زووم، ئاژانسەکان
پاشئەوەی روسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین لەرێگەی دەریای رەش کشایەوە، ئێستاش هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هەر کەشتییەکی ئۆکراین ئەگەر دانەوێڵەشی بارکردبێت بە چاوى کەشتیی جەنگیی دەیبینن و وایدادەنێن کە چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراین بارکردووە.
ئەم هەڕەشەیە لەکاتێکدایە 17ـى ئەم مانگە رووسیا لە رێککەوتننامەى هەناردەکردنى دانەوێڵەى ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیهان کشایەوە، بەڵام ئۆکراین رایگەیاندبوو بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەوام دەبێت لە هەناردەى دانەوێڵە لە بەندەرەکانییەوە سەربارى بەسەرچوونی رێککەوتننامەکە.
هەڕەشەکەى رووسیا لەلایەن وەزارەتى بەرگریی وڵاتەکەوە کراوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە کە کاردانەوەکانی بەرامبەر کەشتییەکانى دەریاى رەش چی دەبن، لەگەڵ ئەوەدا جەختیکردووەتەوە کە بڕیارەکە لە شەوی چوارشەممەوە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
رووسیا بە ئاشکرا هۆشداریی داوە کە سنورە نێودەوڵەتییەکانی دەریای رەش لە باکوور و باشوری رۆژهەڵاتی دەریاکە، بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ گەشتی دەریایی سەلامەت نابن.
ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا خۆراک وەک چەک بەکاردەهێنێت و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای رەش دەکات، دەشڵێت سێ شەوی یەک لەدوای یەکە رووسیا هێرشە دەکاتە سەر بەندەرەکانی ئۆکراین.
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین قسەکانى گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت هێرشەکانی رووسیا بۆسەر بەندەری ئۆدێسا بە مەبەستە و تائێستا نزیکەی 60 هەزار تۆن دانەوێڵەی لە ناوبردووە.
دوو بەرپرسى دیکەى ئەمریکا قسەیان لەبارەى پرسەکە کردووە و هۆشداریی دەدەن کە رووسیا بە نیازى پلانى دیکەیە پاشئەوەى لە رێککەوتننامەى دانەوێڵە کشایەوە، بەرپرسێکى باڵای کۆشکی سپی گوتوویەتى رووسیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر کەشتییە مەدەنییەکانی دەریای رەش و دواتریش هێزەکانی ئۆکراین تۆمەتباربکات.
هاوکات ئادەم هۆج گوتەبێژی ئەنجومەنی نیشتمانی ئەمریکا راگەیاند، زانیارییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووسیا مینی دەریایی زیاتری چاندووە بۆ بەئامانجگرتنی بەندەرەکانی ئۆکراین.
لەم نێوەندەدا ئۆکراین رایگەیاندووە کە پلانى دیکەى هەیە تاوەکو کەشتییەکانى بە سەلامەتى دانەوێڵەى وڵاتەکە بۆ جیهان بگوازنەوە، ئۆکراین بەنیازە رێگەیەکى کاتی تازە لەرێگەی رۆمانیا بکاتەوە کە یەکێکە لە دراوسێکانى ئۆکراین و دەکەوێتە سەر دەریاى رەش.
لە دوایین پێشهاتدا، جۆزێف بۆرێل بەرپرسى سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، روسیا بەرپرسیارە لە قەیرانێکی گەورەی جیهانی خۆراک، گوتیشى ئەم هێرشانەی روسیا بۆ سەر کۆگاکانی دانەوێڵەی ئۆکراین دەبێتە مەترسیی گەورە بۆسەر قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.
بەندەرەکانى ئۆکراین کە لێیانەوە کەشتییەکانى دانەوێڵە بە رێدەکەوتن، لە چەند رۆژى رابردوودا زیاتر بوونەتە ئامانجى هێرشەکانى رووسیا، تازەترین هێرشیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەبوو کاتێک هێرشێکى موشەکى کردە سەر بەندەرەکانی هەردوو شاری میکۆلایڤ و ئۆدێسا کە بە گوتەى بەرپرسانى ئۆکراین ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەکە بە تەواوى دیارینەکراوە.
هێرشەکەی سەر میکۆلایڤ گەراجێک و باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج و باڵەخانەکە ئاگری گرتووە. پارێزگاری شارەکە لە کەناڵی تەلەگرام بەبێ ئەوەى ئاماژە بە ژمارەکەى بکات رایگەیاندووە، هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوونى لە ریزەکانى هاوڵاتییانى مەدەنى لێکەوتووەتەوە، تەنانەت لەنێو بریندارەکاندا منداڵیش هەیە.