زووم، AFP:
سارینا کە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستاندا وەکو شاگرد کاردەکات، نایەوێت جارێکی دیکە بچێتەوە بەرچاوان. ئەو یەکێکە لەو هەزاران کەسەی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کردووە دژ بە مەرگی ژینا ئەمینی، بەڵام سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سارینای پەلکێشی بەشێکی دیکەی کوردستان کردووە.
حەوت مانگە سارینای تەمەن 17 ساڵ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەژی، ئەو هەرێمەی خاوەنی ئۆتۆنۆمین و دیواریان بە دیواری ئێرانەوەیە.
سارینا بەیانیان لە کۆمپانیایەکی خانووبەرە چا بۆ میوانەکان دروستدەکات، ئێوارانیش شاگردی چێشتخانەیە، لەم دوو ئیشەوە مانگانە مووچەیەکی 800 دۆلاری دەستدەکەوێت و دەتوانێت کرێی شوقە و خەرجییەکانی رۆژانەی دەربهێنێت.
ئەو خانمە گەنجە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی تەواوەتی ئاشکرابکرێت، دەڵێت “خێزانەکەم ناچارن بوونی من لێرە قبوڵبکەن”، هەرچەندە ئەمە کارێکی سەختە و لەوبارەیەوە زۆر نیگەرانن.
لە ئەیلولی 2022دا سارینا سەردانی دایکی دەکات لە مەهاباد کاتێک هەواڵی مەرگی ژینا ئەمینی دەبیستێت. ژینا ئەو گەنجە تەمەن 22 ساڵە بوو، کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی حیجاب و لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیرکرا و پاش چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا.
سارینا هەر لە مەهاباد تێکەڵ بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بوو، کاتێکیش گەڕایەوە شنۆ لە چالاکییەکانی نەوەستا. بەڵام کاتێک سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەستیپێکرد، ئەو ناچاربوو خۆی بشارێتەوە.
سارینا رووداوەکانی ئەوکاتە دەگێڕێتەوە و دەڵێت “سەرەتا بیرم لەوەکردەوە دوو رۆژ لە ماڵەوە دووربکەومەوە، بە خۆمم گوت ئەگەر لەو دوو رۆژەدا پۆلیس نەهاتن کەواتە هیچ مەترسییەکەم لەسەر نییە و دەتوانم بگەڕێمەوە”.
لەو دوو رۆژەی دوورکەوتنەوەی سارینادا، پۆلیس دێنە ماڵیان و مامی دەستگیردەکەن. بۆیە لە مانگی 10دا ناچاردەبێت سنوور ببڕێت و لە هەرێمی کوردستان دەست بە ژیانێکی تاڵ بکات.
“دووریی لە وڵات”
سارینا تاوەکو ئێستاش دەمامکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبەستێت بۆئەوەی کەس نەیناسێتەوە. ئەو تەنانەت لە هەولێریش ترسی لە دەسەڵاتدارانی ئێران هەیە. بەڵام پێیوانییە بتوانێت دوورتر لە عێراق شوێنێکی دیکە بۆ ژیان بدۆزێتەوە.
سارینا دەڵێت “دوورتر ناڕۆم.. بۆ ئەوەی ئەگەر شتێک روویدا بتوانم زۆر بەخێرایی چاوم بە خێزانەکەم بکەوێتەوە.. راستییەکەی ناتوانم زۆر دوورتر لە وڵاتەکەم بژیم”.
ستەم و چەوساندنەوەکانی ئەمدواییەی ئێران شەپۆلێکی کۆچی بەرەو عێراق لێکەوتەوە. بەڵام قورسە ژمارەی ئەو کەسانە بزانرێت کە ئێرانیان بەرەو هەرێمی کوردستان جێهێشتووە، چونکە هەندێکیان بە ڤیزای گەشتیاریی هاتوون.
دەیان ساڵە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان کوردانی عێراق و ئێراندا هەیە “مەبەست لێی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە”. ئەوان لەهەردوو دیوی سنوورەوە بەهەمان زمان قسە دەکەن، خێزانەکان هێندە تێکەڵی یەکتر بوون، زۆربەیان ئەندامێک یان زیاتری خێزانەکەیان لە ناوچەکەی دیکەی دراوسێ دەژین.
