زووم، ئاژانسەکان
ئەمریکا و باشوری ئەفریقا لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا داواى دەستبەجێ ئازادکردنى محەمەد بازوم، سەرۆکی نەیجەر دەکەن و ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە هێز دەکەین.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەگەڵ حکومەت و گەلى نەیجەر دەوەستین و پشتیوانی خۆمان بۆ دیموکراسى لەو وڵاتە دووپات دەکەیتەوە”.
هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنى بڵینکن، وەزیرى دەرەوە قسەى لەگەڵ محەمەد بازوم کرد و پشتیوانى واشنتنى بۆ حکومڕانى دیموکراسی لەو وڵاتە دووپات کردەوە.
رۆژى 25ى تەمموز، محمەد بازومی سەرۆکی نەیجەر لەلایەن پاسەوانەکانییەوە لە شوێنی حەوانەوەکەی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە کودەتایەکدا گەمارۆ درا و دەستبەسەرکرا. دواتریش سەربازانی وڵاتەکە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەوە رایانگەیاند، بازومییان لە پۆستەکەی لاداوە، رۆژى هەینیش جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان چیانی، لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا خۆی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ پاراستنی نیشتمان ناساند.
فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر کودەتاچییەکان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەى دۆخى وڵاتەکە، پێش چەند رۆژێک کۆمەڵەى ئابوری رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکۆواس) هەڕەشەى بەکارهێنانى هێزى لە دژى کودەتاچییەکان، ئەگەر دەسەڵات بۆ بازوم نەگەڕێننەوە.
لیۆناردۆ سانتۆس سیماو، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رۆژئاوای ئەفریقا رایگەیاند، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەى ئابوری رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکۆواس) خۆیان ئامادەدەکەن بۆ بەکارهێنانی هێز لە نەیجەر، لەکاتێکدا ئەگەر پێویست بێت بۆ کۆتاییهێنان بە کودەتا سەربازییەکە.
کودەتا بەشێکى سەرەکییە لە مێژووى نەیجەر، لە مێژووى وڵاتەکەدا تەنها محەمەد بازوم، بە هەڵبژاردن لە نیسانى ساڵى 2021دا دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، ئەویش کودەتاى بەسەردا کرا.
لیۆناردۆ سانتۆس سیماو دەڵێت، هەموولایەک هەوڵدەدەن دۆخەکە بە ئاشتى چارەسەر بکرێت.