عێراق و لوبنان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد تاوەکو بەغداد بڕێکی زیاتر لە رۆنی سوتەمەنی و نەوتی خاو بداتە بەیروت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا کە قەیرانێکی قوڵی لەو وڵاتە دروستکردووە، لەکاتێکدا عێراق خۆی بە دەست قەیرانی کارەباوە دەناڵێنێت.
نزیکەی دوو ساڵە لوبنان بەدەست نەبوون و کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبا دەناڵێنێت بەهۆی کەمیی سوتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا چونکە لە ساڵی 2019ـەوە ئەو وڵاتە کەوتووەتە ناو قەیرانێکی قوڵی ئابوری و داراییەوە.
ئەوە لەکاتێکدا عێراقییەکان خۆیان نەک دوو ساڵە، زیاتر لە 20 ساڵە بە دەست کەمی و نەبوونی کارەبا دەناڵێنێت و هێشتا دەسەڵاتداران چارەسەریان نەکردووە.
لێکتێگەیشتنەکە رۆژی هەینی لەنێوان حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و وەلید فەیاز، وەزیری وزەی لوبنان ئیمزاکرا بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 2021ی هەناردەی رۆنی سوتەمەنی بۆ ماوەی ساڵێکی تر، هەروەها عێراق بڕی ساڵانەش لە یەک ملیۆن تۆنەوە بۆ یەک ملیۆن و نیو تۆن زیاد دەکات، ئەوەش لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و شتومەکی لوبنان، بۆ نمونەی چاودێری تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.
لێکتێگەیشتنەکە هەروەها هەناردەکردنی ساڵانەی دوو ملیۆن تۆن نەوتی خاویش لەخۆدگرێت.
وەزیری نەوتی عێراق لەدوای ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنەکە گوتی، “ئەوە دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هات بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێویستی براکانمان لە رۆنی سوتەمەنی و نەوتی خاو بۆ پشتگیری لە کەرتی کارەبا.”
هاوکات وەزیری سوتەمەنی لوبنان ستایشی “هەڵوێستی حکومەت و گەلی عێراقی کرد بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردن لوبنان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سوتەمەنی وێستگەکانی کارەبا” و جەختیکردەوە کە “ئەوە جێگەی پێزانین و نرخاندنی گەورەی حکومەت و گەلی لوبنانە.”
مانگی ئایاری رابردوو، بەیروت چەند رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق ئیمزاکرد بۆ دابینکردنی سوتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دەرچوون لە قەیرانی کارەبا.
رۆنی سووتەمەنی یاخود رۆنی قورس لە پاڵاوتنی نەوتی خاو بەدەست دەهێنرێت کە گەرم دەکرێت لەناو فڕن یان بۆیلەر بۆ بەرھەمھێنانی گەرمی یان بەکاردێت لەناو بزوێنەر بۆ دروستکردنی وزە، لوبنان بۆ کارپێکردنی وێستگە کارەباییەکان بەکاریدەهێنێت کە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
بەهۆی داڕوخانی ئابورییەوە، قەیرانی کارەبا دۆخی هاوڵاتیانی تەواو سەختکردووە، بە شێوەیەک رۆژانە تەنها دوو کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان، چونکە دەسەڵاتداران ناتوانن سوتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا هاوردەبکەن.
لوبنان هەوڵی دا زیاتر لە 250 مێگاوات کارەبا لە ئوردنەوە بهێنێت و غازی میسریش هاوردەبکات بۆ ئیشپێکردنی وێستگە کارەباییەکان لە باکوری ئەو وڵاتە، بەڵام جێبەجێنەکران چونکە بانکی نێودەوڵەتی کە بەڵێنی پێدانی پارەی پڕۆژەکانی دا، چاکسازی لە کەرتی کارەبا کردووەتە مەرج بۆ پێدانی پارەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە عێراقیش خۆی بە دەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت چونکە پشت بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی دەبەستێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئێرانیش زوو زوو بڕی هەناردەی غازەکە لە مانگە گەرمەکانی هاویندا کەم دەکاتەوە بۆئەوەی فشار بخاتەسەر عێراق تاوەکو پارەی غازەکەی بدات کە بەهۆی سزای ئەمریکاوە بۆسەر ئێران، عێراق ناتوانێت پاکتاوی بکات.
دواجار لەم مانگەدا عێراق و ئێران رێککەوتنی غاز بەرامبەر نەوتی رەشیان ئیمزا کرد، بەوەش، ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق ئاساییکردەوە، بەڵام هێشتا قەیرانەکە چارەسەر نەبووە و رۆژانە کارەبای نیشتمانی چەندینجار دەبڕدرێت، چونکە عێراق تەنها 26 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێویستی بە 34 هەزار مێگاوات هەیە، ئەوەش بەپێی داتای وەزارەتی کارەبای عێراق.