ئێرانییەکان بەهۆی دۆخی سەختی وڵاتەکەیانەوە، کە گیرۆدەی سزاکانی ئەمریکان، بە گشتی کاتێک دێنە عێراق، دەچنە باکووری وڵاتەکە “هەرێمی کوردستان” و لەوێ کاردەکەن.
دەیان ساڵە گروپی چەکداری کوردی کە دژی دەسەڵاتدارانی ئێرانن، لە کوردستانی عێراق جێگیربوون. تارانیش زیاد لە جارێک بۆردومانی بنکە و بارەگای ئەو گروپانەی کردووە، بەوە تۆمەتباریان دەکات، کە بەرپرسن لە کاری ئاژاوەگێڕیی لە ئێران.
هەموو جارێکیش حکومەتی ئێران داوا عێراقی دراوسێی دەکات ئاسایشی سنوورەکان لەهەر پێشێلکارییەک بپارێزێت. تەنانەت بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانی هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر حکومەتی عێراق پابەند نەبێت بە چەککردنی ئەو گروپە چەکدارییانە، ئەوا لە مانگی 9ی ئەمساڵدا جارێکی دیکە هێرشیان دەکاتەوە سەر.
“ژیان بەبێ ئامانج”
مانگی یەکی ئەمساڵ فوئاد (ناوی خوازراوی گەنجێکی ئێرانییە) شاری پیرانشاری ئێرانی جێهێشت و چیا بەبەفر داپۆشراوەکانی سەرسنووری بڕی و خۆی گەیاندە هەولێر.
ئەو گەنجە تەمەن 27 ساڵە کە لە ئێران ئەندازیار بووە، ئێستا لە یەکێک لە فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکانی هەولێردا مۆبایل دەفرۆشێت. ئەوەی باشە خاوەنکارەکەی رێگەی پێدەدات لە فرۆشگاکەدا بخەوێت.
فوئاد دەڵێت “رۆژگار و شەوگار دێن و دەڕۆن و بەبێ هیچ ئامانجێک دەژیم”. وەکو خۆی دەڵێت، هەموو شتێکی لەئێران جێهێشتووە “کەسوکار، ماڵ، کارەکەم”.
فوئادیش بەهەمانشێوەی سارینا بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە. کاتێکیش برای یەکێک لە هاوڕێکانی دەستگیرکراوە، ئەمیش بۆ ماوەی 40 رۆژ خۆی شاردووەتەوە. فوئاد زۆر لەوە ترساوە ناوی بدرێتە دەست هێزە ئەمنییەکان “لەو ماوەیەدا هێزەکان دابوویان بەسەر ماڵەوەدا”.
فوئاد زۆر نیگەرانیی خێزانەکەیەتی “هەرکاتێک دایکم پەیوەندیم پێوە دەکات چاوی پڕدەبێت لە فرمێسک، باوکیشم بەهەمانشێوە”. سەرباری ئەوانەش، فوئاد بڕوای بەوە نییە بگەڕێتەوە بۆ ئێران “هەست بە دڵنیایی ناکەم، ئەگەر بگەڕێمەوە دەگیرێم”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری رابردوودا رایگەیاندبوو، نزیکەی 10 هەزار و 500 ئێرانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە هەرێمەکەدا دەژین. یەکێک لەوانە رزگار خەسرەوە، کە زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ هاوسەر و دوو کچەکەیدا لەهەولێر دەژی. ئەوان خەڵکی شاری مەریوانی کوردنشینن لە ئێران.
رزگار وەکو هاوسۆزییەک بۆ ژینا ئەمینی، یەکێک لە فرۆشگاکانی شیرینی ناوناوە ژینا ئەمینی و وێنەکەیشی بە دوکانەکەدا هەڵواسیوە.
ئەو پیاوە تەمەن 40 ساڵە دەڵێت “ژینا سیمبولی ئازادییە بۆ هەموو ئێران”.