زووم:
13 حزبی کوردستانی کە زۆرینەیان چەپ و ئیسلامین داوا لە حزبە کوردستانییەکان دەکەن لە فرەلیستی دووربکەونەوە و هەرچی زووە لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دروستبکەن.
ئەم بانگەوازەی 13 حزبە کوردستانییەکە لەکاتێکدایە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تەمموز دەرگای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەکان دادەخرێت (ئەگەر بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی نەدرێت).
13 حزبە کوردستانییەکە دەڵێن، ئایندەی کەرکوک بەهۆی فرەلیستییەوە لەمەترسیدایە “بۆیە لەم کاتە هەستیارە مێژووییەدا ئەم بانگەوازە رادەگەیەنین”.
ئەو حزبانەی بانگەوازەکەیان بڵاوکردووەتەوە زۆرینەیان چەپ و ئیسلامین، لەنێویاندا کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی شیوعی کوردستان، پارتی سۆسیالیست دیموکرات، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و تەڤگەری ئازادی.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کەمتر لە پێنج مانگی ماوە، تاوەکو ئێستا روون نییە حزبە کوردستانییەکان چۆن بەشداریی دەکەن.
بانگەوازەکەی ئەم 13 حزبە کوردستانییە رووی لە یەکێتی، پارتی، گۆڕان و نەوەی نوێیە، بەوپێیەی خاوەنی زۆرترین دەنگن لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک و تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتوون بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بکەن.
لە دوای رووخانی حکومەتی بەعسەوە لە 20 ساڵی رابردوودا تەنها یەک هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە لە ساڵی 2005. کورد لەو هەڵبژاردنەدا بە لیستی برایەتی بەشداریی کرد، کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای کرد و پۆستی پارێزگاریشی بەدەستهێنا.
بە گوتەی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حزبە کوردستانییەکان، ئەگەر حزبە کوردستانییەکان بە لیستی هاوبەش نەچنە هەڵبژاردنەکانەوە، دەنگی کورد لە پارێزگاکە پەرت دەبێت و ناتوانن هەمان سەرکەوتنی ساڵی 2005 دووبارە بکەنەوە.