زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی تازە بەرزبوونەوەى پلەکانی گەرما ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدار و درێژخایەنەکان زیاتر دەکات.
ئەگەری توشبوون بە جەڵتەى دڵ دوو هێندە دەکات
بەگوێرەى توێژینەوەکە کە رۆژی دووشەممە لە لایەن پێگەی زانستی Circulation ئەنجامدراوە و سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە پیسبوونی ئاو و هەوا، بە جۆرێک کە کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و ئەگەری توشبوون بە جەڵتەى دڵ دوو هێندە دەکات.
توێژینەوەکە لەسەر 202 کەیسی گیانلەدەستدان بە جەڵتەى دڵ کراوە لەنێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2020 لە هەرێمى جیانگسۆ لە چین.
توێژینەوەکە ئەوەشى دەرخستووە کە پلەی گەرمای زۆر نزمیش هەمان کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بەوپێیەی ئەویش دەبێتە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا، ئەمانەش پێکەوە هۆکارن بۆ زیادبوونی رێژەی گیانلەدەستدان بە جەڵتەی دڵ بەتایبەت لە نێو ژنان و بەتەمەنەکاندا.
بەگوێرەى ئەنجامەکانى توێژینەوەکە، لە هەرێمى جیانگسۆى چین مەترسی بەرزی پلەی گەرما لە پلەی 28ەوە دەستپێدەکات، دەرکەوتووە لەماوەى دوو رۆژدا کە پلەی گەرما لەنێوان 28 بۆ 36 پلە بووە، رێژەى گیانلەدەستدان بە جەڵتەى دڵ 18% زیاتر بووە بەراورد بە رۆژەکانى دیکە.
هەروەها رێژەی گیانلەدەستدان بە جەڵتەى دڵ لەو رۆژانەی کە پلەی گەرما لەنێوان 36 بۆ 43 بووە و ماوەکەى چوار رۆژ بووە لە 74% زیاتر بووە بەراود بە رۆژەکانى دیکە.