زووم، ئاژانسەکان
موهەنا رۆژەکانی لە پشت سوکانی بارهەڵگرەکەیەوە بەسەردەبرد، کەلوپەلی لە بەندەرەکانەوە دەگواستەوە بۆ ناوچەکانى دیکەى سودان، بەڵام لەوەتەی جەنگ هەڵگیرساوە، موهەنا هاوشێوەى هەزاران سودانى دیکە بێکار بووە و کاتەکانی بەدەم خواردنەوەی قاوە و هەندێک شتى کات بەڕێکەرى دیکەوە بەسەردەبات.
بەر لە 15ی نیسانى 2023، واتە پێش هەڵگیرسانى جەنگ لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، موهەنا عەبدولرەحمان سەرقاڵى پیشەى شۆفێریى بوو، ئەو پیشەیەى کە 20 ساڵبوو لەگەڵیدا دەژیا، مانگانە چوار جار دەچووە کەنارەکانى دەریای سوور لە رۆژهەڵاتی سودان، بە بارهەڵگرەکەى کەلوپەلى دەگواستەوە بۆ ویلایەتە جیاوازەکانی سودان، بەڵام ئێستا کاتی زۆر لە چاوەڕوانى دەستکەوتنى کاردا بەسەردەبات.
موهەنا لەگەڵ سەدان شۆفێری دیکە لە قاوەخانەیەکی شاری “وەد مەدانی” دانیشتبوو کە 200 کیلۆمەتر لە باشووری خەرتوومەوە دوورە، ئەوان بەهۆى بێکارییەوە بارهەڵگرەکانیان لە بەردەم قاوەخانەکە راگرتبوو، یاری کۆنکەنیان دەکرد لەگەڵ خواردنەوەی چا و قاوە، بەهیوابوون بارودۆخ بگۆڕێت و ژیان ئاسایی ببێتەوە، چونکە وڵاتەکە سێ مانگە لە جەنگدایە و زیاد لە سێ هەزار کەس کوژراون و سێ ملیۆن کەسیش ئاوارەى ناوخۆ یاخود دەرەوەى سودان بوون.
موهەنا بە شەرقولئەوسەتی گوت، سێ هەفتە تێپەڕیوە بەسەر دوایین کاریدا کە بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەی کردوویەتى.
شارى وەد مەدانی، خاڵی بەیەکگەیشتن و کۆبوونەوەی سەدان هەزار ئاوارەی سودانییە بەتایبەتی ئەو کەسانەى لە خەرتوومی پایتەختەوە هەڵدێن، لە سەرەتای جەنگەوە ملیۆن و نیوێک کەس لە شارەکەوە هەڵاتوون.
جەنگ لەنێوان سوپا بەسەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەرۆکایەتی حمێدتی، بووەتەهۆی لەکارکەوتنى جوڵەی وشکانی بە رێژەی 90%، بەگوێرەى داتاکانی “ژووری گواستنەوەی سودانی”.
هەروەها جوڵەی هەناردەکردنیش پاشەکشێی کردووە، کە داهاتەکەی لە سەرەتای ساڵی 2023وە تا ئێستا 282 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا ساڵی 2021 تاوەکو هەمان وادە داهاتەکەى 2.5 ملیار دۆلار بووە بەگوێرەى داتاکانی “دەستەی بەندەرەکانی سودان”.
هەندێک لە شۆفێران هەوڵدەدەن بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن سەربارى جەنگ و بۆردومان لە ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت خەرتوومی پایتەخت و دارفۆر لە رۆژئاوای وڵات، بەڵام دەبێت بە رێگای جێگرەوەدا بڕۆن بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەکانى جەنگ، ئەمەش وادەکات کات و سوتەمەنى زیاتریان پێویست بێت.
محەمەد تیجانی پەنجا ساڵ کە وەک شۆفێر بۆ یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە کاردەکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، بەراورد بە پێش جەنگ، گەشتەکانیان بۆ بەندەرەکانى سودان 400 کیلۆمەتر دوورکەوتووەتەوە.
ئەم دوورییە بارگرانییەکی زۆرە بۆ شۆفێران، لەلایەکەوە کە تەواو پڕ مەترسییە، لەلایەکی دیکەوە سوتەمەنی زیاتریان پێویستە، سەبارى بەرزبوونەوەى نرخەکەى کە بەراورد لەگەڵ پێش جەنگ نرخەکەى 20 هێندە بەرزبووەتەوە.
تەنها شۆفێرى بارهەڵگرەکان نین کە بێکاربوون، بەڵکو بارودۆخەکە کاریگەریی لەسەر شۆفێرى پاسەکانیش هەیە، ئەوان لە سەرەتای جەنگدا هاوڵاتییانی پایتەختیان تا سەر سنوری سودان-میسر دەگواستەوە کە سەدان کیلۆمەتر دوورە، بەڵام ئێستا گەشتی پاسەکان تەنها بۆ نێوان ویلایەتەکانى وڵات کورتبووەتەوە.
حسێن عەبدولقادر کە شۆفێرێکی پاسە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، جاران لەسەدا 70ی گەشتەکان لەنێوان خەرتووم و ویلایەتەکان بوو، بەڵام ئێستا سەرجەم گەشتەکان بۆ ویلایەتەکانە “لەوەتەی جەنگ توندتر بووەتەوە چوونە نێو خەرتوومەوە زۆر قورس بووە”.
موعتەز عومەر، شۆفێرێکی دیکەی پاسە و دەڵێت، رێگای گواستنەوە سەخت و بێزارکەر و درێژە، گواستنەوە لەنێوان پایتەخت و وەد مەدانی بە جۆرێک سەخت بووە دەبێت چەند ویلایەتێکى دیکە ببڕیت تا دەگەیتە شارەکە.
بێجگە لە بارهەڵگر و پاسەکان، شەمەندەفەرەکانیش هۆکارێکی سەرەکی گواستنەوەی مرۆڤ و کەلوپەل بوون لەنێوان بەندەرەکان و بەشەکانی دیکەى سودان، بەڵام هێڵی شەمەندەفەری نێوان وەد مەدانی و خەرتوومی پایتەخت وەستاوە بەهۆی ئەو جەنگەى کە ئێستا هەیە.
بەرپرسێکی هێڵی ئاسنینی سودان بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، وەستانی ئەو شەمەندەفەرانەی کەلوپەلیان لە بەندەرەکانەوە بۆ بەشە جیاوازەکانی وڵات دەگواستەوە بەهۆی ئەوەیە کە دەبوو بە خەرتوومی پایتەختدا برۆن کە ئێستا گۆڕەپانی ململانێکەیە.
لەگەڵ چوونە نێو مانگی چوارەمی جەنگ، شۆفێران ترسیان هەیە توانایان نەمێنێت قوتی رۆژانەشیان پەیدا بکەن، دەترسن کۆمپانیاکان بەهۆی بێکاریی و راوەستانى کارەکانیانەوە چیدیکە مووچەیان پێنەدەن.
ئەم ترسە هەموو چین و توێژەکانى سودانى گرتووەتەوە، بەشێکیان گەیاندووە بە بڕوایەى لە وڵاتەکە هەڵبێن، بەگوێرەى ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان، بەهۆى جەنگە ناوخۆییەوەى سوپا و هێزەکانى پشتیوانى خێرا تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە وڵاتەکە ئاوارەبوون. شکاندنى ئاگربەستە کاتییەکانیش هێندەى دیکە ئاسۆى کۆتاییهاتنى جەنگەکەى نادیارکردووە.