ماتیۆس مۆراڤیسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، نزیکەی 100 چەکداری گروپی ڤاگنەری روسی کە لە بێلاڕوسیا جێگیرکراون، بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا هەنگاو دەنێن و دۆخەکەی بە “ئەوپەڕی مەترسیدار” وەسفکرد.
مۆراڤیسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری گلیڤیست لە رۆژئاوای پۆلەندا گوتی، ئەم چەکدارانە بەرەو رێڕەوی “سوالکی” ڕۆیشتوون کە هەرسێ وڵاتی بیڵاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، جوڵەی ئەو هێزانە بەرەو رێڕەوی سوالکی لە نزیک شاری گرۆدنۆی پۆڵەندا جموجوڵ و هەنگاوێکە بۆ هێرشکردنەسەر خاکی پۆڵەندا کە ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا گوتیشی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە چەکدارانی ڤاگنەر بە جلوبەرگی پاسەوانی سنوریی بیلاڕوسیاوە جموجوڵ دەکەن و هاوکاری کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن تاوەکو دەربازی پۆڵەندا بن و سەقامگیری تێکبدەن.
دوای یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر لە حوزەیرانی رابردوودا و دواتر پۆچەڵکردنەوەی لەلایەن پوتین، بیلاڕوسیا رایگەیاند کە چەکدارانی ڤاگنەر هاتوونەتە خاکەکەی و بەشداردەبن لە مەشقپێکردنی سوپای ئەو وڵاتە.
هەفتەی رابردووش، ئاژانسی هەواڵیی پۆڵەندا رایگەیاند کە سوپا هێزێکی سەربازی رەوانەی رۆژهەڵات لەسەر سنوری بیلاڕوسیا کردووە، ئەو هەنگاوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکانی گروپی ڤاگنەرە.
دواتر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا هۆشداری دایە پۆڵەندا لە هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆسەر بیلاڕوسیای هاوپەیمانی.
یەکشەممەی رابردووش، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند کە “کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڤاگنەری کردووە” و جەختیکردەوە کە “ڤاگنەر ویستوویەتی بەرەو پۆڵەندا بڕۆن” و ئەگەریش فشارەکانی ئەو نەبووایە دەچوون.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا، ئەندریە کارتابولوڤ، سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی روسیا باسی لە ئامادەکاریی روسیا کرد بۆ هێرشکردنەسەر پۆڵەندا کە گروپی ڤاگنەر ئەنجامی دەدات.