زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی دانەوێڵە لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە روسیا بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بەندەرەکانی بارکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراین، دوای ئەوەی لە رێککەوتننامەی دانەوێڵە کشایەوە.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا یەک سەبەتە گەنمی شیکاگۆ (بوشێڵ)ێک کە 27 کیلۆگرامە، نرخەکەی بەرێژەی 8.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 7 دۆلار و 77 سەنت. بەمەش نرخی یەک تۆن گەنم گەیشتە 287 دۆلاری ئەمریکی، کە بەرزترین نرخە لەدوای بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە.
دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا روسیا رایگەیاند، چیتر رێککەوتننامەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین نوێ ناکاتەوە و لێی پاشەکەشە دەکات، نرخەکان بەرە بەرە بەرزبوونەوە.
دوێنێ دووشەممە، بەهۆی هێرشێکی روسیا بۆسەر بەندەری رەنی لە ئۆکراین، سایلۆیەکی عەمبارکردنی گەنم لە بەندەرەکە تێکشکا.
هەفتەی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکراین رایگەیاند، لەدوای سێ رۆژ لە کشانەوەی مۆسکۆ لە رێککەوتننامەکە، روسیا بەندەرەکانی وڵاتەکەی بە چڕی بۆردوومان دەکات و تا ئەوکاتە بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 60 هەزار تۆن دانەوێلە لەناوچووە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا، هەر بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆکراینەوە، نرخی دانەوێڵە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم دوو وڵاتە بەیەکەوە رێژەی 30% گەنمی جیهان بەرهەمدەهێنن.
رێککەوتننامەکە، کە بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان لە تەموزی ساڵی رابردوو واژۆکرا، رێگەی بە هاتوچۆی کەشتییەکانی ئۆکراین دەدا کە بە سەلامەتی و بەبێ ترس لە موشەکەکانی روسیا، گەنم لەڕێگەی دەریای رەشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن.
لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 33 ملیۆن تۆن گەنم هەناردەکراوە. بەڵام لە ئێستادا کە رێککەوتننامەکە بەسەرچووە، مەترسیی جددی هەیە لەسەر ئەوەی نرخەکان بەبەردەوامی بەرز ببنەوە.