگەریی مێژوویی” بکات, یان ڕیزبەندى و قۆناغبەندییەک کە پێناسەى شتەکان و ئەرکى شتەکان و دواییش مافەکانیان جیادەکرێنەوە, دەشکرێت بە واتاى خۆناسین بێت کە خەڵکێک خۆیان دەناسنەوە و دەست دەدەنە ئەو شتانەى کە ئەم خۆناسینە بەرجەستەدەکات- واتە خۆناسین تەنیا چالاکییەکى زەینى نیە لەناو مێژوودا, بەڵکو کۆمەڵێک کردە و چالاکییشى پێویستە بۆ ئەوەى خۆناسینەکە بخەمڵێت و خۆسەلماندن بڕەخسێت. لە ڕوویەکى تریشەوە, واتە ڕسکانى گشت, گەشەى گشتێک و چوارچێوەیەک تاکو هەموو چالاکییەکانى خەڵکێک-میلەتێک کۆبکاتەوە. ئەم گشتە لە سیاسەتەوە بەرەو خوار دێت و ڕۆحى “گشت” لە هەموو بەشێکدا بە ڕێژە و بەپێى سرووشتى بەشەکان ڕەنگدەداتەوە. بەکورتییەکەى, نەبوونى مێژوو واتە نەبوونى گەشەى ئاسایی. “گەشەى ئاسایی”يش لێکدان و کۆکردنەوەى هەموو شتێکى باش و خراپە بۆ ئەوەى هەڵکشێت بۆ قۆناغەکانى داهاتوو. لەڕووى سیاسى و مێژووییەوە, بۆشاییەکى گەورە لە ڕابردووى کورددا هەیە کە لە پەیوەند بەم پێکداچوونەى چاکە-خراپەوە, ڕۆشنبیرى کۆچکردوو, مەسعود محەمەد دەڵێت “کورد بەدرێژایی تاریخى خۆى, نەک هەر حاکمى باش, بەڵکو حاکمى خراپیشى نەبووە”. واتە مێژوو, بەرهەمى باش و خراپەیە پێکەوە بۆ ئەوەى لەناوەوە گەشەبکات.
لە فیکرى مۆدێرنى خۆرئاوادا, و بەدیاریکراوى لاى هیگڵ, جیهان دەبێتە خاوەنى مێژوویەکى پێکەوەبەستراو. ئەم مێژووە لە جێیەکەوە دەستپێدەکات و لە جێیەکیشدا دەبێت بگاتە ئازادى. بۆ نمونە هیگڵ ئەم مێژووەى جیهان لە ئێرانى کۆنەوە (بەدیاریکراوى هەخامەنشییەکان) وەردەرگرێت تا سەردەمى جێرمەنەکان. ئێرانى کۆن, نوتفەى ساکار و سەرەتایی مێژووە. ماتەوزەى سەرەتایی دەوڵەت, بە مانا مۆدێرنەکەى, لە ئێرانى کۆنەوە کەوتووەتەڕێ. گوایە لەوێ گشت (کل), بوارى بە بەش(جزء)ـەکان (پێکهاتە ڕەگەزى و ئەتنى و زمانییەکان) داوە لەناو ئەم گشتەدا هەڵبکەن. بەڵام ئازادى, بەپێى ماهیەتى خۆى, لەم پەیوەندییە ئاڵۆزترە و دەبێت قۆناغى تر بگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانى خۆى. لێرەدا هێشتا کۆى تاکەکان ئازاد نین. تەنانەت هیگڵ, چین و هندستان لەودەمدا, دەخاتە دەرەوەى مێژووەوە چونکە “گشت”ێکیان هەبووە لە سرووشتەوە نزیکتر بووە, ئەم گشتەش هیچ بوارى بە بەشەکان نەداوە, بۆیە هیگڵ لە کۆتا دەرەنجامدا دەڵێت “خۆرهەڵات دەیزانى و تا ئەمڕۆش هەر وا دەزانێت کە تەنیا یەک کەس ئازادە, ئەویش پاشایە”. بۆیە مێژوو لەم نوتفە سەرەتاییەوە دەپەڕێتەوە بۆ یۆنان, لەوێ بەشێکى زیاترى کۆمەڵگا ئازادن, پەیوەندیی گشت و بەش کراوەترە, پەیوەندیی تاک و کۆ بە خاوەندارێتیی تایبەتەوە بەرەوپێشچوونێکى زیاترى