زووم:
وادەردەکەوێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کێبڕکێی یەکتر بکەن بۆ گواستنەوەی قسە و لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە 12 کاتژمێری رابردوودا سێ لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بە لێدوانی سودانی داوە لەبارەی ئەگەری ناردنی مووچە.
هەریەک لەو بەرپرس و لایەنە سیاسییانە، رایانگەیاندووە کە قسەیان لەگەڵ سودانی کردووە و پێیگوتوون مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرن.
پێشتریش لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەکە بەهەمانشێوە لێدوانی سودانی و بەرپرسانی باڵای عێراقیان بۆ رایگشتی دەگواستەوە، دواتریش پاش گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان هەریەک لەو لایەنە سیاسییانە ئەمەیان وەکو دەستکەوتی خۆیان باس دەکرد.
ئێستا چووینەتە مانگی هەشتەوە، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانیی وەرگرتنی مووچەی مانگی شەش دەکەن. بایکۆتیش لە چەند فەرمانگەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە.
هەفتەی رابردوو لە درەنگانێکی شەودا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان لەبارەی چۆنێتیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە ئیمزاکرد. پاش راگەیاندنی رێککەوتنەکە، کاتژمێر نزیکەی 1:30 خولەکی بەرەبەیان بوو کە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستێکی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و گوتی “لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت”.
چوار رۆژ بەسەر لێدوانەکەی گوتەبێژی حکومەتدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا مووچە دابەشنەکراوە و وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی رانەگەیاندووە، تەنانەت بەغداد هێشتا پارەی نەناردووە و وا وردە وردە ناڕەزایی و بایکۆتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت.
لەو رۆژەوە حکومەت لەلایەک و لایەنە سیاسییەکانیش لەلایەکی دیکە ئاماژە بە قسە و لێدوانی بەرپرسانی عێراقی دەدەن، بەتایبەت محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق. لە 12 کاتژمێری رابردوودا ئەم سێ لایەنە سیاسییە لەوبارەیەوە قسەی سودانییان گواستووەتەوە، لەکاتێکدا نووسینگەی سودانی لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەو سەردانانەدا ئاماژەی بەوەنەداوە کە باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کردبێت.
فراکسیۆنی یەکێتی: سودانی پێیگوتین پارە دەنێرین
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، ئەمڕۆ لەگەڵ سودانی کۆبوونەتەوە و 10 داواکارییان پێشکەشکردووە، یەکێک لە داواکارییەکان ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی فراکسیۆنەکە، سودانی پێیگوتوون “لەماوەیەکی نزیکدا پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکەین”.
شاسوار عەبدولواحید: سودانی پێی راگەیاندین مووچە دەنێرین
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد چاوی بە محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووە و باسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نەوەی نوێ، محەمەد سودانی بە شاسوار عەبدولواحیدی گوتووە مووچە دەگاتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا: لەگەڵ سودانی باسی مووچەم کرد
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەی لەگەڵ سودانی کردووە و باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشیان کردووە.
جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی نزیک لە حزبەکەی، گوتی “رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەر لە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەو گوتی هەندێ جوزئیاتی بچووک ماون، دیاربوو ئەوەی هەردوولا دەیانویست بۆ شەوەکەی رێککەوتنی لەسەرکرا، ئەوان دەیانگوت لە یەک دوو رۆژدا مووچە دەنێرین، بەڵام هەینی و شەممە و عاشوورای بەسەردا هات”.