زووم، ئاژانسەکان
لە تازەترین دۆزینەوە لەبواری تەندروستیدا، چەند توێژەرێک لە زانکۆکانی کانتەبێریی و لێستەری بەریتانی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەبارەی کاریگەریی چەند جۆرە وەرزشێک لەسەر کەمکردنەوەی فشاری خوێن و بۆیان دەرکەوتووە راهێنانی “ئیزۆمێتریک” یان وەرزشی بێ جوڵە کاریگەرییەکەی دوو هێندە زیاترە لەو رێنماییانەی دامەزراوە حکومییەکانی ئەو وڵاتە کە بۆ راهێنانی وەزشی دانراون.
ماڵپەڕى وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەدات کەسانی پێگەشتوو دەبێت لەنیکەم 150 خولەک لە هەفتەیەکدا وەرزشی پڕجوڵەی وەک راکردن ئەنجامبدەن و خۆراکی تەندروست بخۆن بۆ ئەوەی فشاری خوێنی لەشیان کەمبکەنەوە.
کەمبوونەوەی فشاری خوێن کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە دڵ و دەمارەوە، وەک جەڵتە و وەستانی دڵ. بەڵام رێنماییەکان، باسی ئەوە ناکەن وەچانی نێوان راهێنانە قورسەکان و وەزشی بێ جوڵە چەندە کاریگەری هەیە لەسەر کەرمکردنەوەی فشاری خوێن.
توێژینەوەکە کە 270 تاقیکردنەوەی هەڕەمەکی لەسەر 15 هەزار و 827 بەشداربوو ئەنجامداوە بۆئەوەی کاریگەریی جۆرە جیاوازەکانی وەرزش بزانن لەسەر کەمکردنەوەی فشاری خوێن. دوای جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی جۆرە جیاوازەکانی وەرزش بۆ وەرزشی پڕجوڵە، بە وچان و وەرزشی بێ جوڵە، دەرکەوت کە هەرکامێکیان کاریگەریی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی فشاری خوێن، بەڵام وەرزشی بێ جوڵە زۆرترین کاریگەریی هەبووە.
وەرزشی بێ جوڵە یان جێگیر بەو وەرزشە دەوترێت کە جەستەت لە شێوازێکی دیاریکراودا دەهێڵیتەوە بەمەرجێک ماسولکەکانی لەش لەکاردابن وەک وەستانی لەش لەسەر نوکی پێکان و مەچەک لە شێوەی ئەنجامدانی شناودا.
بەهۆی ئەم وەرزشەوە، ماسولکەکان گرژ دەبن و بەتەواوی ئەو دەمارانە دەگوشێت کە خوێن بۆ ماسولکەکان دەگوازنەوە. لەگەڵ خاوبوونەوەی ماسولکەکان، خوێن بەناو رێرەوە دەمارییەکان بەشێوەیەک فیچقە دەکات کە جیاوازە لە شێوازەکانی دیکەی وەرزشکردن. ئەمەش بەرەوپێشچوونی زیاتر لە رێکخستنی سوڕی خوێندا دروستدەکات.
شێوازێکی دیکەی ئەم جۆرە وەرزشە دانیشتنە بەشێوازێک کە وەک ئەوە وابێت لەسەر کورسییەکی بێ پشت یان تەپڵەکێک دانیشتبیت، لە هەمانکاتدا هیچ شتێکت لەژێردا نەبێت، بەمەرجێک پشت و سەرت رێک بە دیوارێکەوە بنوسێن. دووبارەکردنەوەی ئەم کارە چوار جار و هەرجارێک بۆ ماوەی دوو خولەک و دوو خولەکیش پشوو لە نێوانیاندا وەربگریت، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی فشاری خوێن.
د. کوش جۆشی راوێژکاری تەندروستی وەرزشیی دەستخۆشی لە دۆزینەوە نوێکەی ئەو توێژینەوەیە کرد و رایگەیاند کە وەزشەکە رەنگە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشن زۆر کرداریی نەبێت بەهۆی ئەوەی سەختە بتوانن لەسەر مەچەک و نوکی پێکانیان بوەستن یان پشت بە دیوارەوە بدەن. هەربۆیە داوا دەکات چارەسەرێکیش بۆ ئەو جۆرە کەسانە بدۆزرێتەوە بۆئەوەی بتوانن ئەو راهێنانانە ئەنجام بدەن.
پسپۆڕانی دیکەی تەندروستی ئاماژەیان بە گرنگی وەزشەکە کردووە، بەڵام ئامۆژگاری خەڵکیش دەکەن کە شێوازی ژیانیان بگۆڕن، کێشیان دابەزێنن، خواردنی تەندروست بخۆن و خواردنەوە کحولییەکان کەمبکەنەوە.