زووم:
هەواڵى بێبەشکردنى 14 بانکى عێراقى لە مەڵەکردن بە دۆلار هەر زوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە ناوەندە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی داگیرکرد، دواجار بانکى ناوەندیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، رێگریکردن لەو بانکانە پەیوەندى هەیە بە حەواڵەکانیان لە ساڵى رابردوودا بەرلەوەى سەکۆى ئەلیکترۆنى و کابینەى تازەى حکومەت دەستبەکارببن.
رۆژى چوارشەممە، رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بۆ یەکەمجار هەواڵى سزادانى ئەو بانکە عێراقییانەى لە زارى بەرپرسانى ئەمریکاوە بڵاوکردەوە، رایگەیاند، واشنتن سزاى بەسەر 14 بانکى عێراقییدا سەپاندووە و مامەڵەکردن بە دۆلارى لێ قەدەغەکردوون ئەوەش لە چوارچێوەى هەڵمەتێکى گشتگیردایە بۆ رێگریکردن لە بە قاچاغبردنى دۆلار بۆ ئێران.
بانکى ناوەندیی عێراق لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، لێکۆڵینەوە و وردبینى لە حەواڵە دەرەکییەکانى ساڵى 2022ى بانکە سزادراوەکان کراوە بە دیاریکراوى بەرلە کەوتنەکارى سەکۆى ئەلیکترۆنى، ئەو لێکۆڵینەوانەش بووەتە هۆکارى بێبەشکردنیان لە مامەڵەکردن بە دۆلار، بەڵام وردەکاریی سەرپێچییە یاساییەکانى ئەو بانکانەى ئاشکرانەکردووە.
لەگەڵ بڵابوونەوەى هەواڵى سزادانى ئەو 14 بانکە، نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق بە رێژەیەکى بەرچاو رووى لە بەرزبوونەوەکرد، نرخى 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە گەیشتە زیاتر لە 150 هەزار دینار، بەڵام بانکى ناوەندیی وەکو ئاماژەیەک بۆ بچووکى قەبارەى حەواڵە دەرەکییەکانى ئەو 14 بانکە، دەڵێت، بە هەر هەمووییانە تەنها لەسەدا هەشتى حەواڵە دەرەکییەکانى دۆلار لە عێراقەوە بۆ دەرەوە پێکدەهێنن.
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشداوە کە ئەم بڕیارە بە ماناى کۆتاییهاتنى کارەکانى ئەو بانکانە نییە، بەڵکو ئازادیی تەواویان هەیە بۆ مامەڵەکردن بە دینار و دراوە جیهانییەکانى دیکە جگە لە دۆلار.
کۆتاییەکانى ساڵى رابردوو لەسەر داواى بەرپرسانى ئەمریکا، بانکى ناوەندیی عێراق سەکۆى ئەلیکترۆنى خستەگەڕ بۆ فرۆشتنى دۆلار بە بازرگانان و هاوڵاتییانى عێراق کە بەگوێرەى ئەم سەکۆیە پێویستە هەر کەسێک کە داواى دۆلار دەکات بە وردەکارییەوە بیسەلمێنێت کە ئەو دۆلارانەى بۆچى مەبەستێک پێویستە.
بانکى ناوەندیی لە روونکردنەوەکەى ئەمڕۆیدا دەڵێت، سەکۆى ئەلیکترۆنى سەلامەتى و وردى حەواڵەى دەرەکى لە هەموو روویەکەوە مسۆگەر کردووە، بەڵام هەندێک بازرگان دوور لە سەکۆى ئەلیکترۆنى و رێوشوێنە یاساییەکان دۆلار بە مەبەستى بازرگانى یاخود شتى دیکە دەکێشنەوە ئەوەش بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخەکەى لە بازاڕى رەشدا.
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ناوى ئەو 14 بانکە عێراقییەى ئاشکراکردووە کە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغەکراوە ئەو بانکانەش بریتین لە:
بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی، بانکی قرتاسی ئیسلامی، بانکی تەیفی ئیسلامی، بانکی ئیلافی ئیسلامی، بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و دارایی، بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی، بانکی عەبرەالعێراق، بانکی موسڵ بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، بانکی ئەلراجیحی ئیسلامی، بانکی سۆمەری بازرگانی، بانکی سیقەی نێودەوڵەتی ئیسلامی، بانکی ئوری ئیسلامی، بانکی عالەم ئیسلامی و بانکی زەین عێراقی ئیسلامی.
رۆژنامەکە لە زارى بەرپرسانى ئەمریکا و بەرپرسانى ئێستا و پشووى عێراقەوە دەڵێت، بانکەکان و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو لە عێراق قازانجێکى زۆر دەکەن لە ئەنجامى مامەڵەکردن بە دۆلار بە بەکارهێنانى چەندین رێگەى ساختە و فێڵکردن.
تشرینى دووەمى ساڵى رابردووش وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا مامەڵەکردنى بە دۆلارى لە چوار بانکى دیکەى عێراقى قەدەغەکرد، هەروەها بە هەماهەنگى لەگەڵ بانکى ناوەندیی عێراق چەندین رێوشوێنى توندى بەسەر حەواڵە داراییەکاندا سەپاند.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمریکا زانیاریی بە دەستگەیشتووە کە بانکە عێراقییەکان لە سپیکردنەوەى پارە و فێڵکردن تێوەگلاون، بە دووریشى نازانێت کەسانێک کە لە لیستى سزاکاندان بەشدارییان تێدا کردبێت و ئێرانیش سوودمەندى ئەو مامەڵانە بووبێت.