زووم
ئەمڕۆ، 3ى ئاب، نۆ ساڵ بەسەر هێرشەکانى داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەرى تێپەڕدەبێت، هێشتا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەس نادیارە و 360 هەزار کەسیش لە ئاوارەییدا ژیان بەڕێدەکەن، وەک لە راگەیەندراوى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەەنفالکراوانى هەرێمى کوردستاندا ئاماژەى پێدراوە.
رۆژى 3ی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگالی زێدی کوردانی ئێزدی.
بە ماوەیەکى کەم بەر لە هێرشەکە، “سوپای عێراق و پێشمەرگە لە شنگال کشانەوە” و پاشان سەدان هەزار هاوڵاتى ئێزدى ئاوارەى چیاى شنگال بوون، لەوانەشى لە شنگال و دەوروبەرى مانەوە هەزارانیان دەستیگرکران و بێسەروشوێن کران.
بەگێڕانەوەى ئەوانەى رزگارکراون، ئەوانەى کەوتنە دەستى داعش لە قوتابخانەکانی شنگال کۆکرانەوە، پیاوەکان جیاکردەوە و کۆمەڵکوژکران. دواتر منداڵەکان و دایکانیان لە یەکی جیاکردەوە، ژن و کچەکان بۆ “فروشتن” و منداڵەکانیش بۆ کەمپەکانی راهێنانی سەربازی رەوانەکران. ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان لە رێگەی تەلەعفەرەوە بۆ موسڵ، دواتر بۆ شارى رەقەی سوریا گواستەوە. شنگال و زۆربەی گوندەکانی کەوتنە دەستی داعش.
بەگوێرەى ئاماری نووسینگەی رزگاركردنی فڕێندراوانی ژێردەستى داعش، لە شەو و رۆژێکى هێرشەکەى داعش بۆ سەر سنورى قەزاى شنگال، زیاتر لە هەزار و 293 ژن و پیاوی ئێزدی کوژراون.
ئاماری کوشتن، فڕاندن، رزگارکردن
هەزار و 293 کەس کوژران
شەش هەزار و 417 کەس فڕێنران
سێ هەزار و 570 کەس ئازادکراون
ئەوانەى دیکە بێسەروشوێنن
دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوکن
80 گۆڕی بە کۆمەڵ
دواى ئازادکردنى شنگال، 80 گۆڕى بە کۆمەڵ لە سنورەکەدا دۆزرانەوە، کە بە گوتەى شایەتحاڵەکان رووفاتى سەدان کەسیان تێدایە لە منداڵ و پیر و پەککەوتە بە هەردوو رەگەزەوە کە لە کۆى ئەو 80 گۆڕە، تاوەکو ئێستا تەنها 37 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.
داعش لە ناوچەکانى ئێزدینیشین، 68 مەزارگە و شوێنى ئایینى کوردانى ئێزدى تەقاندەوە.
کۆى گشتى ژمارەى کوردانى ئێزدى لە عێراق 550 هەزار کەسن، بەهۆى شەڕى داعشەوە 360 هەزار کەس ئاوارە بوون و لە نێو کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک نیشتەجێکران و زیاتر لە 100 هەزار کۆچیان بۆ دەرەوەى وڵات کرد و زۆرینەیان گەیشتنە وڵاتانى ئەوروپا، بەم شێوەیە، 73مین کۆمەڵکوژی کە لە ئەدەبیاتى ئێزدییەکاندا وەک 73مین فەرمان پێناسە دەکرێت، ئەنجامدرا.
ئازادکردنی شنگال
قەزای شنگال و دەوروبەری نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ لەژێر دەستی داعشدا مانەوە. لەو ماوەیەدا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزێکی سەر بە پەکەکە، لە دژی چەکدارانی داعش وەستانەوە. لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، زۆربەی ماڵ و باڵەخانە حکومییەکان وێران بوون. سەرەنجام لە 13ی تشرینی دووەمى 2015دا، شنگال رزگارکرا.
دۆخی شنگال دوای ئازادکردنی
ئازادکردنی شنگال لە چنگی داعش نەبووە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو قەزایە، ئەوەش بەهۆی ململانێکانی ئەو هێزە سیاسی و چەکدارییانەی کە لەو ناوچەیەدان.
