زووم:
لە پێنجشەممەى رابردووەوە جارێکى دیکە بەهاى دینار لە بەرامبەر دۆلار رووى لە پاشەکشەکردووە و لەماوەى ئەم سێ رۆژەدا زیاتر لە شەش هەزار دینار چووەتەسەر هەر 100 دۆلارێک، بە جۆرێک ئێستا لە بازاڕەکانى دراوى عێراق و هەرێمى کوردستان 100 دۆلار لەسەرووى 154 هەزار دینارەوە مەمەڵەى پێوەدەکرێت، ئەم نرخەش بەردەوام لە یاریکردندایە.
بەرزبوونەوەى ئەمجارەى بەهاى دۆلار راستەوخۆ پاش سزدانى 14 بانکى عێراقى هات لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکاوە، بەگوێرەى بڕیارەکە مامەڵەکردن بە دۆلار لەو بانکانە قەدەغەکراوە بەتۆمەتى ئەوەى پابەندى رێنماییەکانى لایەنى عێراقى و ئەمریکى نەبوون لەکاتى حەواڵەکردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق.
سزادانى ئەم بانکانە جارێکى دیکە بابەتى بە قاچاغبردنى دۆلاری لە عێراقەوە بۆ وڵاتانى ناوچەکە وروژاندەوە، رۆژنامەى عەرەب کە بارەگاى سەرەکى لە لەندەنە، لە راپۆرتێکدا دەڵێت “کەرتى بانکی لە عێراق شکستیهێناوە لە بەرەنگاربوونەوەى پرۆسەى بە قاچاغبردنى دۆلار، تۆڕەکانى بە قاچاغبردن و سپییکردنەوەى پارە هەموو کۆد و فلتەرەکانیان شکاندووە و خزاونەتە نێو سیستمى بانکی عێراقەوە”.
رۆژنامەکە لە ژمارەى ئەمڕۆ یەکشەممەدا لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ئاڵوگۆڕى کەرتى بانکى لە عێراق ئاماژەى بەوەداوە، بڕیارەکەى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ قەدەغەکردنى مامەڵەى دۆلار لە 14 بانکى لۆکاڵى لەسەر داواکارى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، بڕیارێکى زۆر درەنگ وەختبوو پاشئەوەى ملیاران دۆلار بە قاچاغبران تەنانەت تائێستاش بانک هەیە لە عێراق هەمان رۆڵ دەبینن.
هەفتەى رابردوو وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا 14 بانکى عێراقى لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەشکرد بەتۆمەتى حەواڵەکردنى دۆلار بۆ ئێران و وڵاتانى دیکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بانکى ناوەندیی عێراق تاوەکو بڕیارەکەى ئەمریکا دەرنەچوو مامەڵەى دۆلارى لەو بانکانە قەدەغە نەکرد “رۆژنامەکە ئەمەى بە شکستێکى دیکەى بانکى ناوەندیی وەسفکردووە”.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆژنامەى عەرەب، لە عێراق 27 بانکى ئیسلامى و 25 بانکى ئەهلى دیکە لەژێر ناوى وەبەرههێنانى جۆراوجۆر بوونیان هەیە ئەمە سەربارى بوونى لقى چەندین بانکى بیانى کە لقى ئەو بانکانەى سەر بە ئێرانن بە پلەى یەکەم دێن، لەکاتێکدا بەر لە هێرشى ئەمریکا تەنها پێنج بانک لە عێراق هەبوون، ئەوانیش بریتى بوون لە بانکى ناوەندیی و بانکى رافیدەین و بانکەکانى کشتوکاڵى و پیشەسازیی و نیشتەجێکردن، سەرجەمیان بانکى حکومى بوون و هەریەکەو تایبەتمەندبوو لە بوارى خۆیدا.
رۆژنامەى عەرەب لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بە راپۆرتێکى “سەنتەری جیهانی بۆ توێژینەوەکانى گەشەپێدان” کردووە کە سەنتەرێکى عێراقییە و بارەگاکەى لە لەندەنە، سەنتەرەکە لە چەند رۆژى رابردوودا راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت “لە بیست ساڵى رابردوودا بازاڕى عێراقى سودى لە (دوو لەسەر سێى) فرۆشى رۆژانەى بانکى ناوەندى نەبینیووە کە نزیکەى 250 ملیۆن دۆلارى رۆژانە دەبێت”.
راپۆرتى سەنتەرەکە ئاماژەى بەوەداوە سیستمى بانکى عێراقى لەجیاتى ئەوەى بەشداربێت لە پەرەپێدانى ئابوورى وڵات، بووەتە بەربەستێکى گەورە لە بەردەم راکێشانى وەبەرهێنان، سەربارى ئەوەى لەلایەن تۆڕەکانى بە قاچاغبردن و سپیکردنەوەى پارەوە شکێنراوە و ژمارەیەکى زۆرى بانک کە خاوەندارێتییان بۆ کەسایەتییە سیاسی و حزبى و ملیشیا چەکدارییەکان دەگەڕێتەوە لە بەقاچاغبردنى دۆلار و پارەدارکردنى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ تێوەگلاون لە بەرامبەر بە دەستهێنانى پشتیوانى سیاسی.
