زووم:
سەربارى ناڕەزایەتییەکانى جیهانى ئیسلامى، ئەمڕۆ جارێکى دیکە لە ستۆکهۆڵمى پایتەختى سوید و لە بەردەم پەرلەمانى وڵاتەکە، قورئان سوتێنرا.
هاوشێوەى دوو جارى رابردوو، ئەمجارەش سەلوان مۆمیکا و نەجم مۆمیکا کە دوو پەنابەرى بەرەگەز عێراقیین، کۆپییەکی قورئانیان سوتاند پاشئەوەی لەلایەن پۆلیسى سویدەوە مۆڵەتیان بۆ ئەوکارە پێدرابوو.
نەجم مۆمیکا بە رۆژنامەى ئێکسپرێسنى سویدى گوتووە، چەند جارێکى دیکەش قورئان دەسوتێنن تاوەکو ئەوکاتەى کتێبەکە لە سوید قەدەغە دەکرێت.
In the competition to burn more Quran copies,native Danes (Danske patrioter) are leading the Swede of Iraqi descent (Salwan Momika) by 4 against 3.https://t.co/v5tG3JBgXe
— Bilal (@ahmedbilal172) July 31, 2023
کۆتاییەکانى حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتى ستۆکهۆڵم کۆپییەکى قورئانى سوتاند، پاش نزیکەى دوو مانگ لە رووداوێکى هاوشێوەدا جارێکى دیکە لە بەردەم باڵیۆزخانەى عێراق، قورئانى خستە ژێر پێیەوە و شەقى تێهەڵدا بەبێ ئەوەى بیسوتێنێت.
رووداوەکانى سوتاندنى قورئان لە سوید کاردانەوەى فراوان و خێرای لە عێراق لێکەوتەوە، بەرەبەیانى 20ـى تەمموز لایەنگرانى سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد و سوتاندیان، دواتر عێراق پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوید پچڕاند و باڵیۆزەکەى لە خاکى عێراق دەرکرد.
هاوکات لەگەڵ رووداوەکەى ئەمڕۆى سوید کە جارێکى دیکە قورئانى تێدا سوتێنرا، وەزیرانى دەرەوەى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى لە رێگەى ئۆنلاینەوە لە کۆبوونەوەدابوون بۆ تاوتوێکردنى رووداوەکانى چەند مانگى رابردووى سوتاندنى قورئان لە سوید و دانیمارک.
لە گوتارى کردنەوەى کۆبوونەوەکەدا، حسێن تەها ئەمیندارى گشتى رێکخراوى هاریکارى ئیسلامى داواى لە کاربەدەستانى سوید و دانیمارک کرد کە لەسەر ئاستى فەرمى رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى “سوکایەتیکردن” و سوتاندنى قورئان.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراقیش رایگەیاند، هیچ ئازادییەکى رادەربڕین لەوەدا نابینین کە دەستدرێژى بکرێتە سەر بیروباوەڕ و پەرتووکە ئاسمانییەکان.
هاوکات فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیرى دەرەوەى سعودییە رایگەیاند، سوتاندنى قورئان کارێکى ئیستفزازییە و لەژێر هیچ بیانوویەکدا ناکرێت قبوڵ بکرێت.
رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى لە 57 وڵاتى ئیسلامى پێکدێت و کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەمڕۆشى لەسەر داواکارى عێراق سازکرابوو.