دوای ئازادکردنی شنگال، پەکەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی قەزاکەی کرد. هاوشێوەی رۆژئاوای کوردستان، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی راگەیاند و هێزی سەربازی بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە)، یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) و ئاسایشی ئێزیدخانی دامەزراند. ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایی، پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر دەسەڵاتێکی زۆری لە ناوچەکەدا هەبوو و دواتر دەوڵەتی تورکیا.
بەرپرسانی پارتی بە بەردەوامی دەڵێن، پێویستە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، بەڵام پەکەکە هەبوونی گەریلاکانی لە شنگال رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “ئەو هێزانە، رۆڵەی ئەو خاکەن و خۆیان دەپارێزن و بەڕێوەدەبەن.”
چەند هێز لە شنگال هەن؟
کوردانی ئێزدی لە شنگال، بەسەر چەند هێز و لایەنەکدا دابەشبوون. ئەوانیش، پەکەکە، پارتی، حەشدی شەعبین کە پێنج هێزی سەرەکیان هەیە.
هێزە چەکدارە سەرەکییەکانی نێو شنگال
- 1. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان: ئەم هێزە لە ساڵی 2014 بە سەرکردایەتیی “حەیدەر شەشۆ” دامەزراوە، ژمارەیان نزیکەی حەوت هەزار چەکدار دەبێت و زیاتر لە هەزار چەکداریان راستەوخۆ بە هێزەکانی پێشمەرگەوە بەستراون. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری شنگال بڵاوبوونەتەوە.
- 2. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان: ئەم هێزە خاوەنی نزیکەی 4500 چەکدارە و لەلایەن “نایف جاسو”ی موختاری گوندی کۆجۆوە سەرکردایەتی دەکرێت. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە راهێنانیان پێ دەکرێت و یارمەتیی ماددی و لۆجستی دەدرێن؛ ئەم هێزە لە ناوچەکانی باشوری شنگال بڵاوبوونەتەوە.
- 3. یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە): لە کۆمەڵگای خانەسۆری شنگال و هەندێک لە گوندەکانی باکور و باشوری ئەم ناوچەیە بڵاوبوونەتەوە و ژمارەیان بە نزیکەی حەوت هەزار چەکداری ژن و پیاو دادەنرێت، لە رووی رێکخراوەییەوە پەیوەستن بە حەشدی شەعبییەوە و نزیکن لە پەکەکەوە.
- 4. فەوجی لالش: لەلایەن “خاڵ علی”یەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ژمارەیان بە نزیکەی سێ هەزار چەکدار دادەنرێت، ئەم هێزانە بەشێکن لە کەتیبەی “ئیمامی عەلی”ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی، لە ناوەندی شنگال و هەندێک لە گوندەکانی باشوری قەزاکە بڵاوبوونەتەوە.
- هێزەکانی هاوپەیمانیی شنگال: لە ژمارەیەک هێزی جیاوازی وەک یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان، ئاسایشی ئێزیدخان، یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال، لەنێو ئەم هاوپەیمانێتییەدان و سەرجەمی ئەم هێزانە لەلایەن پەکەکەوە ئاڕاستە دەکرێن.
رێککەوتنی شنگال
9ی تشرینی یەکەمی 2020 حکومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە رێككەوتنێكیان واژۆكرد، بەگوێرەى رێككەوتنەکە پێویست بوو، ئەو هێزانەی لەشنگالدان قەزاكە چۆڵبكەن و بەڕێوەبردنی شنگالیش راستەوخۆ بدرێتە دەست عێراق و لایەنە ئەمنییەكەشی بدرێتە دەست هێزەكانی پۆلیس.
هەرچەندە بڕیار بوو لە رۆژی یەكی نیسانی 2021ەوە رێككەوتنەکە جێبەجێ بكرێت و وڵاتانی زلهێز و تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکانیش پشتگیری لە رێککەوتنە دەکەن، بەڵام تائێستا هیچ هێزێک ئامادە نییە قەزاکە چۆڵ بکات و بەم شێوەیە پرسی ئاوەدانکردنەو و گەڕانەوەی ئاوارەکان، وەک گرێ کوێرەیەک ماوەتەوە.