رۆژنامەی پۆڵەتیکۆی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تاوەکو ئەیلولی داهاتوو، کاروانی یەکەمی تانکی ئەبرامزی ئەمریکی دەگاتە گۆڕەپانەکانی جەنگ لە ئۆکراین.
رۆژنامەکە لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادار لە پلانەکە دەڵێت، سوپای ئۆکراین فشار لە ئەمریکا دەکات تاوەکو زووتر ئەو تانکانە رەوانە بکات بۆئەوەی لە دژەهێرشەکەیدا دژی سوپای روسیا بەکاریبهێنێت.
بەپێی پلانەکەی وەزارەتی بەرگریی کە رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە مانگی ئابدا تانکەکان دەگەنە ئەڵمانیا و پشکنین و نۆژەنکردنەوەی کۆتاییان بۆ دەکرێت و دواتر و بۆ مانگی ئەیلول دەنێردرێن بۆ ئۆکراین بۆ بەکارهێنان.
پێشتر بەرپرسانی پنتاگۆن باسیان لەوەکرد کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە وەرزی پایزدا تانکی ئەبرامز دەگاتە گۆڕەپانەکانی جەنگی ئۆکراین.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی کاروانی یەکەمی تانکەکان شەش بۆ هەشت دانە دەبێت و نرخی هەر یەکێکیان لە دەوروبەری 12 ملیۆن دۆلاردایە، کۆی گشتیی تانکەکانیش دەگاتە 31 تانک.
باسی لەوەشکردووە کە تانکەکان لە جۆری M1A1 دەبن نەک جۆرە تازەکە کە M1A2ـە، پێش ئەوەی سوپای ئۆکراین بەکاریبهێنێت، پێویستە سەربازانی ئەو وڵاتە خولێکی مەشق و راهێنانی 10 هەفتەیی ببینن.
هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین:
- ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی برادلی (گەیشتووە)
- بۆمبی هێشوویی (گەیشتووە)
- تۆپهاوێژ و تەقەمەنی و چەکی سوک (گەیشتووە)
- تانکی ئەبرامز (مانگی ئەیلول دەگات)
- فڕۆکەی ئێف 16 (دوای تەواوبوونی راهێنانی فڕۆکەوانانی ئۆکراین دەنێردرێت)