دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکیان لەژێر ناوی “ژینا ئەمینی” پێشکەشی ئەنجومەنەکە بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێرانی و چڕکردنەوەی سزاکانی سەریان بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.
پڕۆژەیاساکە لە لایەن مارکۆ ڕۆبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان و ئەلێکس پادیلا، سیناتۆرێکی دیموکراتەکان لە ژێر ناوی “یاسای ژینا ئەمینی بۆ لێپرسینەوەی ئاسایشی و مافەکانی مرۆڤ” دراوە بە کۆنگرێس و لەلایەن هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان پشتیوانی زۆری لێدەکرێت.
ئامانج لەم هەنگاوە سزادانی بەرپرسە باڵاکانی ئێرانە، پڕۆژەیاساکە سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی هەموو 90 رۆژ جارێک راپۆرتێکی ئاشکرا بڵاوبکاتەوە و بیدات بە کۆنگرێس دەربارەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار و بەرپرسە نزیکەکان لێیان.
هەر بەپێی پڕۆژەیاساکە، سزاکانی تیرۆر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سزاکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمیەکە بەسەر ئەم بەرپرسانە و دەزگاکانیان دەسەپێندرێت.
مارکۆ رۆبیۆ دەڵێت، رژێمی ئێران پشتیوانی تیرۆرە، ئاژاوە و ماڵوێرانی دووچاری گەلەکەی خۆی کردووە لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە کە لە ژماردن نایەن.
ژینا ئەمینی، کچە خوێندکارێکی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ئێوارەی 13ی ئەیلولی 2022 لە تاران دەستگیرکرا، بە پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی تۆماتبارکرا، دوای سێ رۆژ و لە 16ی ئەیلول لە روداوێکی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا، پۆلیسی ئێران گوتیان بەهۆی جەڵدەی دڵ گیانی لەدەستداوە، خێزانەکەشی پۆلیسیان بە ئەشکەنجەدانی ژینا تۆمەتبارکرد.
روداوەکە گڕی خۆپیشاندانی لە ئێران هەڵگیرساند و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان ئەنجامدرا، (ژن ژیان ئازادی) بوو بە دروشمی خۆپیشاندانەکان، خۆپیشاندانەکان ماوەی نزیکی شەش مانگی خایەند و حکومەت بەهەموو جۆرێک رووبەرووی خۆپیشاندەران بووەوە تا ئاستی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی لەسەر ژمارەیەک خۆپیشاندەر.
خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا هێوربوونەوە و حکومەت و سوپای پاسداران هەموو جۆرە توندوتیژییەکی بۆ کپکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، 500 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 20 هەزاری دیکەش دەستگیرکران.