بەخۆوە بینیوە. بەڵام بەحوکمى کۆیلایەتییەکى سیستەماتیک لە یۆناندا, مێژوو پێویستى بە هەڵکشانى زیاترە. بۆیە مێژوو دەچێتە لاى ڕۆمەکان, لەوێ ماف بەگشتى و مافى تاک و خاوەندارێتیی تایبەت باشتر درکدەکرا. ئەمەش بەس نیە و هێشتا گشت کۆمەڵگا ئازاد نین. بۆیە مێژوو دەپەڕێتەوە لاى جێرمەنەکان, واتە لاى بەشێک لە میلەتانى ئەورووپاى ڕووەو مۆدێرن. لەم قۆناغەى مێژووى جیهاندا, ئازادى زیاتر گەشەیکردووە و لە دەوڵەتى مۆدێرندا خۆى پیشاندەدات. پەیوەندیی بەش و گشت, تاک و کۆ, هاوڵاتى و دەوڵەت عەقڵانى دەبنەوە هەمان کات وەک زەروورەتێکى مێژوویی دەکەوێتەگەڕ. گەر لە خۆرهەڵات یەک کەس ئازادبووبێت, لاى یۆنان و ڕۆم هەندێک, لە بەشى ئەورووپاى مۆدێرنیشدا ئەو ئاگاییە هەیە کە هەموان دەبێت ئازاد بن. دیارە ئەمە باسێکى ئاڵۆزە, بەڵام ئەم ئاماژە کورتە لەو پێناوەدا بوو تێبگەین “لەناو مێژوودا بوون”, بەشدارییە لە ڕۆحى جیهان و گەشەى ئازادییدا. گەروەک خوێنەرێک, چاوێک بە کرۆنۆلۆژیاى مێژووى کورددا بخشێنین, تێدەگەین بەپێى فەلسەفەى مێژووى هیگڵ, مێژووى جیهان کەمێک دواى ڕووخانى مادەکان دەستپێدەکات و کورد هیچ پێگەیەکى تیا نیە (هیگڵ دینى زەردەشتی بە بەشێک لە دینى فارسەکان هەژماردەکات کە لەوێ ڕوویەکى سیاسى وەردەگرێت و کەمێک لە سرووشت دووردەکەونەوە). یەک لە سیاسیەکانى کورد لە ساڵیادى لۆزاندا, “دەرەوەبوونى مێژوو” بە سەرەتاى ئەو سەدساڵەوە دەبەستێتەوە کە پرۆژەى دەوڵەتى کوردى شکستیهێنا, لەکاتێکدا دەستەواژەکە ڕیشەدارتر و ئاڵۆزترە.
هەر لەم ڕۆژانەدا, یەک لە ڕۆشنبیرەکانى ئێمە, بەشێوەیەکى سەمەرە دێت کورد بەراورددەکات بە هۆڵەندییەکان. کوردێک کە فرەییەکەى جیایە لە فرەیی ئەورووپییەک. فرەیی ئەوان, فرەیی پاش یەکێتى یان ناو یەکێتییە. یان بڵیین, فرەیی ناو مێژووە, ناو یاسا و دەوڵەتە. ئەم لێکچواندنە فۆرماڵە, ئەو ناوەڕۆکە دوورە مێژووییە لەبیردەکات کە لەنێوان ئەم دووانەدا هەیە. تەنانەت کورد لە ئەلفوبێى فەلسەفەى مافیشدا نیە, مافى تاک وەک مافێکى مۆدێرن لەدایکنەبووە, چاکەى گشتى لەدایکنەبووە, ئەوەى هەیە کۆمەڵێک بەرژوەندیی گرووپى و خێڵەکی-حیزبییە. دەوڵەت وەک گەشەیەکى ئاگایی, وەک زەروورەتێکى مێژوویی لەگۆڕێدا نیە. بەشداریی مێژوویی کوردیش, چ کۆن و چ نوێ, لەپێناو خۆیدا نەبووە, بەڵکو بۆ ڕاگرتنى ئەویتر و ئەوانیتر بووە. ئاشکرایە کارەکتەرێکى کوردییت نیە, بەرەنجامى کەڵەکەبوونێکى مێژوویی درێژخایەن بێت و گەیشتبێتە ئازادى. کورد بە هیچ جۆرێک کارەکتەرى ئازادى نیە کە گوزارشت لەو کەڵەکەبوونە مێژووییە بکات. وشەى ئازادى لەناو ئێمەدا زیاتر دالێکى بێ مەدلولە, قاڵبێکە