زووم:
وەزارەتی پێشمەرگە دوو خانوو بەبڕی زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ بریکاری وەزارەتەکەی دەکرێت، بڕیارەکە پێشینەی نەبووە و بریکار خانووی تایبەتی هەیە.
بەگوێرەی نوسراوێک، وەزارەتی پێشمەرگە دوو خانوو بە بەهای یەک ملیار و 278 ملیۆن دینار بۆ بریکاری وەزارەتەکەی دەکڕێت.
کڕینی دوو خانوو بۆ یەک بەرپرس بەو بڕە زۆرە کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەژێر فشاری کاردانەوەکاندا وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردوە و رایگەیاند، ئەو دوو خانووەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون.
ئەم روونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە لە نووسراوەکەدا ناڵێت موڵکی حکومەت و وەزارەتە و تەنها نوسراوە کڕینی ئەو دوو خانووە بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەبوبەکر هەڵەدنی کە جگە لەوەی یاساییە هاوکات ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بووە دەڵێت، بەگوێرەی نوسراوەکە بێت موڵکەکە بۆ بەرپرسەکەیە، بۆیە نابێت موڵکەکە بۆ کەسەکە بێت و بەناوی بەرپرسەکەوە بکرێت بەڵکو دەبێت بەناوی وەزارەتەوە بێت.
لەسەر ئەم بابەتە کە پەیوەندی بە موڵک و ماڵی گشتیەوە هەیە زووم بەدواداچوونی زیاتری کرد، سەرچاوەیەکی باڵای پێشمەرگە بە زوومی گوت، ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە پێشینەی نەبووە، چونکە وەزارەت زیاتر لە 10 ساڵە خۆی چوار خانووی هەیە و دەبێت بەرپرسەکان لەو خانوانەدا بمێننەوە.
سەرچاوەکی زووم گوتی، چوار خانووەکە یەکێکیان بۆ میوانی وەزارەتە، سێ دانەکەی دیکەش بۆ وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزارەت و ئەمینداری گشتی پێشمەرگە دابینکراوە.
بەم پێیە بێت دەبوو ئەم بریکارە تازەیەی پێشمەرگە بچوایەتە خانووی بریکارەوە نەوەکو ئەوەی دوو خانووی بۆ بکردرێت.
کڕینی ئەم دوو خانوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم کەمترین بەرپرسی وەزارەتی پێشمەرگە خانوو ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیان تەسلیم بەوەزارەتەکە کردوەتەوە.
لەم بەدواداچوونەی زوومدا ئەوەش ئاشکرابوو کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی کابینەی نۆیەم کە هەشت مانگە دەوام ناکات، نەچوەتە نێو هیچ کام لەو چوار خانوەی وەزارەت و دوو خانووی دیکەی بۆ دابینکراوە کە تاوەکو ئێستاش لایەتی.