زووم:
پاش نزیکەی دووساڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە لەگەڵ شاندێکی بیانی کۆبوونەوە، ئەوەش دواى ئەوەى ئەمڕۆ چوارشەممە لە نوسینگەى تایبەتى مەسرور بارزانى پێشوازییان لە وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد.
سەرۆکوەزیرانى هەرێم لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نووسیەتى: لە کۆبووەنەوەکەدا کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کرد. وەزیری بەرگری ئیستۆنیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی و بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە دەربڕی.
هاوکات قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم نووسیویەتى، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، پێشوازیمان کرد لە بەڕێز هاننۆ پیڤکۆر وەزیری بەرگری ئیستۆنیا. تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان کرد لە بواری سەربازی و روبەڕوبونەوەی تیرۆردا.
قوباد تاڵەبانى دەشڵێت، ئیستۆنیا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هاوکار و پشتیوانمان بووە، لەم چوارچێوەیەدا داوامان کرد پشتیوانییەکانی ئیستۆنیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام بێت.
دوایین پێکەوە دەرکەوتنى مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەو شاندە بیانییانەى کە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى دوو ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لە 29ـى ئابى 2021 لە شارى هەولێر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسا کۆبوونەوە.
لە مانگى 10ـى ساڵى رابردووەوە پەیوەندییەکانى نێوان مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى گرژیی تێکەوت، کاتێک لە ناوەڕاستى ئەو مانگەدا قوباد تاڵەبانى بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد، بایکۆتەکەى تاڵەبانى نزیکەى حەوت مانگ درێژەى کێشا تاوەکو لە هەشتى ئایارى ئەمساڵدا، بە سەردانێکى قوباد تاڵەبانى بۆلاى مەسرور بارزانى بە ستەڵەکى پەیوەندییەکانى نێوانیان توایەوە، بەڵام ئەمە بە ماناى کۆتاییهاتنى ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى نەبوو، بەڵکو کێشە و ململانێکانیان لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە گواستەوە بۆ ئۆرگان و دامەزراوکانی دیکەی هەردوولا.