ناوەڕۆکێکى مێژوویی و گەشەیەکى سرووشتیی ڕیشەدارى نەبڕیوە. ئەم هەژارییە مێژووییە, لە سەرتاپاى بوارەکانى ژیانماندا بەدیدەکرێت. بەئێستاشەوە ئێمە نەگەیشتووین بەو “گشت”ـە ئاگامەندە مێژووییەى کە بەشەکان بچنە پەیوەندییەکى زەروورییەوە لەگەڵ یەکتردا. گەر “گشت”ێک هەبێت, میکانیکى و ئیرادییە, خۆمان دەیکێشین, دەستکردو نازەروورییە, چونکە چینچین مێژووى نەبڕیوە. هەتا ئەو “یەکگرتوویى”یەى سەدان ساڵە لاى شاعیر و سیاسیی مرۆى کورد دەوترێتەوە, هەنگاوى یەکەمى درووستکردنى “گشت”ـە, سەرەتایەکە بۆ ئەوەى ئەم گشتە بکەوێتەڕێ و بجووڵێت و توێیەکانى ئاگایی ببڕێت و بگاتە ئازادى و ماف و هتد. هەموو ئەو چەمکانە بۆ ئێمە, لە مەودایەکەوە گۆدەکرێن, ناوەڕۆکەکانیمان ئەزمووننەکردووە.
بە دیوێکى تریشدا, نەبوونى مێژوو واتە نەبوونى دەق, نەبوونى دەق بە ماناى نەبوونى کتێبى چاپکراو نایەت. دەق واتە عەقڵى نوسینت هەبێت, نوسینیش واتە مێژوویەکى بەردەوامت هەبێت ئاگایی تێیدا ئیشى کردبێت, کردەکى بووبێتەوە, مانا و تەفسیر و سەرەنجامیش “زەین” ڕسکابێت. بەڵام کە سەیرى حاڵى خۆمان دەکەین, نەگەیشتووین بەو ئاستە لە گەشە. دنیایەکى زارەکى لە هەموو لایەکەوە دەوریداوین. تەنانەت کاتێک دەقێکى کورد بۆ کەلتورەکانى تر دەگوازرێتەوە, ماناى ئەوە نیە ئێمە خاوەنى عەقڵى نوسینین بەڵکو بردنى ئیمکانێکە لە نوسین کە ئێمە نەمانتوانیوە زەمینەکەیمان هەبێت. بە مانایەکى تر, بردنى “بەش”ێکە بۆ ناو “گشت”ێکى زیندووتر و مێژووییتر. بردنى نمونەیەکە و هەڵکەندنێتى لێرە. بۆیە دیدێکى سادەیە گەر فیلمێک یان دەقێکى ئێرە بە بەڵگە بزانین لەسەر ئەوەى ئێمە نیشتەجێى جیهان و مێژووین. ئەورووپاى مۆدێرن ئەو گشتەە دەتوانێت هەرچى بەشى دیکەیە بەرەو ناو خۆى لوشبدات, چونکە کۆمەڵگاکان و گشتەکان و کەلتورەکانى تر بایی ئەو دیاردانە خۆیان گەشەیاننەکردووە و پتر ساتى ڕیزپەڕن. هەر ئەم هەژارییە مێژووییشە, ئێمە لەمڕۆى جیهاندا تووشى ئەو شتە دەکات کە گوایە “خودنەفرەتى”يە, خودنەفرەتى بەرەنجانى بۆشاییەکى مێژووییە, ئەوەى کە کارەکتەرت بەشى ئەوە ناکات جێیەکى شایستە لەم جیهانەدا بگریت. تەنانەت لاى خاوەنى ئەم بۆچوونانە, ئەم خودنەفرەتییە خۆى لە گاڵتەکردن بە فیکر و فەلسەفەدا ڕەنگیداوەتەوە و بە لاى کایەیەکى هەژارى وەک ژۆرنالیزمدا بادەدەنەوە کە پڕ بە بەرى بۆشاییەکەى کوردە و پێشوازیی فراوانى کورد لە ژۆرنالیزم شتێکى لەخۆڕا نیە, هەردووک هەژار و زارەکى و بێ مێژوون. بە درەبڕینێکى تر, هەبوونى کوردەئیرەیی بەرامبەر ناوە خۆرئاواییەکان, خۆى گوزارشتە لە هەژارییەکى مێژوویی کە دەزانێت بەپەلە قەرەبووناکرێتەوە بۆمان.
