زووم، سلێمانی:
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و پێشنیازی بۆ کردن هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 18ی شوباتی 2024دا بەڕێوەبچێت، چونکە ئەوان ناتوانن بەر لەو وادەیە سەرپەرشتیی هیچ هەڵبژاردنێکی دیکە بکەن.
ئێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە 18ی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێم بە فەرمی داوای لە کۆمسیۆن کردبوو سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە رۆژێکیان بۆ دیاری بکەن.
سەرۆکایەتیی هەرێم پێی باشبوو کۆمسیۆن رەزامەندیی نیشانبدات هەڵبژاردنەکان لە 18ی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، یاخود لانیکەم بکەوێتە 18ی 12 و هەردوو هەڵبژاردنەکە لە یەککاتدا بەڕێوەبچن. بەڵام کۆمسیۆنی عێراق رەزامەندیی لەسەر هیچکام لەو دوو رۆژە نیشان نەدا.
کۆمسیۆنی عێراق لە نووسراوێکدا کە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی ناردووە، داوای لێبووردنی کردووە کە ناتوانن لە یەککاتدا هەردوو هەڵبژاردەکە ئەنجامبدەن، بەڵام پێشنیازی کردووە لە 18ی شوباتی 2024 ئەنجامبدرێت.
بە گوێرەی نووسراوەکە، کۆمسیۆن تۆپەکەی خستووەتە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستانەوە، پێی گوتوون ئەگەر دەتانەوێت هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەکەوێت، ئەوا پێویستە فەرمانی هەرێمیی دەربکەن و پرۆسەکە لە 18ی شوبات بەڕێوەبچێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەرێم دوابکەوێت لە دەرکردنی فەرمانی هەرێمیی ئەوا ئەوانیش کاتێکی درەنگتر دادەنێن، بەوپێیەی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان کاتی دەوێت.
بەسەرچوونی وادەی کۆمسیۆنی عێراق دەبێتە بەربەست؟
یەکێک لەو کێشانەی دێتە بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەدا، بەسەرچوونی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە.
کۆمسیۆنەکە لە 7ی 1ی 2024 بەسەردەچێت و پێویستە پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە پەسەندی بکاتەوە.
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەنگە ئەوە گرفتێکی گەورە نەبێت و پەرلەمان بتوانێت بەر لەو وادەیەش کۆمسیۆنی تازە پەسەندبکاتەوە “بۆیە پێناچێت ئەمە ببێتە گرفت”.
دارا سێکانیانی بە زوومی گوت، پەرلەمانی عێراق ئەرکیەتی لەو کاتەدا کۆمسیۆنی تازە پەسەندبکاتەوە، چونکە جگە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشیان لەپێشە و ناکرێت کۆمسیۆنێکی ماوەبەسەرچوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەندبکات.