ئێوارەی دوێنێ، محمەد بازومی سەرۆکی وڵاتی نەیجەری ئەفریقا، لەلایەن پاسەوانەکانییەوە لە شوێنی حەوانەوەکەی لە کۆشکی سەرۆکایەتی، لە کودەتایەکدا گەمارۆ درا و دەستبەسەرکرا. دواتریش سەربازانی وڵاتەکە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەوە رایانگەیاند، بازومییان لە پۆستەکەی لاداوە، ئەمڕۆش بە فەرمى ئەنجامدانى کودەتایان راگەیاند.
لە گوتارەکەیدا، فەرماندە ئامادوو ئەبدرامەین، گوتەبێژی سوپای نەیجەر رایگەیاند، “هێزەکانی ئەمنیی و بەرگریی بڕیاریاندا کۆتاییی بەو رژێمە بهێنن کە خۆتان دەیناسن”. ئەمەش دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنیی و خراپ ئیدارەدانی کەرتی ئابوریی و کۆمەڵایەتی وڵات دێت.
راشیگەیاند، بەهۆی کودەتاکەوە سنورەکانی وڵاتەکە داخراون و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لەو وڵاتەدا راگەیەندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە داخراون.
کودەتاکە رۆژێک دوای ئەو نا دڵنیاییانە دێت، کە سەرۆکایەتی نەیجەر رایگەیاند، نوخبەیەک لە یەکەی پاسەوانی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی دژە-کۆماریی کردووە و دواتر لەلایەن گروپێک پاسەوانی یاخیبووەوە دەستبەسەرکران.
دوای دەنگدانەوەی دەستبەسەرکردنەکەی لە میدیاکانی جیهانییەکان، ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرۆکی وڵاتی کرد و رایگەیاند، “ئەمریکا پشتیوانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکراسیانەی نەیجەر دەکات. ”
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان “بەتوندترین” شێوە ئیدانەی دەسبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی نەیجیرى کرد و رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ حکومەت و گەلی وڵاتەکە دەمێنێتەوە.
کودەتاکەی ئەمجارەی نەیجەر دەبێت بە حەوتەمین کودەتا لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا لەساڵی 2020ەوە. ئەمەش کاری وڵاتانی رۆژئاوا سەختتر دەکات لە هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی ناوچەی سەحێلی ئەفریقا کە ماوەی 10 ساڵە روبەڕوویی سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان بوونەتەوە.
نەیجەر وڵاتێکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەفریقا، پێشتر لەلایەن فەرەنساوە داگیرکراوە. هەربۆیە زمانی فەرمی وڵاتەکە زمانی فەرەنسییە، جگە لەوەش، چەندین زمانی دیکەی جیاواز، لەوانەش عەرەبی.
بەگوێرەى دواین ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەى دانیشتوانى نەیجیر 24 ملیۆن کەسە.
زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە موسوڵمانی سوننە نشینن و لەسەدا 7ی دانیشتوانەکەی شیعەن و ژمارەیەکی کەمیش لە دانیشتوانی وڵاتەکە لە ئاینەکانی دیکەن.
سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکانی گروپە توندڕەوەکانی لیبیا و مالی، لە ئێستادا وڵاتەکە لەگەڵ قەیرانی وشکەساڵیی و هەژاریدا دەجەنگێت. بەڵام وڵاتیکی دەوڵەمەندە بە کانزای زێڕ و نەوت و کشتوکاڵ لەسەدا 40ی ئابورییەکەی پێدەهێنێت.
بەپێ راپۆرتی بانکی جیهانیی ساڵی 2021، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا لە هەژارییەکی سەختدا دەژین. بەڵام لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بازومی، وڵاتەکە گەشەکردنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، و لەساڵی 2022دا گەشەی ئابوری لەسەدا 11.5 بووە و بەرهەمی کشتوکاڵیی لەسەدا 27 زیادیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای زیادبوونی هەڵاوسانی ئابوری لە جیهاندا، نایجەر کەمترین رێژەی هەڵاوسانی هەبووە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی.
بەهۆی ئەوەی نایجەر وەک هاوپەیمانێکی رۆژئاوا دەبینرێت لە روبەڕووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکاندا و بە ملیۆنان دۆلار هاوکاری دەکەن لە ڕووەوە، هەڵبژادن و دەستاودەستکردنی دیموکراتییانەی دەسەڵات لە ساڵی 2021 وەک هیوایەک دەبینرا بۆ نەهێشتنی ئەو گرووپانە. ئەمەش لەدوای ساڵی 1960ەوە یەکەم هەڵبژاردنی هاوشێوە بوو چونکە وڵاتەکە روبەڕووی چوار کودەتای سەربازیی بووەتەوە. دواهەمین کودەتاش چەند رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنی بازومی بوو وەک سەرۆکی وڵات لە ساڵی 2021دا، بەڵام کودەتاکە شکستی هێنا.
هەربۆیە لەکارلادانی بازومی هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانییەکی زۆری لە ناوچەکەدا دروستکردووە، چونکە هەریەک لە فەرەنسا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا خەرجییەکی زۆریان لە بنیادنانی سوپای وڵاتەکەدا کردووە بۆ روبەڕووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە ناوچەی سەحێلی ئەفریقا.