لە هەوڵێکدا بۆ وەستاندنی شەپۆلی چڕی کۆچبەران، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد پەیوەندیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروستبکەن کە کۆچبەرانیان بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن.
مێلۆنی لوتکەیەکی بۆ وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و چەندین رێکخرای نێودەوڵەتی لە رۆمای پایتەخت رێکخست و جەختکرایەوە لە دیاریکردنی میکانیزمی نوێ بۆ رێگری لە لێشاوی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا.
لە لوتکەکەدا پرسی چوونی سەدان کۆچبەری رۆژانە بۆ ئیتاڵیا باسی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو، سەرەڕای ئەوەیش باسیان لە سەرچاوەی وزەی ئەوروپاش کرد کە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن بە جێگرەوەی ئەو سوتەمەنییەی کە لەلایەن روسیاوە دابیندەکرا.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێک دەزانن بۆ دروستکردنی نەخشەڕێگای داهاتوو و نیگەرانیشن کە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتانە لە دژی کۆچ باری سەرشانی ئەفریقا قورستر بکات بۆ ئەوەی ئەفریقییەکان لەدەرەوەی ئەوروپادا بهێڵێتەوە.
لە لوتکەکەدا، مێلۆنی جەختیکردەوە کە خۆبەزلزانی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، چوار خاڵیشی بۆ هەماهەنگییەکانی داهاتوو خستەڕوو:
- روبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تاوانبارەکانی بە قاچاغبردنی کۆچبەران
- رێکستنی باشتری هاتنی کۆچبەران
- پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان
- یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی کۆچن
مێلۆنی ئاماژەی بەوەشکرد، “رۆژئاوا دەیەوێت زیاتر وانەمان پێ بڵیتەوە لەبری ئەوەی دەستی یارمەتی درێژبکات، هەر ئەم هەڵوێستە شەرمنانەیەشە کە وایکردووە هیچ بەرەوپێشچونێک لەو پرسەدا نەبێت.”
گوتیشی، “ئەگەر هاتنی کۆچبەران باشتر ئیدارە بدرایە، ئەوا دەرفەتی باشتر بۆ کۆچی یاسایی دەڕەخسا، لە کۆتایی قسەکانیشیدا رایگەیاند، رەنگە زۆر کەس هەبێت شایەنی ئەوەبێت بە یاسایی کۆچ بکا، بەڵام کۆچی نایاسایی تەواوی شوێنەکانییانی پڕکردووە.
باسی لەوەشکرد، “تا دوێنێ، بیرکردنەوەکانمان وابوون کە پێمان وابوو ناتوانێت کۆچ سنوردار بکرێت، چونکە ئەوە مافێکی مرۆڤە و هیچ سنورێک لەنێوان وڵاتاندا نییە، بەڵام ئەوە رێگای من نییە چونکە سنورەکان هەن، دەبێت کۆچ ئیدارە بدرێت.”
لەبارەی هاوکارییەکانیشەوە، مێلۆنی رایگەیاند، ئیمارات بەڵینیداوە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ بەرەوپێشبردنیی ئەو وڵاتانە بدات کە لە گەشەسەنندان و هەژاریی و کەمیی خزمەتگوزاریی کۆچبەران ناچار دەکات وڵاتانی خۆیان جێ بهێڵن.
هەر لەوبارەیەوە، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، داوای لە سەرکردەکانی ئەوروپا و ئەفریقا کرد کە چارەسەرێک بۆ ئەو هەزاران خەڵکە بدۆزنەوە کە لە سنورەکانی باکوری ئەفریقادا گیریان خواردووە.
پاپا راشیگەیاند، “هەزاران کۆچبەر بۆماوەی چەندین هەفتەیە لە دۆخێکی خراپدان کە وەسف ناکرێت، لە بیابانەکانی ئەفریقا گیریان خواردووە و پشتگوێخراون.”
گوتیشی، “با چیتر دەریای ناوەڕاست نەبێتە شانۆیەکی مەرگی نامرۆڤانە.”
سەرەڕای ئەوەی کە هاوکارییە ماددیەکان بەتەواوی لە لوتکەکەدا نەخرانەڕوو، بەڵام یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار تەرخانبکات بۆ هەستانەوەی ئابوری تونس و 111 ملیۆن دۆلاریش بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی.
کۆچبەرانی ئەفریقا بەرلەوەی روبەڕووی مەترسی شەپۆلەکانی دەریا ببنەوە، گەرما تاقەتپڕوکێنەکەی بیابانەکانی ئەفریقا تاڵاوی مەرگیان پێ دەچێژێت. کۆچبەرانی وڵاتە ئەفریقییەکان هەزاران دۆلارد دەدەن بە قاچاغچییەکان بۆئەوەی رێنمونییان بکەن لە گەشتە مەترسیدارەکانیان لە بیابانەکاندا. زۆرێک لە کۆچبەران روبەڕووی ئەشکەنجەی باندە مافیاییەکان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەبنەوە. ساڵانەش سەدان کەس لە دەریادا بەهۆی تێکشکانی بەلەمە شڕەکانەوە دەخنکێن.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تەنها لەمساڵدا، زیاتر لە هەزار و 900 کۆچبەر تەنها لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەرشوێن بوون، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی 2014ەوە لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون گەیشتووەتە 27 هەزار و 675 کەس.