راپۆرتەکە هۆشداریی داوە لە نەمانى متمانە بە کەرتى بانکى ئەگەر پرۆسەى بە قاچاغبردن بەردەوام بێت و کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەشڵێت هەوڵەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ رێگریکردن لە بە قاچاغبردنى دۆلار شکستیهێناوە و ئەگەر بەهاى دینارى عێراقیش لە پاشەکشەى بەردەوامدابێت بەرامبەر دۆلار، ئەوا ژیانى عێراقییەکان سەختتر دەبێت و نرخى شتوومەک زیاتر بەرزدەبێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتى سەنتەرە عێراقییەکە هاتووە کە قەدەغەکردنى مامەڵەکردن بە دۆلار لە 14 بانکەکە تەنها روێوشوێنێکى درەنگوەختە و چارەسەرى کێشەکە ناکات تاوەکو دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت و بانکى ناوەندیی رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار دابین بکات لە ژینگەیەکدا کە خاڵییە لە چاودێرییەکى رێکخراو و حزب و میلیشیاکان زاڵن بەسەریدا.
لەلایەکى دیکەوە رۆژنامەى عەرەب لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، بانکى ناوەندیی بۆئەوەى دڵنیایی بدات بەو لایەنانەى کە لە پشت بانکە سزادراوەکانن، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت “بانکە سزادراوەکان ئازادیى تەواویان هەیە بۆ مامەڵەکردن بە دینار و دراوە بیانییەکانى دیکە جگە لە دۆلار”.
سادق روکابى بەڕێوەبەرى سەنتەری جیهانی بۆ توێژینەوەکانى گەشەپێدان دەڵێت، سزادانى ئەم بانکانە پاشئەوە هات کە هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو بۆ سەلماندنى ئەو شوێنانەى کە دۆلاریان بۆ حەواڵە کردبوون، یاخود بەڵگەى کاڵا لە بەرامبەر وەرگرتنی دۆلاردا، دەشڵێت وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا چەندین مانگبوو چاوەڕوانبوو تاوەکو سیستمى دارایی عێراق بە بەڵگەوە ئەم بابەتە بسەلمێنێت، بەڵام هیچى دەستنەکەوت.
لە راپۆرتەکەى رۆژنامەى عەرەبدا هاتووە، زۆرینەى هەوڵەکانى بە قاچاغبردنى دۆلار لەسەر بنەماى هاوردەکردنى کاڵا بووە لە دەرەوە بۆ ناوخۆى وڵات تاوەکو بە دینار بفرۆشرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکى زۆر لە مامەڵەکانى هاوردەکردن وەهەمی بوون و لە بەرامبەریدا هیچ کاڵایەک هاوردەنەکراوە، رێگەیەکى دیکە ئەوە بووە کە کاڵا بە دوو هێندەى نرخى خۆى کڕدراوە یان کاڵاى کەمتر کڕدراوە لە بەرامبەر ئەو دۆلارەى کە وەرگیراوە.
منار عوبێدى کە پسپۆڕێکى ئابوورییە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت لە ساڵى 2020دا نزیکەى 40 ملیار دۆلار لە عێراقەوە چووەتە دەرەوە بە مەبەستى هاوردەکردنى کاڵاى جۆراوجۆر، بەڵام بازاڕەکان بە بەهاى 15 ملیار دۆلار کاڵایان بە دەستگەیشتووە، ئەوەش ماناى ئەوەیە ئەو بڕەى کە ماوە بە قاچاغ براوە بۆ لایەنى دەرەکى.
مەحمود داغر کە پێشتر لە بانکى ناوەندیی بەرپرسیارێتى هەبووە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، کاتێک بانکى ناوەندى دەڵێت 250 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە، رەنگە کڕیارەکان تەنها 150 ملیۆن دۆلاریان بە دەستگەیشتبێت”.
رۆژنامەى عەرەب لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دەڵێت، پرۆسەى بە قاچاغبردنى دۆلار لە عێراقەوە بۆ دەرەوە چەندین سەرچاوەى جۆراوجۆرى لە پشتەوەیە کە بەرپرسانى گەورەى حکومەت و سەرکردەى حزبەکان و پەرلەمانتاران دەگرێتەوە، وەکو ئەو دەڵێت، بانکە “ئیسلامى” و ئەهلییەکان لە کۆتایی پرۆسەکەدا تەنها رۆڵى نێوەندگیر دەبینن هەربۆیە سزادانى هەندێکیان رەنگە هیچ شتێک لە ئەرزى واقع نەگۆڕێت.