زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەچێتە بەردەم دادگاى واشنتن، کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ پێچەوانەکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا لە ساڵى 2020 و هەڵوەشاندنەوەى شکستى خۆى لە هەڵبژاردنەکە.
بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، ترەمپ رەخنە لە دۆسیەکە دەگرێت و وەک بەڵگەیەکی “گەندەڵیی، سکانداڵ و شکستی ئەمریکا” لەژێر سەرۆکایەتی جۆبایدندا وەسفی دەکات.
بەهۆی دادگاییکردنەکەی ترەمپەوە دۆخی ئەمنی لە شاری واشنتۆن دیسی توندوتۆڵکراوە و هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
دادگاییەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئەو خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کردوەتەوە کە بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن.
سەرەڕی ئەوەی کە ترەمپ روبەڕووی دوو تۆمەتی دیکەش بووەتەوە، بەڵام بابەتی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 جددیترین بابەت بۆ دادگاییکردنەکەی ترەمپ.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایتی خۆیدا بەناوی ترەست سۆشیاڵ چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر مایک پێنسی جێگری پێشووی و رۆن دیسانتیسی حاکمی فلۆریدا کە هەردووکیان لە پارتی کۆمارییەکانن و رکابەرایەتی دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا ببن بە سەرۆکی ئەمریکا.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی رابردووی خولی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە ترەمپی 77 ساڵ تێیدا شکستی هێنا، ترەمم چەند جارێک باسی لەوە کردووە کە مایک پێنسی جێگری ئەوکاتی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی یاسایی هەبووە کۆنگرێس بوەستێنێت لە متمانەدان بە سەرکەوتنەکەی جۆبایدن لە هەڵبژاردنەکەدا. کێشەکان دوای ئەوە ئاڵۆزبوون کە هەزاران کەس لە پشتیوانانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کە بە کاپیتۆڵ هۆڵ ناسراوە.
ترەمپ بەتۆمەتی پلانگێڕان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کە پرۆسەیەکی دیموکراسییە، ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت بەڵام پێشبینی دەکرێت خۆی بە بێتاوان بناسێنێت. هەرچەندە کە دەیتوانی بەشێوەی ئۆنلاین و بە ڤیدیۆ بەشداریی دادگاییەکە بکات، ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە خۆی لەبەردەم دادگادا کاتژمێر 11ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان ئامادەبێت.
سەرەڕای ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دەکرێن، دۆناڵد ترەمپ لە راپرسییەکاندا دەنگەکانی لەپێشەوەی کاندیدانی دیکەی پارتەکەیەتی بۆئەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە.
ترەمپ پێشتر لە دوو کەیسی دیکەدا تۆمەتبار کراوە. یەکەمیان بە هەڵە مامەڵەکردنە لەگەڵ فایلە نهێنییەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو پارە زۆرەی کە بە ئەستێرەیەکی پۆرنی داوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لە هەمبەری پەیوەندییەکانی نێوانیان.
رەنگە لەم مانگەدا داواکارانی گشتی ویلایەتی جۆرجیا دۆسیەیەکی دیکەی تاوانکاری لە دژی ترەمپ تۆمار بکەن بەهۆی ئەوەی گوایە هەوڵیداوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بشێوێنێت.