***************************************************
نەبوونى مێژوو, ڕێخۆشکەرى یەکەم بۆ تارمایی. تارمایی, لە ئاستە سەرەتاییەکەى خۆیدا هیچ ڕووگەیەکى نیە. ئەوەى بەرهەمیدێنێت ڕیزێک پارادۆکسى خێرا یان درێژخایەنە کە تیژ و ببڕ خۆى دەبڕێت و هیچى تر. جەستەى ئەو کۆمەڵگایە دەبڕێت کە ئەندامەکانى لە جێى خۆیاندا کارناکەن و پەیکەرەکەشى گۆڕاوە بۆ تارماییەک. هەر بەسادەیی, گەر لەم دۆخەدا, هەر مرۆیەکى کوردزمان بیر لە خۆى بکاتەوە تێدەگات هەر هەنگاوێکى پێچەوانەکەشى لەخۆیدا هەڵگرتووە. هەر جووڵەیەکى ئەو, بایی ئەوە بیانووشى لەخۆگرتووە شتەکە نەکات. هەر ئامانجێکى, بە پێچەوانەى شتێکى تریشدا دەجووڵێت کە بەئاسانى ناوەڕۆکى ئامانجەکە پووچەڵدەکاتەوە و دەشێت لەبارى ببات. ئەم دۆخانە, با کەسێنى و تاکەکەسییش بن, بەڵام بەشێکیشە لەو تارماییە کۆمەڵایەتى و مێژووییە. ئەمە لە پرسە سیاسییە هەنوکەییەکانیشدا ڕەنگدەداتەوە: پرسى هەڵبژاردن, مادام هەڵبژاردنى “ئەویتر”ـە و دانپیانانێتى لەناو یەک پرۆسەدا, ئیدى قابیلى ئەوەیە پەکبخرێت و دوابخرێت. یان ناوەڕۆکى دادگا, ڕووى لە “دادپەوەریى گشتى” نیە, بەڵکو سزادانى هەر نەیارێکى حیزبیشە چونکە مێژوو وەک مێژوویەکى گشتى و “سەروو-بەش” نەخەمڵیوە. هەتا لە هەندێ ئاستى کۆمەڵایەتییدا, شایەتى هەڵاوگێڕبوونەوەى فۆرم و ناوەڕۆکین؛ شتە سرووشتییەکان بەگشتى پێچەوانە دەبنەوە: مناڵێک دەبینین وەک پیاوێکى پێگەیشتوو باسى ناوچەکەى خۆى و خزمەتگوزارییەکان دەکات, خەڵکانى حەفتاساڵە, کەمتر یان زیاتریش دەبینین کە وەکو مناڵێک “هەڵوێست” دەنوێنن. ئەم هەڵاوگێڕییە, بەجۆرێک گوزارشت لەو گەشە ناسرووشییەش دەکات کە لە هەموو جومگەیەکى کۆمەڵگاکەدا هەیە. مرۆڤ دەتوانێت بەبێ ماندبوونى زۆر, نمونەى زۆر بۆ ئەم ئاوەژووبوونانە بدۆزێتەوە کە دەرهاویشتەى ئەو ماترێسەى تارماییەکەن.
