زووم:
ئەم بەیانییە تاوانێکی دەگمەن خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەئاگاهێنایەوە. تاوانێک زەحمەتە بتوانیت هاوشێوەکەی بدۆزیتەوە: پیاوێک لەیەککاتدا هەردوو هاوسەرەکەی دەکوژێت.
دوو ژنەکە بەرلەوەی بکوژرێن لەنێو خانوویەکدا دەژیان لە گەڕەکی کانی سۆران، حەوت منداڵیشیان هەبوو.
ئەم بەیانییە و چەند کاتژمێرێک پاش رووداوەکە، پیاوەکە بە خۆی و تاپڕەکەیەوە دەچێتە لای پۆلیس و پێیان دەڵێت بەم تاپڕە هەردوو ژنەکەم کوشتووە.
کەسانی نزیک لە قوربانییەکان دەڵێن، لە کاتی تاوانەکەدا منداڵەکانیش خەبەریان بووەتەوە و رووداوەکەیان بە چاوەکانی خۆیان بینیوە.
بە گوتەی کەسوکارەکەی لەنێویشیاندا برای تاوانبارەکە، پێشتر زیاد لە جارێک پەنایان بۆ پۆلیس بردووە و لە رەفتاری توندوتیژانەی پیاوەکە ئاگاداریان کردوونەتەوە.
هەندێ زانیاریی پشتڕاستنەکراوەش ئاماژە بەوەدەدەن، تاوانبارەکە پێشتر چەند جارێک یەکێک لە هاوسەرەکانی لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کردووە.
لە ساتەوەختی روودانی تاوانەکەوە جگە لە روونکردنەوەیەکی چەند دێڕیی پۆلیسی سۆران کە پرسیار هەڵدەگرێت، هیچ لایەنێکی فەرمی نەهاتووەتە قسە.
روونکردنەوەکەی پۆلیسی سۆران ئاماژەی بە وشەی “کوشتن” نەکردووە، بەشێوەیەک رووداوەکەی گێڕاوەتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوە بووە و لە ئاکامدا دوو ژن گیانیان لەدەستداوە.. دەبێت سەرنج لە روونکردنەوەکە بدەین کە دەڵێت “گیانیان لەدەستداوە” نەوەک “کوژرابێتن”، ئەمە لەکاتێکدایە تاوانبارەکە چووەتە بەردەمیان و پێی گوتوون دوو کەسی کوشتووە.
دواتر شەماڵ دێواری گوتەبێژی پۆلیسی سۆران ئەم ناڕوونییەی روونکردەوە و بە زوومی گوت، بەڵێ رووداوەکە کوشتن بووە.
پۆلیسی سۆران لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا تێبینییەکیان نووسیوە، کە ئەمیشیان پرسیار هەڵدەگرێت. پۆلیس نووسیویەتی ئەم هاوڵاتییە (کە مەبەستی تاوانبارەکەیە)، لای ئەوان هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆمارنەکراوە، هیچ فەرمانێکی گرتنی نەبووە و نییە.
بەڵام دواتر گوتەبێژەکەیان بۆ زوومی ئاشکراکرد کە تاوانبارەکە لەلای بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی سکاڵای لەسەر بووە.
شیروان خالد، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانیی لە سۆران، لە لێدوانێکیدا بۆ زووم، جەختیکردەوە تاوانبارەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، ئەوان بۆ ماوەی 15 رۆژ چاودێریی ماڵەکەیان کردووە “رۆژانە تیمەکانی ئێمە لەگەڵ تیمەکانی نەهێشتنی تاوان چەندینجار چووینەتە ماڵەکە، بەڵام تاوانبارەکە لە ماڵەکەی خۆی نەدەهاتە دەرەوە”.
کەسوکارەکەی دەڵێن تاوانبارەکە پێشتر پێشمەرگەی زێڕەڤانی بووە و دوو ساڵە مووچەکەی بڕدراوە، بەڵام روونیان نەکردووەتەوە لەبەر چ هۆکارێک لەسەر کارەکەی نەماوە. زێڕەڤانیش تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکی لەوبارەیەوە نەکردووە.
ئەم تاوانەی سۆران لە کاتێکدا روویداوە، چەند رۆژێک بەسەر جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە. تاوانبارەکە بە پۆلیسی گوتووە بە چەکی جۆری تاپڕ تاوانەکەی ئەنجامداوە، بەڵام پۆلیسی ناوچەکە روونی نەکردووەتەوە چەکەکەی لەکوێ بووە؟ ئایا چەکەکە مۆڵەتی هەبووە یاخود نا؟ بەوپێیەی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و ئاشکراکردنی بۆ رایگشتی رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تاوان لە داهاتوودا.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە زوومی گوت، هێشتا لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو چەکەوە بەردەوامە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە، بە دیاریکراوی نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە کە چەکەکە مۆڵەتی هەیە یاخود نا.