زووم:
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و ئاگریان تێبەردا، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک دژی دوایین بانگەشەی سەلوان مۆمیکا کە گوتبووی “جارێکی دیکە قورئان دەسووتێنم”.
سەلوان مۆمیکا ئەو پەنابەرە بە رەچەڵەک عێراقییەیە، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کۆپییەکی قورئانی لە سوید سووتاند، پاشئەوەی مۆڵەتی لە پۆلیسی وڵاتەکە وەرگرتبوو. دوێنێ چوارشەممەش رایگەیاند، دووبارە مۆڵەتی پۆلیسی وەرگرتووەتەوە بۆ ئەوەی بە یەک جار کۆپییەکی دیکەی قورئان و ئاڵای عێراقیش بسووتێنێت.
وەکو کاردانەوەیەکیش دژی سەلوان مۆمیکا، لایەنگرانی سەدر لەنیوە شەودا بە دەم هوتافکێشان و بەرزکردنەوەی ئاڵای رێبەرەکەیانەوە بەرەو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید چوون و دەروازەکەیان شکاند، چوونە ژوورەوە و ئاگریان تێبەردا.
سۆمەریە نیوز چەند دیمەنێکی نێو باڵیۆزخانەی سویدی بڵاوکردووەتەوە، کە لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتاوەتە سەری و ئاگریان تێبەرداوە، لە چەند لایەکەوە دووکەڵ بەرزبووەتەوە.
ئەمە جاری یەکەم نییە لایەنگرانی سەدر هەڵدەکوتنە سەر باڵیۆزخانەی سوید، پێشتر و چەند رۆژێک پاش سوتاندنی قورئان بەدەستی سەلوان مۆمیکا، لایەنگرانی سەدر لەسەر قسەی موقتەدا سەدری رێبەریان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەروازەی باڵیۆزخانەکەیان شکاند.
سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرە عێراقییەکەوە لە رۆژی 28ی مانگی رابردوودا کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. عێراق بە فەرمی داوای لە سوید کرد سەلوان مۆمیکای رادەست بکاتەوە تاوەکو بە گوێرەی یاسای عێراقی دادگایی بکرێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان ئیدانەی کردەوەکەیان کرد.
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامییش بڕیارنامەیەکی دژی رقلێبوونەوەی ئاینی پێشکەشی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.