دەکرێت لەڕوویەکى ترەوە, بۆ نمونە بەپێى دووانەى دەرەوە/ناوەوە, بیر لە تارماییەکە بکرێتەوە: نەبوونى سنورێکى لۆژیکى و تۆخ لەنێوان “دەرەوە” و “ناوەوە”دا وایکردووە هەندێجار مرۆى کورد بەجۆرێک بدوێت هەردەڵێى نەناسێک, نامۆیەکە بە ژینگە و کەلتورى خۆى. بۆ نمونە, گەر دوو مرۆى کورد لە دوو زۆنى جیاجیا بکەونە ئاخاوتن, دەشێت یەکیان بەویتریان بڵێت «دەڵێن شەڕ نابێتەوە, ئەم هەموو باڵوێز و شتە لێرەن قابیلە یەخەى یەک بگرنەوە». ئەم «دەڵێن»ـە هى کێیە؟ کێ وا دەڵێت؟ دیارە ئەم خاڵە, خۆى جێى مشتومڕەکەیە. ئەو ئاخێوەرەى باسى شەڕ دەکات, بەجۆرێک پێى لە دەرەوەى سنورى کوردبوون داناوە. لە گۆشەیەکەوە باسى دۆخەکە دەکات کە زۆر پەیوەندیی بەوەوە نیە. ڕەنگە بگوترێت ئاساییە هاوڵاتى قاچێک بباتە دەرەوەى دەسەڵاتەوە و چەشنى ڕەخنەگرێک باسى بکات, بەڵام گەر کەمێک وردتر سەیربکەین تێدەگەین هێشتا بەتەواوى پرسى دەسەڵات-خەڵک, یان هاوڵاتى-حکومەت درووستنەبووە. واتە ئەو ئەنتاگۆنیزمە ڕیشەییە لەنێوان مرۆى کورد و دەسەڵاتێکى کوردییدا درووستنەبووە کە بە ئاگایی و نائاگاییەوە بیر لە سڕینەوەى بکرێتەوە. هێشتا هەستێکى گوناهـ لەنێوان مرۆیەکى کورد و دەسەڵاتە حیزبییە خۆماڵییەکەدا هەیە. ئەم هەستە دەشێت باجى ئەو تێرنەبوونە مێژووییە بێت کە کورد نەیبووە, یان ڕەنگە باجى ئەنتاگۆنیزمەکە خۆى بێت کە نەخەمڵیوە. (ئەنتاگۆنیزم, واتە ئەو هەڤدژییە ڕیشەییەى لەنێو کۆمەڵگایەکدا هەیە, ئیدى چ لەنێوان دوو چین و دوو پێکهاتەدا بێت, یان خەڵک و دەسەڵاتدا). مرۆى کورد بەو هەمووە پەرچەکردار و جنێوبارانەى ئێستاشەوە, ناتوانێت بەرەى پێچەوانەى دەسەڵاتەکە بێت, هۆکارەکەش درێژخایەن و شاراوەیە و لە ویستى تاکەکان تێدەپەڕێت- خاڵێک کە لە نیگاى یەکەمدا جێى باوەڕکردن نیە. بۆیە لە کۆمەڵێک پارادۆکسدا, ئەو شتە لەباردەچێت کە دەبوو خۆى تێپەڕێنێت: لە کۆمەڵگایەکى سەرتاپا سیاسییدا, سیاسەت هیچى لێ بەرهەم نایەت, چ بگات بە گۆڕانى ڕیشەیی و مێژوویی و سەرەنجامیش عەقڵانى.
