بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێن روسیا بە هاوکاری ئێران و لەناو خاکی خۆیدا، خەریکی دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە (درۆن) و جەختدەکەنەوە کە لەگەڵ تەواوبوونیدا، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر جەنگی ئۆکراین.
ئاژانسی هەواڵیی CNNی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە دانیشتنێکی داخراوی کۆمەڵێک شیکەرەوەی دەزگاکە لەگەڵ چەند میدیایەکی دیاریکراو جەختیاکردووەتەوە کە “دەمەزراوەکەی روسیا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێشتا لەژێر کارکردندایە و چاوەڕێ دەکرێت کۆگاکانی روسیا پڕ بکات لە فڕۆکەی فڕۆکەوانی نوێ کە قەبارەیان لەوانە گەورەترە کە پێشتر لە ئێرانی کڕیبوون.
ئەو شیکەرەوانە هۆشدارشییان داوە کە لەگەڵ تەواوبوونی بنکە روسییەکەدا کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کاریگەری زۆریان لەسەر جەنگی ئۆکراین دەبێت.
نیسانی رابردوو، ئەمریکا چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردی شوێنی دامەزراوە روسییەکەی بڵاوکردەوە لە ناوچەی ئالابوجا کە 966 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە.
شیکەرەوەکان ئەوەشیان گوتووە کە بە بەردەوامی ئێران کەلوپەلی پێویست بۆ روسیا دەنێرێت تاوەکو هاوکاری تەواوبوونی دامەزراوەکە بکات.
باسیان لەوەشکردووە کە “تاوەکو ئێستا ئێران 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری شاهید 131 و شاهید 136 و موهاجیری ناردووە بۆ روسیا، ئەو وڵاتەش بە نزیکەی هەموو دانەکانی بەکارهێناوە.
هاوکات بەرپرسێکی گەورە لە دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکی بە رۆژنامەنوسەکانی گوتووە، روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە زۆری بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ستراتیژی ئۆکراین بەکاردەهێنێت.
راپۆرتەکەی CNNی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران دەریای قەزوین بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک و تەقەمەنی بۆ روسیا، بە تایبەت لەڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە شوێنپێهەڵگری (GPS) لەسەر نییە و ناتوانرێت چاودێری جموجوڵەکانی بکرێت.
ئەمریکا پارچەی زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کۆکردووەتەوە کە لە ئۆکراین کەوتوونەتەخوارەوە و چەندین “بەڵگەی حاشاهەڵنەگری” دەستکەوتووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئێرانین، هەرچەندە زوو زوو ئێران رەتیدەکاتەوە کە ئەو چەکەی ناردبێت بۆ روسیا.
هەینی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکی پاشماوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نمایشکرد کە لە ساڵی 2022دا لە ئۆکراین کەوتوونەتەخوارەوە، هەروەها بەراوردیان کردن بە هەمان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییانەی کە لە عێراق کەوتوونەتەخوارەوە.