ئەمڕۆ وەزارەتی دادی بەریتانیا، رەشنوسی رێنماییەک بڵاودەکاتەوە، کە تایبەتە بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئەفسەرانی پۆلیس لەدەرەوەی دادگاکان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تاوانی “پلە نزم” و ئەنجامدەدەن، بەمەرجێک ئەو کەسانە یەکەمجار بێت تاوانەکەیان ئەنجامدابێت.
بەگوێرەى رێنماییەکە، پۆلسی وڵاتەکە لیستی چەند تاوانێکی پێدەدرێت کە بە “تاوانی بچوک” هەژماردەکرێن و لەکاتی بینی کەسێک کە بۆ یەکەمجاریەتی ئەم تاوانانە ئەنجامبدات پۆلیس لەبری ئەوەی راپێچی دادگای بکات، هۆشدارییەکی پێدەدات کە تاوانەکە دووبارە نەکاتەوە. ئەو تاوانانەی ئەم رێنماییە دەیانگرێتەوە بریتین لە دزیکردن، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و دزیکردن لە دووکانەکان.
بەڵام ئەو رێنماییە، کە هێشتا لەژێر راوێژکردن دایە، گڕی بەرداوەتە تۆمەتبارکردنی دادگای ئەو وڵاتە چونکە رەخنەگران هۆشداریی دەدەن لەوەی کە لەبری بنەبڕکردنی تاوانە بچووکەکان هەر لە ساتی چەکەرە کردنیانەوە، کەسانی تاوانبار هاندەدرێن تاوانەکانیان زیاتر بکەن، چونکە لە یەکەم تاوانیاندا سزا نادرێن.
پۆلیسی بەریتانیا روبەڕووی چەندین مشتومڕ بووەتەوە لەوەی کە بەهۆی کەمی هەنگاوەکانییەوە کاریگەریی نییە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی تاوان لە وڵاتەکەدا وەک دزیی، بردنی کەلوپەلی دووکانەکان و بڕینی دووکان لە شەودا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی شیکاریی ماڵپەری دەیلی تەلەگرافی بەریتانی، لە ساڵی 2016ەوە ژمارەی ئەوکەسانەی کە بەهۆی ئەمجۆرە تاوانانەوە سزادراون بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەشێوەیەک کە ژمارەی ئەوکەسانەی کە سزا دەدرێن بۆ کەمتر لەسەدا یەک دابەزیوە.
ئەم بابەتە لەکاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا لە ئێستادا روبەڕووی ژمارەیەکی پێوانەیی بووەتەوە لەو کەیسانەی کە لە دادگاکاندا کەڵەکەبوون. زیندانەکان قەرەباڵغتر بوون.
بەڵام هەندێک تاوان هەیە ئەگەر بۆ جاری یەکەمیش بێت کەسی ئەنجامدەر ئاگاداری نایگرێتەوە، بەڵکو دەبێت روبەڕووی دادگا بکرێتەوە. ئەوانەش تاوانی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر، هەڵگرتنی چەقۆ، زیانگەیاندنی جەستەیی بە خەڵکی و تاوانە سێکسییەکان دەگرێتەوە.
ساڵانە لە بەریتانیا زیاتر لە یەک ملیۆن تاوانی دزینی سەرپێیی ناو دووکانەکان روودەدەن. بەڵام لە ساڵی 2022دا تەنها 21 هەزار کەس بەتۆمەتی دزیی دادگایی کراون و زۆرینەیان روبەڕووی پێبژاردن بوونەتەوە.