زووم:
کاردانەوەکان لەبارەی دۆسیەی شێروان شێروانی و حوکمدراوانی بادینان بەردەوامە، ئەو سزا تازەیەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپێنراوە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە، ئەو کەسانەی هێناوەتە قسە کە بەرپرسیارێتییان هەیە و رۆژێک لە رۆژان بەدوای دۆسیەکەوە بوون.
رێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لەوانەی لە رابردوودا بەدوای دۆسیەکەدا چووە و لە ئێستادا هەندێک زانیاریی باسنەکراوی بڵاوکردووەتەوە.
بە بڕوای رێواز فایەق دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان دۆسیەیەکی کراوە بووە، بەو مانایەی ناوبەناو کەیسی دیکەیان بۆ زیادکردووە. تەنانەت رێواز فایەق دەڵێت بابەتەکە لەوە دەرچووە تەنها دۆسیەیەکی ئاسایی و یاسایی بێت، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا دەرگای بەسەر دۆزەخێکدا کردووەتەوە، کە داخستنی هەروا ئاسان نییە.
رێواز فایەق دەڵێت لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەیانتوانیوە لیژنە لەسەر دۆسیەکە پێکبهێنن، بەوپێیەی دادگا بە دەستتێوەردانی زانیوە و هاوکات پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بووە، هەربۆیە هەوڵیانداوە لە رێگەی دیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و لەمەشدا تەنها سەردانیکردنی حوکمدراوەکانیان بەدەستەوە بووە.
رێواز فایەق بۆیەکەمجار باسی سەردانێکی خۆی و چەند پەرلەمانتارێک دەکات بۆ لای حوکمدارانی بادینان.
سەردانەکە لە ناوەڕاستی 2021 ئەنجامدراوە، ئەوکات بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بینای چاکسازیی گەورانەوە، حوکمدراوەکان لە زیندانی ئاسایشدا بوون.
رێواز فایەق گفتوگۆیەکی خۆی و شێروان شێروانی دەگێڕێتەوە، کاتێک لێی پرسیوە دۆخی ئێوە لەنێو زینداندا چۆنە، شێروان شێروانی گوتوویەتی دۆخمان وەکو دۆخی هەموو زیندانییەکانی دیکەیە، ئێرە شوێنێکی قەرەباڵغە و بۆ هەموومان خراپە، پێویستە کتێبمان لەلابێت، بەڵام لامان نییە.. کام کەناڵ زیاتر ئیستفزازمان بکات دەیخەنە سەر ئەو کەناڵە.. تازە راهاتووم و ئێرە بۆ من زیندان نییە، ئێوە لە زینداندان کە لە دەرەوەن.
رێواز فایەق وەکو خۆی دەیگڕێتەوە نەیانتوانیوە لەوە زیاتر هیچ بەدواداچوونێک بۆ دۆسیەکە بکەن، دەشڵێت بێئومێدبووم لەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هیچ جۆرە دەستپێشخەرییەکی ئێمە قبوڵبکات بۆ دەربازبوون لەو دۆخە.
سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ سەلماندنی قسەکانی نموونەی نوسینێکی خۆی دەهێنێتەوە کە لە رۆژی دەرچوونی حوکمەکاندا تویتی کردووە، بەڵام دواتر ئەنجومەنی دادوەریی لە رونکردنەوەیەکدا ناڕاستەوخۆ پێیانگوتووە ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری یاسا.
رێواز فایەق لە تویتەکەیدا گوتبووی، باوەڕی نەگۆڕم بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانتارانم بیستووە سەبارەت بە دادگاییکردنی بەندکراوانی بادینان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی قورسەوە، هیواخوازم ئەوان بێ متمانەیی بە دەسەڵاتی دادوەریی تۆختر نەکەنەوە
هەر لە بارەی سۆسییەی شێروان شێروانی، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەتیدەكاتەوە ئاگاداریی سزا تازەكەی شێروان شێروانی بووبێت و دەشڵێت شۆک بووم کاتێک بیستم سزادراوە، تەنانەت دەشڵێت نەمزانیوە لەسەر ئەو كەیسە داوای لەسەر تۆماركراوە.
بەڵام کوێستان محەمەد دان بە هەڵەی فەرمانبەرێكی یاسایی وەزارەتەكەیدا دەنێت و دەڵێت، پاشئەوەی داواكاری گشتی سكاڵای لەسەر شێروان شێروانی تۆماركردووە، ئەو فەرمانبەرەی بەشی یاسایی بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازی قسەی دژی شێروان شێروانی كردووە.
بەگوێرەی ئەم گێڕانەوەیەی وەزیر بێت، سزا تازەکەی شێروان شێروانی بەهۆی ئەوەوە بووە کە فەرمانبەرێکی یاسایی وەزارەتەکە بەبێ پرس چووەتە دادگاییەکە و قسەی دژی شێروان شێروانی کردووە، هەربۆیە كوێستان محەمەد دەڵێت، راستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی هەولێرمان ئاگاداركردەوە سزای ئەو فەرمانبەرە بدات.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە روونکردنەوەکەدا دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵی مەسەلەکە و باسی چۆنێتیی سزادانی شێروان شێروانی دەکات.
سزادراوانی بادینان یاداشتێکیان داوەتە بهڕێوهبهری چاکسازی گەورانى هەولێر و تیایدا گوتوویانە ئازادبوونی بهمهرجمان ناوێت، دواتریش ئەو یاداشتە بۆ داواكاری گشتی نێردراوە، بەڵام ئهندامێکی داواكاری گشتی گومان دەکات کە لهژێر فشاردا ئهو یاداشتهیان نووسیبێت، بۆیە داواکارى گشتى یهک یهک سزادراوانی بادینانی بانگکردووە و لێی پرسیوون بۆچی ئازادكردنی بهمهرجیان ناوێت.
سێ سزادراوی بادینان گوتویانە دهمانهوێت و ئهو پهنجه مۆره هی ئێمه نیه، ههر بۆیه داواكاری گشتی بێ پرس و را لهگهڵ وەزارەت داوای یاسایی لهسهر شێروان شێروانی تۆماركردووه.
کوێستان محەمەد دەڵێت، بۆ دڵنیایی خۆم شڤانم بانگ كرد، لێم پرسی ئازادكردنی بهمهرجت ناوێت، گوتی ئێستا بۆم بكهن دهمهوێت، گوتمان ئهی بۆ ناو لە یاداشتەکەدا هەیە و پەنجەمۆرت کردووە؟ گوتی پهنجهمۆری من نییە، گوتمان داوات لهسهر شێروان ههیه؟ گوتی نهخێر، لێمان پرسی ئهو برادهرانهی دیکە داوایان لهسهری ههیه، گوتی نهخێر. هەربۆیە کوێستان محەمەد دواتر ستافەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو بابهته گهوره نهكهن و دایبخهن، بەڵام سەرەنجام سکاڵاکە تۆمارکرا و شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێنرا.