بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپەڕی شەرقلئەوسەت، مامەڵەى ساختە بازاڕەکانی عێراقی شێواندووە و بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا مامەڵەکردن لەگەڵ 14 بانکی عێراقی رابگرێت، کە کاتەکەی بۆ پێش پێکهێنانی حکومەتی تازەى عێراق دەگەڕێتەوە و ئەوکاتە “کاریی نا یاسایییان ئەنجامداوە”.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 14 بانکی عێراقدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی مامەڵەی دۆلاریان لەگەڵ ئێراندا کردووە، کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای خراوەتەسەر.
بەگوێرەی ماڵپەڕی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایانگەیاندووە دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشتووە ئەو بانکانە خەریکی سپیکردنەوەی پارە و ساختەکاریی بوون، بەشێوەیەک کە بەشێک لەو ساختەکاریانە سودی بە ئێران گەیاندووە و لەرێگەیەوە دۆلاری دەستکەوتووە.
سەرەڕای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە کە ئەو لایەنانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پارە بە قاچاغ ببەن بۆ ئێران و سوریا، توانیویانە خۆیان لە رێکارەکانی رێگری لە چوونەدەرەوەی دۆلار لەلایەن واشنتنەوە دەرباز بکەن.
لەدوای جێبەجێکردنی داواکانی ئەمریکا، فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە تێکڕای 150 ملیۆن دۆلاری رۆژانەدا جێگیربووە، کە شارەزایان دەڵێن ئەم بڕە پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە. بەڵام بەهۆی ئەو مامەڵە نایاساییەنەوە فرۆشی دۆلار لەماوەی دوو مانگی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 270 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بەمەش زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار رۆژانە بۆ لایەنی دەرەکی بە قاچاغ دەبرێت.
پێش چەند رۆژێک بانکى ناوەندى عێراق داواى لە حکومەتى عێراق کرد، بەراوردى پارەى رۆشتوو بۆ دەرەوە لەگەڵ شتومەکى هاتوو بکات. ئەمەشى وەک بەشێکە لە رێگرى لە بردنەدەرەى دۆلار بەناوى شت کڕین و بەبێ ئەوەى شت بکڕن.
بەوپێیەش دەردەکەوێت ئەو بانکە عێراقییانە رۆڵیان هەیە لەو بە قاچاغبردنانە، چونکە وەک قەڵغانێک کاریانکردووە بۆ بەرگریی لەو لایەن و کەسایەتییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بانکانەی رێگریی مامەڵی دۆلاریان لێکراوە، ئازادیی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی بە دینار مامەڵە بکەن و دەتوانن بەهەر جۆرە دراوێکی دیکە بێت لە سیستمی بانکیدا مامەڵە بکەن جگە لەدۆلار.
بەهۆی ئەو بڕیارەی ئەمریکاوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نرخی دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ژیانی عێراقییەکان دەکات و نرخی کەلوپەلو و خۆراک لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە.