نەیجەر، ئەو وڵاتەی گیری بە دەست قەیرانەکانی ئاسایش، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە خواردووە، بۆ جاری پێنجەم گەڕایەوە ناو چوارچێوەی کودەتا سەربازییەکان، لەگەڵ هەر کودەتایەکیشدا، ناوێکی سەربازیی بەهێز حوکمی وڵات دەکات، ئەمجارەیان نەیجەرییەکان ناوی جەنەڕاڵ عومەر چیانی دەبەن.
لەگەڵ ئەوەی ئەم ناوە ئێستا لەسەر زمانی زۆرێک لە نەیجەرییەکان باسی لێوەدەکرێت، بەڵام زانیارییەکان زۆر کەمن لەبارەی ئەم جەنەڕاڵە گوماناوییە، هەروەها بە دروستی ئەوەش نازانرێت چی پاڵی بەم جەنەڕاڵەوە ناوە کورسی دەسەڵات وەرگەڕێنێت، بە تایبەت دوای دوو ساڵ لە یەکەم گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەنێوان دوو سەرۆکدا.
چیانی خەڵکی ناوچەی “تیلابێری”یە، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای نەیجەر، لەسەر سنووری وڵاتانی مالی و بورکینافاسۆ، ئەو ناوچەیەی بە “سێگۆشەی سنووری” ناسراوە، زۆرێک لە گروپە چەکدارییەکانی داعش و نوسرەتولئیسلام کە سەر بە قاعیدەیە لەم ناوچەیە چالاکن.
هەمان ئەو ناوچەیەیە کە لە ساڵی 2017دا چوار سەربازی هێزی تایبەتی ئەمەریکای تێدا کوژرا لەکاتێکدا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوون بە سەربازانی سوپای نەیجەر، دواتر داعش هێرشە چەکدارییەکەی لەئەستۆ گرت.
رۆژنامەی شەرقئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، عومەر چیانی لە نەتەوەی هۆسایە کە گەورەترین نەتەوەیە لە نەیجەر، زۆربەی سیاسییەکان لە نەتەوەی هۆسان، ئەوان زۆر دژی ئەوە بوون کە محەمەد بازوومی بە رەچەڵەک عەرەب ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، چیانی سەرەتا پەیوەندی بە ریزەکانی سوپاوە کردووە و دواتر بووەتە ئەفسەر، پاشان ئەرکی فەرماندەیی هەندێک یەکەی سەربازی پێسپێردراوە، بەڵام دوای ئەوەی محەمەد یوسفۆ لە ساڵی 2011دا بووە سەرۆکی نەیجەر، هێزی عومەر چیانی بە تەواوی دەرکەوت و پیاوێکی زۆر متمانەپێکراوی یوسفۆ بووە.
لەماوەی حوکمی یوسفۆدا، چیانی سوودی لە پلەبەرزکردنەوەی خێرای سەربازی وەرگرتووە تا گەیشتووەتە پلەی جەنەڕاڵ بەبێ ئەوەی بە رێکاری سەربازیی ئاساییدا بروات، ئەوەش بووەهۆی سەرچاوەی نائاسوودەیی جەنەڕاڵ و بەرپرسانی دیکەی نەیجەر.
بەڵام یوسفۆ لە ساڵی 2015 بڕیاری دا چیانی بکاتە فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتی وڵات کە یەکێکە لە یەکە نوخبەکانی ناو سوپای نەیجەر، ئەرکی پاراستنی سەرۆکی وڵاتەکەی پێدەسپێردرێت، ئەرکێک کە پێدەچێت چیانی تێیدا سەرکەوتوو بووبێت کاتێک لە ساڵی 2015دا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵی کودەتایەک دژی یوسفۆ.
جەنەڕاڵ چیانی بە “پیاوێکی تەنیا و بێدەنگ” وەسف دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێگەیەکی بەهێز و کاریگەری بۆ خۆی لە دامەزراوە سەربازییەکەدا دروستکردووە، بەتایبەتی لەناو کەتیبەی پاسەوانی سەرۆکایەتیدا، کە نزیکەی 10 ساڵ فەرماندەیی دەکات و زۆربەی سەربازەکانی دڵسۆزی ئەون.
محەمەد بازوم لەگەڵ گەیشتنی بە دەسەڵات لە ساڵی 2021دا و پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات، تووشی هەوڵێکی شکستخواردووی کودەتا بوویەوە، ئەمەش وای لێکرد گۆڕانکاری بەرفراوان لە کەتیبەی پاسەوانی سەرۆکایەتی بکات بەڵام جەنەڕاڵ چیانی لە سەرکردایەتی هێشتەوە، دەوترێت ئەوە لەسەر داوای یوسفۆ بووە کە خۆبەخشانە دەسەڵاتی ڕادەستکردبوو بە مازووم.
هەرچەندە یوسفۆ دەسەڵاتی بەجێهێشت، بەڵام دوای خۆی هێشتا کاریگەرییەکانی مابوو، چونکە “پیاوێکی متمانەپێکراوی خۆی” لە فەرماندەیی پاسەوانی سەرۆکایەتی دانابوو، تا ئەو ڕادەیەی کە خاوەنی قسەی کۆتایی بوو لە حزبی دەسەڵاتداردا، ئەو کوڕەکەی بردە ناو حکومەتەوە و وەک وەزیری وزە و کانزاکان دایمەزراند، چەند کەسایەتییەکی دیکەی ناو حکومەت پەیوەندی راستەوخۆ و کەسییان لەگەڵدا هەبوو، بە تایبەت سەرۆکوەزیران.
سەرچاوەکان لە نەیجەر باس لەوە دەکەن کە کەسانی نزیک لە بازوم بەردەوام چاودێری جەنەڕاڵ چیانیان دەکرد و ئامۆژگاری سەرۆکیان دەکرد کە لە فەرماندەیی کەتیبەی پاسەوانی سەرۆکایەتی لایببات لە پێناو چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتەکەی، بەڵام بازوم بەردەوام ئەو ئامۆژگارییانەی ڕەتدەکردەوە و دەیویست لە پۆستەکەی بمێنێتەوە چونکە لە هاوڕێکەیەوە وەریگرتووە کە سەرۆکی پێشوو بوو.
لە ماوەی رابردوودا، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەیجەر هەواڵێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە نیازی بازووم بۆ گۆڕانکاری لە بەرپرسانی دامەزراوە سەربازییەکان، بەتایبەتی بەوەی پاسەوانی سەرۆکایەتی و “جەنەڕاڵە نهێنییەکە” پێگەی خۆی لەدەست دەدات، هەرچەندە ئەم هەواڵە هەمیشە لە بازنەی دەنگۆکاندا مایەوە، بەڵام زوو زوو دووبارە و گەورەتر دەبوو.
چاودێرانی کاروباری ناوخۆیی لە نەیجەر پێیان وایە ئەم هەواڵە هەرچەندە پشتڕاست نەکراوەتەوە ڕۆڵی هەبووە لەو هەنگاوەی جەنەڕاڵ چیانی و بڕیاریداوە سەرۆک کۆمار ڕابگرێت و تەواوی پێکهاتە سەربازییەکانی ڕازی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا کودەتایەکی سەربازی بکەن.