زووم، بی بی سی
ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەرانسەری جیهاندا نیشان دەدەن، هەر لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئاگری دارستانەکان و گەردەلولەوە تا باران و لافاوی بەخوڕ.
کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە چەندین ئاگر روبەڕوی دارستانەکانی دەبنەوە، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازترە. لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ ئاگر چوارهێندەی سەرجەم وەرزەکانی دیکە روبەری دارستانەکانی سوتاندووە. ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ساڵی 1990ەوە، کە بە زیاتر لە 8 ملیۆن هێکتار زەوی مەزەندە دەکرێت. دووکەڵی ئاگرەکانیش لە سەرەتای تەموزدا، بەشێکی زۆر لە شارەکانی باکوری ئەمریکای دراوسێی وڵاتەکەی داپۆشیوە.
پلەکانی گەرما لە ئەمریکا هێندە بەرزبوونەتەوە، لەکاتی کەوتنی خەڵکی لەسەر شەقامەکان لەشیان سوتاوە و پزیشک چارەسەری سوتاوی بۆ کردوون. لە هەندێک ناوچەی ئەمریکا پلەکانی گەرما زیاتر لە پێنج هەزار جار ئاستی پێوانەیی نوێیان تۆمارکردووە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دۆخەکە لە وڵاتی ئۆرۆگوای کێشەیەکی دیکەشی بۆ زیادبوووە و وڵاتەکە روبەڕوی وشکەساڵییەک بووەتەوە کە لەماوەی 74 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. کەمبارانی هێندە لە ئاستێکی خراپدایە، ملیۆنان کەسی پایتەختی وڵاتەکەی ناچارکردووە پەنا بۆ خواردنەوەی ئاوی دەبە ببەن.
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەکە پێچەوانەیە و بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە چەندنین وڵات روبەڕوی لافاوی بەهێز و داڕمانی زەوی بووەتەوە، لەوانەش: هیندستان، ژاپۆن و چین.
لە باکوری هیندستان بەهۆی بارانی بەخوڕی وەرزییەوە، 100 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە ئەنجامی داڕمانی زەوی، لافاو و داڕمانی باڵەخانەوە لە دوو هەفتەی یەکەمی تەموزدا روویانداوە.
بەرپرسی کەشناسی ژاپۆن رایگەیاندووە، بارانی وەرزیی ئەمساڵ هێندە بەخوڕ بووە هەرگیز ئاوا نەباریوە. هۆکاری ئەم بارانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلەکانی گەرما لە جیهاندا بەرزبوونەتەوە، ئەمەش وادەکات بەرگەهەوای ئاتمۆسفیری دەوری گۆی زەوی ئاوی زیاتر بگرێتەخۆی و لە شێوەی باراندا ببارێت.
دۆخەکە لە چینیش بەهەمانشێوەیە و بارانی بەخوڕ لەو وڵاتەدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس و زیانێکی زۆری بەر ژێرخانی هەندێک ناوچەی وڵاتەکە گەیاندووە، بەشێوەیەک کە سەربازانی سوپای وڵاتەکە یارمەتی خەڵکانی لێقەوماویان داوە.
لە هەمانکاتتدا لە ناوچەکانی پەکینی پایتەخت، خەڵکیی چەتریان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان لە تینی خۆر بپارێزن. لە ناوچەی شینجیانگی وڵاتەکە پلەکانی گەرما بۆ 52.2 پلەی سلیزی بەرزبوونەوە کە ئەمەش بەرزترین ئاستی مێژویی پارێزگاکەیە.
پلەکانی گەرما لە باشوری ئەوروپا و باکوری ئەفریقا روویان لە بەرزبوونەوە کردووە و یۆنانیش لە مانگی تەموزدا روبەڕوی گەورەترین ئاگری مێژووی وڵاتەکەی بووەتەوە، بەشێوەیەک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاندووە وڵاتەکەی لە جەنگدایە.
بەهۆی شەپۆلە بەرزەکانی گەرماوە، بەرپرسانی ئیتاڵیاش هۆشدارییان داوە کە نەک تەنها کەسانی لاواز و پەککەوتە، هیچ کەسێک مەگەر زۆر ناچار نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
پێدەچێت لە شەپۆلەکانی گەرما لەمساڵدا، ئەفریقا زۆرترین قوربانی دابێت. لە جەزائیر لانیکەم 34 کەس بەهۆی ئاگرەوە گیانیان لەدەستداوە کە 10 کەسیان سەربازیی وڵاتەکەبوون. لە تونسی دراوسێشدا سەدان کەس ئاوارەبوون.
ئەم دۆخەی زەوی هێندە مەترسیدارە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، جیهان گەیشتووەتە سەردەمی “کوڵانی زەویی” کە پێشتر بە گەرمبوونی زەوی باسی لێوەدەکرا.