ئەم پارادۆکسە, لە بەرى دەسەڵاتیشەوە لە فۆرمێکى تردا خۆى دەردەخات. حزبە کوردییەکان, دەمێکە بە هەموو ڕووداوێکى ئاسایی دەڵێن “ڕووداوى مێژوویی”. بۆ نمونە, سیاسییەکى حیزبى, ڕووداوێکى ئاسایی سەر بە حیزبەکەى جیادەکاتەوە و دەڵێت “ئەمڕۆ, ڕۆژێکى مێژووییە و ڕووداوەکەش مێژووییە”. مێژووى بەشەکیی حیزب, لە جێى مێژوویەکى تر دادەنرێت کە ڕەنگە بە هەموو ناکۆکییە ناوەکییەکانیەوە بتوانین ناوى بنێین “مێژووى گشت”. مێژوو لە زارى ئەم حیزبییانەوە, وەک شتێکى ئیرادى و خۆکرد سەیردەکرێت کە پێشوەخت خۆت دەستت لە داڕشتنیدا هەیە, بەڵام دەزانین مێژووى سیاسیی میلەتان, هەم درەنگدرەنگ شتێکى مێژوویی تیا ڕوودەدات و هەم هێندەش ئیرادى و خۆکرد نیە. بەتایبەت گەر “ڕەگەزى خەڵک” دەستى لەم ڕووداوەدا نەبێت, نابێتە مێژوویی. خەڵک, ئەو مەرجەى بەمێژووییکردنە کە مۆرى ڕەوایەتى لە ڕووداوێک دەدات, بەڵام هەموو کاتێکیش نا, چونکە خەڵک بە ماناى قەرەباڵغى نایەت, بەڵکو بە قەولى فیکرى هاوچەرخ “ساتەوەختێکە قەرەباڵغییەکە دەبێتە سوبێکت”, واتە دەبێتە بکەرێک و پاش ئەرکێک دەشێت ئاواببێت. بەکورتییەکەى, ئەم پارادۆکسەش لەو تارماییەوە دەزێت کە وادیارە لەوە زیاترى لێ ناوەشێتەوە.
یەک لە نیشانەکانى تارمایی, دەشێت ئەوە بێت کە پەیوەندیی هۆ و ئەنجامیش دیسان دەشڵەژێت. ئەمڕۆ زۆترین گلەوگازندە, ڕەخنە و ناڕەزایی لە کۆمەڵگاکەوە دێتەدەرەوە. ئەنجامەکە لە هۆکارەکە ڕوونترە. زۆرجار هۆکارەکە لە بڕگەیەکى بچوکى مێژووییدا, یان ڕووبەرێکى بچوکدا قتیسدەکرێت, بەڵام هۆکارەکە ڕیشەییترە. هۆکارى هەنوکەیی و دەسەڵات و دیاردە تازەکان و ئەمانە بەشبەحاڵى خۆیان بەشدارن, بەڵام هۆکارە سەرەکییە دوورتر دەڕوات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە مێژووییە کە ناوماننا تارمایی. ئەوەى کە کەسێک یان دیاردەیەکى دیاریکراو دەکرێتە “بزنى بەڵاگەردان” بۆ ئەوەى باجى نەبوونى مێژووى پیا هەڵبواسرێت, کۆى وێنەکەمان پیشاننادات. بۆ ئەوەى “ئێستا”ش لەبەردەم “ڕابردوو”دا لە بەرپرسیارێتى خاڵینەکرێتەوە, دەبێت ئێستا وەک چڕبوونەوەى کۆى ڕابردوو سەیربکرێت لەسەر هێڵێک کە لەم خاڵەدا نەوەستێت.
سەرەنجام تارمایی, واتە شڵەقانى پەیوەندیی نێوان “بەش” و “گشت”. واتە هى نێوان کۆمەڵگا و بوارە بێشومارەکانى. تارمایی, مادام لە مادەیەکى خام دەچێت, دەشێت ئیمکانى جیاجیاى لەخۆیدا هەڵگرتبێت. بەڵام هەر تارمایی, ئەو ئەگەرەشى تیا نوستووە کە ببێتە دێوێکى خراپگەشەکردوو. پاشەڕۆژ لە هەناوى ئەم تارماییەوە درووستدەبێت, بێ کەم و زیاد, بێ ئەوەى شتێکى تر لە ئاسمان یان لە دونیاى خەیاڵاتەوە قەرزبکرێت. میلەتان جگە لەم تارماییەى خۆیان هیچى تر نین, یەکێک کردەکى و ئەویدى هێشتا ناکردەکى. بە مانایەکى تر, تارماییەکە خۆى واقیع و خەیاڵە, خۆى مناڵدانى ئەگەر و نەگەرەکانە, خۆى بەرهەمهێنەرى باشە و خراپەیە هەر لە خۆیەوە.