زووم، ئاژانسەکان
دووشەممەی رابردوو ئاگری جەنگی روسیا و ئۆکراین، لە رێگەی چەند تەقینەوەیەک لەسەر پردی کریمیا بڵێسەی سەندەوە، کە بووە هۆی برینداربوونى منداڵێک و کوژرانى دایک و باوکى، هەروەها لەکارخستنی بەشێک لە پردەکە، کە بەم دواییە پردەکە کەوتبووەوە کار، دوای ئەوەی لە تەقینەوەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.
هەرچەند بەرپرسانی ئۆکراین بەرپرسیاریەتی تەقینەوەکەیان لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام “دڵخۆش” بوون، مۆسکۆش کیێڤ تۆمەتبار دەکات.
تەقینەوەکان کۆشکى کریملینی توڕەکردووە، کەواتە گرنگی ئەم پردە چییە؟
- پردەکە لە رووی ستراتیژیەوە گرنگە و ناوچەی کراسنۆداری روسیا بە نیمچە دوورگەی کریمیاوە دەبەستێتەوە، کە روسیا لە ساڵی 2014ـەوە دەستی بەسەردا گرتووە.
- پردەکە گرنگی دارایی هەیە، روسیا چوار ملیۆن دۆلاری لەپردەکەدا خەرجکردووە، درێژترین پردە لە ئەوروپادا، کە درێژییەکەى 19 کیلۆمەترە.
- پردەکە گرنگی رەمزی بۆ روسیا هەیە بەو پێیەی روسیا و ئۆکراین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. روسەکان وەک هێمای پێکەوەبەستنی ئۆکراین بە روسیاوە دەیبینن،. پوتین لە کاتی کردنەوەی پردەکە قافڵەیەکی گەورەی لەگەڵ خۆی بردبوو.
- پردەکە هێڵێکی گرنگە بۆ دابینکردنی پێداویستییە رۆژانەکانی نیمچە دوورگەی کریمیا، هەروەها دابینکردنی پێداویستیەکانی سوپا و دابینکردنی پێویستی و سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان.
- قافڵە سەربازییەکانی روسیا بە بەردەوام سودیان لەم پردە دەبینی لە ئۆپراسیۆنەکەیان دژ بە ئۆکراین.
- ئەگەر بەربەست دروستبکرێت بۆ ئەوەی سوپای روسیا نەتوانن پردەکە بەکاربهێنن، ئەوا هیڵی دابەشبوونی هێزەکانی روسیا لە باشوری ئۆکراین لێکدابڕاو دەبن.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 بەشێکی پردەکە داڕما، دوای تەقینەوەی تانکەرێکى سوتەمەنی، کە زیانی زۆری بە رێگاکە و پردەکە گەیاند و کریملین راستەوخۆ کیێڤی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە. پوتین ئەوکات گوتی، “ئەمە کارێکی تێکدەرانەیە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئۆکراینەوە کراوە”. مۆسکۆ راستەوخۆ دەستیکردەوە بە پرۆسەی چاککردنەوە و خستنەوەکاری پردەکە.