زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ، یەکشەممە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و وڵاتەکە دەبێتە تازەترین وڵاتی یەکێتی ئەوروپا، کە بەرەو سەرکردایەتی باڵی راستڕەوەکان هەنگاودەنیت. بەمەش وڵاتەکە روبەڕوی گۆڕانکارییەکی ریشەیی دەبێتەوە لە حکومڕانیدا، بەوپێیەی وڵاتەکە ماوەی پێنج ساڵە لەلایەن چەپەکانەوە حوکم دەکرێت.
لە دواهەمین راپرسی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کە دووشەممەى رابردوو بڵاوکرایەوە، پارتی جەماوەریی راستڕەو بە سەرۆکایەتى ئەلبێرتۆ نونیز فیجۆ، دەبێتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، بەڵام ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
ئەگەر ئەنجامی راستەقینەی هەڵبژاردنەکان بەمشێوەیەبێت، ئەوا پارتی جەماوەریی ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت و ناچار دەبێت لەگەڵ پارتی راستڕەوی توندڕەو بەناوی پاتی ڤۆکس حکومەتێکی هاوپەیمان پێکبهێنێت.
ئەو دوو پارتە هەڵبژاردنەکە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمڕانی “دیکتاتۆری” سەرۆکوەزیرانی سۆشیالیستی پێدرۆ سانچێز.
لەبەرامبەر ئەو دوو پارتەدا، پارتی سۆشیالیستەکان و پارتێکی دیکەی نوێ بە ناوی سومار بەیەکەوە 15 پارتی چەپیان لەدەوری خۆیان کۆکردووەتەوە، ئەمەش بۆیەکەمجارە لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا سیناریۆیەکی هاوشێوە هەبێت.
ئەم پارتانە لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا هۆشدارییان داوەتە دەنگدەران ئەگەر پارتی راسترەو حکومڕانی بگرێتە دەست، ئەوا مەترسی بۆسەر ئەو گۆڕانکارییانە دروستدەبێت، کە لەدوای روخانی دەسەڵاتی فرانسۆوە بەدەستهاتوون.
پەرلەمانی ئیسپانیا لە دوو ژوور پێکدێت، کە ئەوانیش کۆنگرێسی جێگرەکان و کۆنگرێسی سیناتۆرەکانن، بەهەردوو ژوورەکە 615 کورسی پێکدەهێنن. کۆنگرێسی جێگرەکان، کە سەرۆکوەزیرانی وڵات هەڵدەبژێرێت، لە 350 کورسی پێکدێت و کۆنگرێسی سیناتۆرەکان، کە کاریان پێداچوونەوەیە بەو یاسایانەی کە لە کۆنگرێسی جێگرەکان دەردەچێت و پەیماننامە باڵاکانى وڵات دەردەکەن و لە 265 ئەندام پێکدێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا کە لە کاتژمێر 9:00ى بەیانی بۆ 8:00ى ئێوارە بەکاتی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
ژمارەى دانیشتوانى ئیسپانیا نزیکەى 48 ملیۆن کەسە، 37 ملیۆن 500 هەزار کەسیان مافى دەنگدانیان هەیە.
سەرۆکی پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، خۆ ئەگەر بەتەنها نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ پارتێکی دیکە هاوپەیمانی بکات و حکومەت پێک بهێنێت.
بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە زیاتر پەیوەندیی بە کێبڕکێی ئایدۆلۆژییەوە هەیە، شارەزایان دەڵێن، دەنگدەران زیاتر کار لەسەر ئەوە دەکەن رێگریی لە کێ بکەن بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتەدەست، وەک لەوەی کێ دڵخوازیانە ببێت بە سەرۆکیان.
ئەم خولەى هەڵبژاردنى ئیسپانیا یەکەم هەڵبژاردنى سەردەمى مۆدێرنە کە لەکاتى گەرماى بەتیندا بەڕێدەدەچێت، بەشێک لە دەنگدەرانی وڵاتەکە نیگەرانی ئەوەن بۆچی هەڵبژاردنەکە لەو کاتە گەرمەدا بڕیاری لێدراوە.
لە راپرسییەکدا دەرکەوتووە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی حەزناکەن بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. بەگوێرەی راپرسییەکە، تا رۆژی دوو شەممەی رابردوو، 12.5%ی دەنگدەرانی وڵاتەکە یەکلایی نەبووبوونەوە، کە دەنگ بە کام پارت دەدەن.