زووم، فرانس پرێس
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، تەنها لەماوەی هەفتەیەکدا پۆلیسی بەرازیل 44 بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە سێ ویلایەتی وڵاتەکەدا کوشتووە.
ئۆپراسیۆنەکان لە هەریەک لە ویلایەتەکانی ریۆ دیجانیرۆ، ساوۆ پاولۆ و باهیا ئەنجامدراون . دوێنی لە ویلایەتی ریۆ 9 کەس کوژران. ئەمەش دوای ئەو ئۆپەراسیۆنانە دێت کە پۆلیس لەم هەفتەیەدا لە ساوۆ پاولۆ 16 کەس و لە باهیاش 19 ئەندامی باندە قاچاغچییەکانی ماددەی هۆشبەریان کوشت.
بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنانە و مامەڵەی توندی پۆلیسی بەرازیل، بەرپرسانی وڵاتەکە روبەڕووی سکاڵایەکی زۆر بوونەتەوە و رەخنەی خۆر لە پۆلیسی وڵاتەکە دەگیرێت کە پێشێلی مافاکانی مرۆڤی کردووە لە روبەڕووبوونەوەی ئەو باندانەدا.
لەبەرامبەردا پۆلیسی وڵاتەکە رایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێی ریۆ بۆیە ئەنجامدراوە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی باندە قاچاغچییەکانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەچووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی گەیشتنیان بە شوێنی کۆبوونەوەکە، باندەکان روبەڕووی پۆلیس بوونەتەوەوە و شەڕەتەقە لەنێوانیان رویداوە. لە ئەنجامدا 11 ئەندامی باندەکان برینداربوون و گوستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دواتر 9 کەسیان گیانی لەدەستداوە. لەبەرامبەردا دوو پۆلیس برینداربوون کە دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
بەهۆی پێکدادانەکەوە سەرجەم دوکان و بازاڕەکانی ئەو ناوچەیە داخرابوون و خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیاندا مابوونەوە، بەگوێرەی دانیشتووانی ناوچەکە، دۆخەکە بەشێوەیەک بووە زیاتر لە جەنگ چووە.
ئەم رووداوەی ریۆ لەکاتێکدایە کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە هەمان ناوچەدا 25 کەسی دیکەی هاوشێوە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە روبەڕوبووەنەوەیەکدا کوژران.
لەبارەی رووداوەکانەوە، دانی مۆنتێیرۆی یاساناس، رەخنەی توند لە مامەڵەی توندی پۆلیس دەگرێت و بە کۆمەڵکوژیی ناوی دەبات. ئاماژەی بەوەشکردووە حاکمی ویلایەتەکە، کە هاوپەیمانی جایر بۆلسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەرازیلە، دەبێت لەو شێوازە مامەڵەکردنانە بوەستن.
لە ویلایەتی ساوۆ پاولۆشدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە ئەفسەرێکی پۆلیسی تەمەن 30 ساڵ گیانی لەدەستدا و لەبەرمبەردا 16 تاوانباری ماددەی هۆشبەر کوژران. لەوبارەیەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کوشتنی ئەو هەموو کەسە بەڵگەیەکی روون و ئاشکرایە کە پۆلیس ویستوویەتی تۆڵەی ئەفسەرە 30 ساڵییەکە بکاتەوە.
ساڵانە کوشتنی خەڵکی لەلایەن پۆلیسی بەرازیلەوە، رەخنە و کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆێدا دەهێنێت. بەگوێرەی کۆڕبەندی ئاسایشی گشتی، تەنها لە ساڵی رابردوودا شەش هەزار و 429 کەس لەلایەن پۆلیسەوە لەو وڵاتە 200 ملیۆن کەسییەدا کوژراون.